٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هەمووان لە بن چەتری بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا

سەرچاوە: KDP.info

هاودەنگ فارووق

بڕیارە ئەمڕۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و ئەندامانی هەڵبژێردراو سوێندی یاسایی بخۆن، هەروەك لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشدا هاتووە، بەتەمەنترین ئەندامی بەشداربوو لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكایەتیی كاتیی دەكات، تا لەبەر رۆشنایی رێككەوتنی قەوارە سیاسییەكاندا سەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرێن.

ئەنجامەكانی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو ڕاستییەیان بۆ هەموو لایەك سەلماند كە لە كوردستاندا حزبی جیاواز و فرەئایدیای راستەقینە و، دەنگ و ڕەنگی جیاواز هەن، بەڵام بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانیش هەن ،ئێستا هەست دەكرێت لایەنەكان بە تەواوی گەیشتبنە ئەو بڕوایەی كە دەتوانن هەمووان لە بن چەتری ئەو ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانیانەدا كۆ ببنەوە و ئاشتیی كۆمەڵایەتی، ئاشتیی نێوان دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن و نێوان چین و توێژ و پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی كوردستان لە بۆتەی پێكەوەسازان و پێكەوەكاركردندا زاخاوی كاری ئێستا و داهاتوویان بدەن.

دەكرێت هەموو لایەنەكان لە ئاستی بەرپرسیارێتیی خەڵك و دەنگدەری خۆیاندا بن و بیسەلمێنن كە ئەگەر پێویستی كرد حزبە جیاوازەكانی كوردستان توانای ئەوەیان هەیە، بۆ پرسە چارەنووسسازەكان تەعبیر لە یەك ئیرادەی یەكگرتوو و یەكڕیزی و پێكەوەیی بكەن، هەروەك هەموو لایەنەكانیش رابردوویەكی تاڵ و شیرین و ئەزموونیشیان لەو بارەیەوە هەیە، حزب و لایەنە سیاسییەكان چ لە دەستەڵات و یان ئۆپۆزسیۆن هەر یەكەیان خاوەنی خەبات و پێگەیەكی تایبەتی خۆیانن، بە تایبەت ئۆپۆزسیۆن كە ئەزموونێكیان لە دەرەوەی دەستەڵاتدا وەرگرت، تەخسیریشیان لە جۆرەها ڕەخنە و گلەیی و هێرش بۆ سەر كارەكانی دەستەڵات نەكرد.

ئێستا لە هەموو كات زیاتر سەردەمەكە لە هەموو لایەنەكان دەخوازێ، تواناكان كۆ بكرێنەوە و پێشوازی بكرێن لە پێناوی پێكەوەكاركردن لە خزمەتكردن و بووژاندنەوە و زیاتر پێشخستنی كاروانی ئاوەدانكردنەوە لە هەرێمی كوردستاندا، لە بەهێزكردنی یەكگوتاری سیاسی بەرامبەر بەغدا و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی تێرۆریزمدا لە ڕووبەڕووبوونەوەی كەموكوڕییەكانی نێوخۆدا.

كوردستان هێشتا پێویستی بە ئیرادەی پێكەوەیی هەیە كە لە لایەن لیستی براوەی هەڵبژاردنیش كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەمان ئەو نەفەس و نیەتە بەدی دەكرێت، دەبێ ئەمجارە كوردستان بۆ هەموو دۆست و دوژمنان بیسەلمێنێ كە ئەگەر لە نێوخۆیشیدا جیاوازی هەبێت، بەڵام لە چوارچێوەی نەتەوە و نیشتماندا هەمووان پێكەوەن.

هەواڵی پەیوەندیدار