٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دوو ڕاستیی تاڵ و نووكـــتەی هەفتە

سەرچاوە: KDP.info

عەبدولڕەزاق عەلی

تەبیعەت وەك سەرەتانە چاك نابێت". "فرچكی پێوە گرتووە". "دەڵێی بەشیرەوە خواردوویەتی". "خوویەك گرتت بە شیری، تەركی ناكەی بە پیری". جاران، لە سلێمانی، خەڵكەكە بۆ ئەوەی بڵێن فڵانە كەس تەبیعەتی خراپە و مەحاڵە چاك بێتەوە، بەم چەند ڕستە و پەندە، تەعبیریان لە بۆچوونی خۆیان دەرهەق بەو كەسە دەكرد. ئێستێ، بە زمانی ئەم سەردەمە دەگوترێت: بونیادی كەسێتییەكە ئەوهایە، یان: ئەوە كلتووری فیسارە كەسە.

هەموو ئەمانە بۆ وەسفكردنی كەسێتسی نەوشیروان مستەفا و پێوەندیی لەگەڵ تێڕوانینێكی دواكەوتووانەی ناوچەگەرێتیدا، ڕاستە و تەواو دێتەوە.

جارێكی تر، نەوشیروان مستەفای ڕێكخەری گشتیی هەڵنەبژێردراوی حزبی كۆنگرەنەبەستووی گۆڕان (بەڕێز بابەكر دڕەیی، سەرۆكی كۆمپانیای وشە، لە دیمانەیەكی "ڕووداو"ـدا دەڵێت، نەبەستنی كۆنگرەی بزووتنەوەی گۆڕان، كارێكی نایاساییە. دڕەیی جارێكی تریش دووپاتی دەكاتەوە كە هەموو كاروبار و بڕیارێكی گۆڕان لە دەستی شەخسی نەوشیروان مستەفادایە)، گەڕایەوە سەر سەنعاتە كۆنەكەی. لە كۆكردنەوە (ئاخر ئەو گردبوونەوانەی نەوشیروان مستەفا بە جەماعەتەكەی دەكات، بە مانای وشەكە، كۆبوونەوە نین، كۆكردنەوەن، چونكە برادەران لە حزووری ڕێكخەردا، هەمووی دەمیان دەچێتە كلیلە و نوتق ناكەن، تەنیا ڕێنوێنیی "ڕابەری گشتی" وەردەگرن و دوای تەلقینەكەش لۆژلۆژ هەركەس بۆ ماڵەوە)، دەڵێم ڕێكخەری گشتی لە كۆكردنەوەی مەكۆ و شتەكانی گۆڕاندا، دەڵێت، ئەوە سێ هەڵبژاردنە، سلێمانی دەبەینەوە و دەسەڵاتی شارمان تەسلیم ناكەن!!

ناچێتە عەقڵەوە، نەوشیروان، پاش ئەوەندە ساڵە خۆخەریككردن بەسیاسەتەوە، هێندە فێر نەبووبێت، هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەنگوقورسایی ئەم هێز و ئەوی تریان لەو شار و لەم دەڤەرە، پێوەندی بەدەسەڵاتی ئەم شار و ئەو شارەوە نییە. هەڵبژاردنی پەرلەمان، بۆ ئەوەیە خەڵك بڕیار لە دەسەڵاتی سەرلەبەری وڵات بدەن. بڕیاری ئەوەی كێ دەسەڵاتدار و والی فڵانە شار و فیسارە ناوچە بێت، لە دەستی هەڵبژاردنە نێوخۆییەكاندایە، هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و شارەوانییەكان دیاریان دەكەن. ماقووڵە، جەنابی ڕێكخەری گشتی ئەم ئەلف و بێیەی سیاسەت و سیستمە دیموكراسییەكان نەزانێت؟! یان چاك دەیزانێت، وەلێ برادەرانی خۆی لە خشتە دەبات، برادەرەكانیشی "صم بكم عمی وهم لایعقلون"ن.

هەر كەسێك پێیوایە، غەدر لە ئامادەبووانی كۆكردنەوەكە دەكەم، با دیقەتێك لە وێنەكانی بدات، بزانە دیمەنەكانی، چۆنێتی دانیشتن و ئەو كپی خامۆشییەی شوێنی كۆكردنەوەكە چەند لەو كۆبوونەوانە دەچێت كە پاشاكان بەدەستوپێوەندەكانیانی دەكەن.
ئەوە هەفتەی پێشووتریش، حەمە تۆفیق ڕەحیم، سیاسەتكردن لە كوردستاندا زۆر عەنتیكە بۆ ئاستی شەڕەگەڕەك دادەبەزێنێت و دەبێژێت: ئەگەر بادینان لە كوردستان دەركەین، گۆڕان یەكەمی كوردستانە!!. تو ویژدانتان، ئەم قسەیەی حەمە تۆفیق و ئەوانەی ڕێكخەرەكەی خزمی، ئەوپەڕی ناوچەگەریی و دواكەوتوویان لێ ناچۆڕێت؟ توخوا ئەوە مەنتیقی پیاوی سیاسەت و دەوڵەتە، یان هی چەقۆكێشەكانی پەنجاكان و شەستەكانی گەڕەكەكانی سلێمانییە، ئەوانەی سیلەی كۆڵانیان دەگرت و مۆڕەیان لە هەر كەسێكی غەوارەی نێو كۆڵانەكانی گەڕەك دەكرد. ئاخر ئێستێ لە یاڵەكەن سلێمانیان هێناوەتە گازوگیر، ئاخۆ ببنە حاكم و بكوژوببڕی شار دەبێ چ حەشرێك بەو خەڵكە بكەن.

دوو ڕاستیی تاڵ:
* لە هەڵبژاردنەكانی سەندیكای پارێزەرانی كوردستاندا، ئەو ڕاستییە تاڵەی تێكڕای هەڵبژاردنەكانی پێشووتری كوردستان سەلمایەوە: حزبەكانی كوردستان، هەڵبژاردنیان بەشەرتی بردنەوە قبووڵە. ئەگەر بردیانەوە، لێی پاك و بێگەردتر نییە، گەر دۆڕان، پارتی تەزویری كردووە!! نازانم چۆن لەڕوویان دێت بەخەڵك بڵێن تەزویرچی لەكاتێكدا: لیستەكەی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن هەر ناوەكەیان تەزویرە: لیستی پارێزە سەربەخۆ و بێلایەنەكان؟ لەوەش تاڵتر، هەر هەموویان لە بنەوەڕا، سەریان نابوو بەیەكەوە بۆ ئەوەی كاندیدەكانی پارتی لە ئەرد بدەن. لەسەرەوە هاوپەیمان، لە ژێریشەوە، گەلەكۆمەكێ لەگەڵ ركابەرەكان.
* بەیاننامەیەكی پڕ لە تۆمەت و تەشهیبر بەتایبەتی دژی پارتی و پروپاگندەی هەرزان بۆ گۆڕان و پاشكۆكانی بەناوی (بانگەواز) و بەئیمزای چەند نووسەر و ڕۆژنامەنووسێكی خۆ بەبێلایەن پێشاندەر بڵاو كراوەتەوە. وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە، بەیاننامەكە درێژەی جنێوفرۆشییەكانی پێشووە و دەچێتە چوارچێوەی ئەو شاڵاوە ئیعلامییەی لە یاڵەكە بۆ پاش ئەنجامەكانی هەڵبژارن لە دژی پارتی و بەرژەوەندیی یاڵەكە پلانی بۆ داڕێژراوە، بەڵام بۆچی ئەو برادەرانە لەبیریان چووە، بەئیملا و ڕێنووسی ڕێكخەری یاڵەكە نەنووسن تا هیچ نەبێت وا خۆیان فەزح نەكەن؟ ئاخر ئەو جۆرە ڕێنووسە عەنتیكەیە، تایبەتە بەیاڵەكە.

تاقە دوو پرسیاری چكۆلانەش لەو كەسانە دەكەم كە (بانگەواز)ەكەیان ئیمزا كردووە:
- ئەگەر گۆڕان و پاشكۆكانی براوە بوونایە، داوای حكوومەتی شەراكەت و پێكەوەژیان و ئەم قسە گەورانەتان دەكرد؟

- پارتی براوەی یەكەمە، بەپێی یاسا و پرنسیپە دیموكراسییەكانی هەموو دنیا، بۆی هەیە لەگەڵ هەر كوتلەیەكی تر ڕێبكەوێت و 56 كورسی لە كۆی 111 كورسییەكە تەواو بكات و حكوومەت پێك بێنێت. ئەڵبەت پێویستە كۆتاكانیش بەشدار بن. كوێی ئەم ڕاستییە لەگەڵ دیموكراسییەتدا ناكۆكە؟ ئەو قسە بێسەروبەرەی ئێوە كە دیموكراسییەت تەنیا لە بەشدریپێكردنی گۆڕاندا دەبینن، لە كوێی دیموكراسییەتدا جێی دەبێتەوە؟ ئەدی دیموكراسییەتی سیاسی كە لە كوردستان پێڕەو دەكرێت، زۆرینە و كەمینە نییە؟ ئەگەر بێ گۆڕانی دڵخوازتان، دیموكراسی وجودی نییە، ئەگەر داهاتووی كوردستان تەنیا لە حكوومەتی بنكەفراواندا دەبینن، كەواتە بۆچی هەڵبژاردن بكەین؟ وەك دەڵێن، كوردستان وەزعی خراپە و تەحەدیاتی گەورەی لەپێشن، ئەدی بۆچی كە پاروپێرار هاوارمان دەكرد: برادەرینە، دۆستینە، كوردستان تەحەموولی بەیاننامەكەی كانوونی 2011ی یاڵەكە ناكات، گاڵتەتان پێدەهات و دەتانگووت دنیا شامی شەریفە و هیچ عەیبی نییە و ئەو مەترسییانەی پارتی باسیان دەكات هەر نین و پارتی خەڵك دەترسێنێت و مەترسی دەخوڵقێنێت تا بیانكاتە بیانوو بۆ مانەوەی لە دەسەڵات؟ پێمان ناڵێن، ئەمڕۆ چی گۆڕاوە؟ هاوكێشەی سیاسی كوێی گۆڕاوە؟ گۆڕان 25 كورسی هەبووە، پاش ئەو هەموو خۆ گیڤكردنەوەیە بەهەزار تەزویر و دوعاونزا ئینجا گەیشتە 24.

نووكتەی هەفتە:
تۆفیق كەریم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ ڕووداو: بیرمان لەوە نەكردووەتەوە لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێدا، پارتی پەراوێز بخەین!!
خەڵكە ئارام و بەئەدەب و خۆشەویستەكەی شاری هەولێر كە ڕەفتارێكی نەشیاو دەبینن، یان گوێیان لە قسەیەكی ناشیرین و بێتام دەبێت و زۆری پێ ناڕەحەت دەبن و ڕقیان هەڵدەستێت، زۆر جوان دەڵێن: دەوجە وەرە ە ە ە ە

هەواڵی پەیوەندیدار