بەرەو حکوومەتێکی بەهێزی کوردستانی
غازی حەسەن
هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان رێگە نەخشەیەکی دیکەی سیاسی لە کوردستان نیشان دەدات، هەنگاوەکانی یەکەمین کۆبوونەوەی سوێند خواردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٦ی ئۆکتۆبەر بەرێوەچوو، هەرچەندە لەم کۆبوونەوەیەدا سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان رانەگەیندرا. بەڵام ئەم هەنگاوە کوردستان لە بۆشایی شەرعی و سیاسی دووردەخاتەوە و هەنگاوەکانی کارکردن و پەرەپێدانی رێکخستنی بەرێوەبردن و ئیدارەی سیاسی و یاسایی بەرەو رێگەی دروست دەچن.
دوای ئەوە دەستکراوە بە کارکردن بۆ چۆنیەتی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی کوردستان، چاودێرە ناوەخۆییەکان هەنگاوەکانی ئێستەی حکوومەت بە سەخت و پڕ لە کێشە و ناکۆکی دەبینین، رەنگە کاتێک مرۆڤ دیقەتی گوتاری راگەیاندن و فشارە سایکۆلۆژی و ئایدیۆلۆژییەکانی ئۆپۆزسیۆن دەدات، هەست بە نائومێدی و رەشبینی بکات، چونکە لە ئێستەڕا بانگەشەی کۆمەلێک مەرج و سیاسەتی مەرجداری حزبی دەکەن بۆ بەشداری لە حکوومەتی ئایندە.. تەنیا بە ئاراستەیەک قسە دەکەن، ئەگەر بەرنامەی حکوومەتی ئایندە لە گەڵ خواست و ویست و بەرنامەی حزبی ئەوان نەیەتەوە، ئیدی ئەوان بەشداری ناکەن، واتە دەیانەوێت لە روانەگی تایبەتی خۆیان سەیری مەسەلەکان بکەن، بەشەکەی دیکەی کوردستان و پێگەی لایەنەکانی دیکە رەچاو ناکەن، ئەم دا نیشان دەدات ئەگەر ئەو لایەنانە بەشداریان لە حکوومەت نەکرد، دەیانەوێت بە خەڵک بڵێن، ئیدی هیچ دەسەڵاتێک شەرعیەتی نابێت ئەگەر ئێمەی تێدا نەبێت. دیارە ئەم گوتارە ئەگەر تام و بەرنامەی فشاری لێدەربهێنێت، ئەوەی دیکەی بە تەواوەتی بە راکردن بەرەو گۆشەیەکی داخراو دەچێت.
کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێم ئەگەر ئەمجارە ئەرکەکانی لەبەر دەرکەوتنی توندتری ئۆپۆزسیۆن و وەئاگا هاتنی پتری هاووڵاتی لە هەڵبژاردنی کاندێدەکان و گەشەکردنی خێرای خواست و ویست و بەرنامە خزمەتگوزارییەکانی خەڵک، هەندێک قورستر بێت، هەروەها ناکۆکی سیاسی لەژێر گوشاری ناوەخۆیی و گۆرانکارییە هەرێمایەتییەکان توندتر دەربکەون، لەهەمان کاتیشدا بە کاندێکردنەوەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و راسپاردنی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان، رەنگە هۆکارێکی زۆر ئیجابی بێت بۆ سەرکەوتنی ئیدارەکردنی ناکۆکی و بەرێوەبردنی حووکمداری لە کوردستاندا. سەرباری ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەم هەلومەرجە نوێیەی دوای هەڵبژاردنەکان و کەمبوونەوەی کورسییەکانی بۆ هەژدە کورسی، ئەرکی پارتی دیموکراتی کوردستان قورستر بکات لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ ئۆپۆزسیۆن و هەروەها هاوپەیمانە ستراتیژەکەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.
وەکو گوتمان هێشتا هیچ بڕیارێکی فەرمی دیار نییە، پارتی کە براوەی یەکەمی ناو لیستەکانە لەگەڵ کێ و چۆن هاوپەیمانی دەکات، بەڵام پێناچێت یەکێتی لە گۆڕەپانی سیاسی بە تەنیا جێ بهێلێت، و بایەخ بە هەموو لایەنەکانیش لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش دەدەن، هەرچەندە هەندێک کەس و لایەنی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت رێککەوتنی ستراتیژی بکەنە هۆکاری سەرەکی شکستی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا. بەڵام لە راستیدا ئەمە لێکدانەوەیەکی نادروستە، چونکە هەموو کوردستان سودی لەم رێککەوتنە ستراتیژییە لە هەموو ئاستەکان وەرگرتووە.
گرینگ هەرێمی کوردستان پێویستە بەرەو پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز هەنگاو بنێت، وەکو چۆن دەبێت لەگەڵ کێشە دەرەکی و پێشهاتە دەرەکییەکان بە وردی و دووربینانە مامەلە بکات، پێویستە لە ناوەخۆش پەرە بە بنەماکانی دیموکراسی و کرانەوەی زیاتر لەروی میدیا و رۆژنامەوانی و مامەلەکردن لە گەڵ خواست و داواکانی ئۆپۆزسیۆن بکات، نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت چاکسازی و کرانەوە و شەفافیەت دەبێت وەکو ئەرکێکی نیشتیمانی و بیناکارانە مامەڵەی لە گەڵ بکرێت. بۆیەشە دەکرێت گەشبینانە سەیری قۆناغی داهاتوو بکرێت، چونکە سەرۆک وەزیرانی ئێستە کە راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، دەتوانێت لە گەڵ کێشەکان بە نەرمی و بە کراوەیی مامەڵە بکات، کە ئەمەش رەنگە خاڵی هاوبەشی هەموو لایەنەکان بێت بۆ قبوڵکردنی حکوومەتی ئایندە، هەرچەندە ناکۆکییەکانیش زۆرن.




