سروودی نیشتمانی
سهلام عهبدوڵا
لە یەكەمین دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمان، لە كاتی لێدانی سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب، هەندێك پەرلەمانتاری سەر بە كۆمەڵی ئیسلامی وەك نەریت و رێز لە سروودی نیشتمانی كوردستان لە جێی خۆیان نەجوڵان و هەڵنەستانە سەرپێ. ئەمە یەكەمین جارنییە ئەم دیاردەیە لە پەرلەمانی كوردستاندا دەبینرێ، چونكە پێشتریش ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەبەر ئەم سروودە نیشتمانییە هەڵنەستایە سەرپێ، ئەگەرچی هەمان ئەمیر بۆ سروودی نیشتمانی عێراقی رێزی تەواوی نواندو و لە بەغدا بە رەزەپێ لێی هەستایە سەرپێ. سروودی نیشتمانی بۆ تاكەكەس و بۆ تاكە حزب و بۆ تاكە ئایدۆلۆژیا نانووسرێت، سروودی نیشتمانی بۆ هەموو گەلە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بۆیە دەبێ هەموو، بەتایبەتی ئەوانەی دەبنە ئەندام پەرلەمان ئەم نەریتە نەشكێنن و پەیڕەوی یاسای پەرلەمان بكەن. لە زۆر وڵات ئەوانەی بێ رێزی بەرامبەر سروودی نیشتمانی دەنوێنن جا ئەندام پەرلەمان بێت یان كەسێكی ئاسایی، ئەوا رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و سزاش دەدرێ بۆ نموونە لە فەڕەنسا. گەر ئەم برادەرە ئیسلامیانە وادەزانن پەرلەمان شوێنی بانگخوازیی و عیبادەتە، ئەوا بە هەڵەداچوون، پەرلەمان، بۆ داكۆكیكردنە لە مافەكانی خەڵك و دانانی یاساو چاودێری كارەكانی حكوومەت و هیچ لایەكیش بۆی نییە، بیروڕای خۆی بە زۆر بسەپێنێ، هەڵگری هەر چ بیروباوەڕێك بێت، چونكە لە پەرلەمان زۆرینە بڕیاردەدات، هەر لەبەر ئەوەش هەڵبژاردن دەكرێ بۆ ئەوەی بزانرێ لە نێوان دوو هەڵبژاردندا كێ حوكمڕان دەبێ و كێش یاساكان دادەڕێژێ. سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب وا بۆ زیاتر لە 60 ساڵ دەچێ، وەك نەریت، لە هەموو پارچەكانی تری كوردستانیش حسابی سروودی نیشتمانی بۆ دەكرێ. هەركاتێك زۆرینەی پەرلەمانیش بڕیاری لەسەر گۆڕینیدا، ئەوا سروودێكی تر دادەنرێ، بەڵام تا ئەوكاتە ئەوەی دەچێتە پەرلەمان دەبێ رێزی ئەم سروودەی ئێستا بگرێ و بێ رێزی بەرامبەر بە هەڵنەستان نەنوێنێت و ئەوەی دەشیكات واتا رێزی بۆ پەرلەمان و بۆ یاسا و بۆ حكوومەت و بۆ هەستی نەتەوایەتی ئەم گەلە كۆڵنەدەر و قوربانیدەرە دانانێت، چونكە هەمووان دەزانین هەزاران كەس چووە ژێرە پەتی سێدارە لەگەڵ چڕینی ئەم سروودە نیشتمانییە هەست هەژێنە.




