گۆڕان حزبەکەی مەریخ
شێرکۆ نوری
لە رۆژهەڵاتدا هەندێک کەس و لایەن لە پەنای ئازادیەک کە بە خوێن و خەباتی دەیان ساڵی تێکۆشانی جەماوەر بەدەستهاتووە و بەناوی مۆدێرن بوون دەیانەوێت چەواشەکاری لە هەموو بوارێک بکەن و تەنیا دەگەنە ئەوەی ئەو شتانەی ئەوان دەیڵێن و دەیڵێنەوە ئەگەر خەڵکی بەدوا نەکەوت ئیدی ئەو کۆمەڵگەیە کێشەی لە بزاڤتن و پێشکەوتن تێکەوتووە و خەڵکەکەشی نەخۆشە. واتە دەبێت هەموو خەڵک و لایەنێک لە گۆشەنیگا و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەوان بئاخڤن و بیربکەنەوە و بەدوایان بکەون و بە هەموو شتێکیان بڵێن ئامین، ئەگەر جێگەیان لە مەریخی حزبایەتی ئەوان لەنگ دەبێت و نامۆ دەبن.
دوای لەخۆبایی و بوون کاردانەوە هیستریاییەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لە دوای هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان و راست و چۆپ بانگەشەکردن بۆ گرتنەدەستی هەندێک پێگە و پایەی دەسەڵات، بێ رەچاوکردن و چاوەڕوانکردنی پرۆسەی سیاسی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (حکوومەتە حزبییەکەی پارتی و یەکێتی) ناو دەبەن، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی راشکاوانە رایانگەیاندووە کە رێگە بە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ هەرێمی دیکە نادەن. بۆیەشە گۆڕان لە جیاتی ئەوەی رێز لە یەکریزی و کاری هاوبەش و گەڕانەوە بۆ مەنتیق و رەچاوکردنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراسی و یاسایی لە چۆنیەتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بکەن، راشکاوانە و بە ئاشکرا دەیانەوێت سلێمانی بکەنە هەرێمێکی سەربەخۆ، دیارە ئەمەشیان لە پێناو بە حزبی کردنی رەوشە سیاسییەکە، نەک خەمخۆری و پێشخستنی شاری سلێمانی. یا وەکو ئەوان روبەی خۆیان دەیانەوێت پێوانەی دیموکراسی بکەن.
گرینگ ئەگەر یەکێک پاشخان و پێکهاتەی بزوتنەوەی گۆڕان نەزانێت، وا دەزانێت ئەم بزوتنەوەیە (حزب ) نییە و چەشنە بوونەوەر و جانەوەرێکی مەزن و شایستە و فریادرەسە و تازە لە مەریخ دابەزیوە و دەیەوێت کۆمەڵگەی کوردستان لە حزبایەتی و کابوسی حزبایەتی دەرباز بکات!!! لەکاتێکدا کە خودی بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت مۆدێلی تاکڕەوانەی حزبی بە مۆدێلێکی مەریخانە تایبەت بە خۆیان و سواقدراو بە (رەخنە و هێرشکردنە سەر لایەنەکان) بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپەنێت. چونکە ئەوان راشکاوانە دەڵێن ئیدی هەر بزاڤ و حکوومەت و پرۆسەیەکی سیاسی و رۆشنبیری بە پێی (بەرژەوەندی حزبی گۆڕان و لە خزمەتی بەرنامەی ئەوان و بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەوان) نەبێت، کارێکی فاشلە و ئێمە رەتیدەکەینەوە. واتە هەرچی لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەیکەن، حزبایەتی بەرتەسک و لە قاڵبدانی کۆمەڵەگەیە لەلایەن پارتی و یەکێتی، وای دەرازێننەوە کە ئەوەی ئەوان و هاو بیرەکانیان دەیکەن، نیشتیمانپەروەریی و کارێکی تاقانەی نوێیە لە کوردستاندا.. دەبێت هەموو لایەک ملکەچیان بن. جا گرینگ نییە ئەو ملکەچییە لە پێناو چی و بۆ کێ و بۆ کامە لایەنە؟!! پرسی هەر گرینگ ئەوەیە، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت لە مەریخەوە مۆدێلێکی فرەخاس و بێ هاوتا و دوور لە خەوش و حزباندنی ئاراستە و رەوشی گشتی دابهێنێت و لەژێر ئەم مەریخیی خۆ بە زل زانینەدا بە گوریس پێوانی دەسکەوتەکان و حکوومەتی کوردستان کە دژی لەتکردن و دابەشکردنی هەرێمی کوردستانە بۆ سەر هەرێمی جیا بکات، بۆیەشە حکوومەتی کوردستان کە پێداگری لەسەر یەکبوونی نەتەوە دەکات بە حکوومەتە حزبییەکەی پارتی و یەکێتی ناودەبەن؟.
یاخود گۆڕان دەیەوێت مەریخ بکاتە پێگەی سیاسی خۆی و هەرچی لەدەرەوەی مەریخە حزبییەکەی ئەوان بێت، ئیدی دەبێت تۆمەتبار بن. لە کاتێکدا گۆڕان بەم بانگەشە و هەنگاوە ترسناکەی دەینێت، دەیەوێت کۆمەڵگەی کوردستان دابەشی سەر حزبایەتی بکات، واتە مەریخی مۆر ئیدی ژیانی بۆ هەموو رەنگێکی دیکە بە کوفر دەزانێت. بزوتنەوەی گۆڕان وای داوەتە بەردەمی داس خۆی، ئەمجارە هەموو شتێک بە مەرج و بە شەرتی مەریخە حزبییەکەی ئەو دەبێت، بەڵام پێدەچێت چەقۆکەیان هێندە کول بێت، برینەکانی بەهەرێمکردنی سولێمانی تا هەتایە لە مەریخەی گۆڕان بمێنێتەوە.
ئەگەر داکۆکی لە یەکپارچەیی کوردستان حزبایەتی بێت، کەواتە ئەو لایەنانەی بڕوایان بە یەکپارچەیی و یەکێتی نەتەوەیی و یەکڕیزی گەلی کوردستان هەیە، باشترین حکومداری کوردستانی و نیشتیمانی دەکەن.. بە پێچەوانەش ئەو لایەن و کەسانەی پێیان وایە لە بچووک بوونەوە و لەتبوون و دابەشبوون گەشەدەکەن و سەرفراز دەبن، لە مەریخی حزبایەتی و تۆباویەتی خۆ بە گەورە زانیین دەخنکێن.




