٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

د. فواد حوسێن لە دیمانەیەکدا لەگەڵ "هەولێر": مالیكی بەم حاڵەتەی ئێستا نامێنێتەوە

سەرچاوە: Hewler

دیمانه‌: هاوده‌نگ فارووق

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان فوئاد حوسێن ڕایگەیاند كە پڕۆسەی لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق نووری مالیكی جارێ بەردەوامە و چاوەڕوانی پەرلەمانن. ئەو پێی وایە درز كەوتووەتە هاوپەیمانیی نیشتمانییەوە و دەڵێت: "كەس ئەم سیاسەتە قبووڵ ناكات كە ئێستا مالیكی پێڕۆی دەكات."

* ئەمڕۆ پرسیاری هەرە سەرەكی لە شەقامی كوردیدا، مەسەلەی متمانەلێسەندنەوەیە لە مالیكی ئایا چارەنووسی مالیكی لە ئێستادا بەرەو كێ دەڕوات؟
- بە دیدی من، چارەنووسی مالیكی ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە بەم شێوەیە بڕوات، ڕاستییەكەی چارەنووسێكی باش نییە. بێگومان ئەمەیش كێشە بۆ عێراق دروست دەكات، دیارە هاوپەیمانیی نیشتمانی، بەڵێنی ئەوەیان داوە كە بە پلانێكی دیكە بێنە پێشەوە، كە ئەویش بریتییە لە پلانی ڕیفۆرم بەڵام بە هەرحاڵ مانای وایە بلۆكی هاوپەیمانیی نیشتیمانی دەیانەوێ بە ڕاستی چارەی كێشەكان بكەن، مانای وایە ئەوانیش بەم بارودۆخە رازی نین، بەڵام پرسیارێك لێرەدا دێتە پێشەوە، ئایا بنەمای ڕیفۆرم چییە، ئایا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕێككەوتننامانەی پێشووتر، یان ئایا مانای ڕیفۆرم ئەوەیە كە ڕێككەوتننامەكان جێبەجێ بكەن.

* ئایا لای ئێوە ڕۆشنە كە بۆچی گوتاری شیعەكان تا ئێستایش ڕوون نییە؟
- وەكوو لە میدیاكاندا باس دەكرێت، ئەوان كۆمیتەیەكیان دروست كردووە، با بزانین ئەو كۆمیتەیە چی پێشكەش بە خەڵكی عێراق دەكات، یان كە باسی ریفۆرم دەكات ئایا چۆن ئەو ریفۆرمە ئەنجام دەدات. چونكە دەبێ ئەو پلانە ڕوون بێت، ئەوەیش جێی پرسیارە كە ئایا چۆن ئەو پلانە جێبەجێ دەكەن، كێ جێبەجێی دەكات و كەی جێبەجێ دەكرێت.

دیارە شتێكی گرنگتریش هەیە، ئەگەر ئەوان باسی ریفۆرم بكەن، ئەگەر ریفۆرمەكە پێوەندی بە هەموو لایەكەوە هەبێت، دەبێ هەموو لایەك بەشدار بن تێیدا، ئەگەریش پێوەندی بە دەستەڵاتەوە هەبێت، دەبێ هەموو لایەنەكانی دەستەڵات تێیدا بەشدار بن، یانیش ئەگەر پلانە كۆنەكانە، دەبێ دیسان باس لەوە كەین كە چۆن جێبەجێ دەكرێت.
* لەبەر رۆشنایی ئەو پرسیارانە، پرسیارێكی دیكە سەر هەڵدەدات، هەندێك خەڵك پێیان وایە كە مالیكی دەمێنێتەوە، ئایا مالیكی دەمێنێتەوە یان نا؟

- مالیكی بەم حاڵەتەی ئێستا نامێنێتەوە، یان مالیكی ببێتە بەشێك لەو سیستەمەی كە هەموو لایەك تێیدا بەشدارن، هەوڵ دەدات هەموو ترسێك لاببات و خۆی بە تەنیا حكوم بكات. یان مالیكی دەگۆڕێ بە یەكێكی دیكە، ئەگەر مالیكی ببێت بە بەشێك لەم ریفۆرمە و جێبەجێی بكات، رەنگە خەڵك قبووڵی بكات، بەڵام بەم شێوەیە كەس قبووڵی ناكات، هەتا شیعەكان خۆیشیان قبووڵی ناكەن.
* لەم دوو ڕێگەیەی باست كرد، یەكەمیان لاوازە، یان شتی دیكە؟

- ئەگەر ئەو سیاسەتەی ئێستا هەیەتی و بەردەوام بێت، یەكەم زەرەرمەند هێزە سیاسییە شیعەكانن. موقتەدا سەدر بە ئاشكرا گوتی كە بەرانبەری دەوەستین و خەڵكی دیكەیش بە هەمان شێوە، هەر لە هاوپەیمانیی نیشتمانی، ئەوانیش دژی قسە دەكەن، بەڵام دەنگیان نزمە، كەس ئەم سیاسەتە قبووڵ ناكات كە ئێستا مالیكی پێڕۆی دەكات، كە بێگومان دژی دەستوورە، باسی دەستوور دەكات، بەڵام بە كردەوە جێبەجێ ناكات، باسی دەستوور دەكات و دژی دەستووریش كار دەكات، كاتێك باسی دەوڵەتی هاوڵاتیبوون دەكات، خۆیشی خەڵكی دیكە بە هاووڵاتی حیساب ناكات، ئەمە ناكرێ، قسە و كردەوە یەكتر ناگرێتەوە، نایشتوانێ وا بەردەوام بێت.
* هەندێك سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە درز كەوتووەتە نێوان نەیارانی مالیكی ئایا تا چەند راستە؟

- دیارە ئاساییە جیاوازی لە بیربۆچووندا هەبێت، هەر ئیئتیلافی عێراقییە خۆی چەند بەشێكە، هەروەها ئیئتیلافی كوردستانییش دوو حزبی سەرەكییە و هەروەها هاوپەیمانێتیی كوردستانی، بەڵام لە ئەنجامدا یەك - هەڵوێستیان هەیە، كە نابێ مالیكی بەم شێوەیەی ئێستا رەفتار بكات. دەربارەی لێسەندنەوەی متمانەیش جارێ پڕۆسەكە بەردەوامە، چاوەڕوانی پەرلەمانین، چونكە سەندنەوەی متمانە لە پەرلەمان خۆی دەبێت، بەڵام درز كەوتووەتە هاوپەیمانیی نیشتمانییش.
* وەلێ سەدرییەكان نەهاتن بۆ دواكۆبوونەوەی هەولێر، هۆكارەكە چی بوو؟

- ڕاستییەكەی كۆبوونەوەی هەولێر دووقۆڵی بوو، لیستی عێراقییە كۆبوونەوەیان لە عەممان هەبوو، بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی خۆیان، جگە لەوەیش كۆبوونەوەك لە نێوان هاوپەیمانیی كوردستانی و عێراقییەدا ئەنجام درا، بڕیار درا كە ئوسامە نوجێفی سەردانی نەجەف بكات و هەروەها سەردانی موقتەدا سەدر بكات بۆ ئەم مەبەستە.
* پەیامی هەر دوو لا چی بوو، هەماهەنگیتان هەیە؟

- پێوەندیی بەردەوام لە نێوان ئێمە و تەیاری سەدردا هەیە.
* باس لە ناڕۆشنی لە ئەجێندای سەدرییەكاندا دەكرێت، ئێوە چۆن لێ تێگەییشتوون؟

- ئەوە راستە، بەڵام زروفی ئەوان جیایە، دەبێ باس لە فشاری ناوەوە و دەرەوە بكەین، من باس لە فشاری دەرەوە و ناوەوە ناكەم، لە ناوەوە هەڵمەتێك دژی سەدریەكان ئەنجام درا، بەوەی كە گوایە سەدرییەكان دەیانەوێ ریزی شیعەكان تێك بدەن، دەستەڵات بە سوننە یان كورد بكەن، بەم شێوەیە باسیان لە كێشەكان كرد، مالیكی هەوڵی ئەوە دەدات كە ئایدۆلۆژیای شیعە بەكار بێنێت، دەیەوێ شیعەكان بورووژێنێت دژی ئەوانی تر و لە بەرژوەندیی خۆیدا، دیارە هەڵمەتێكی پێچەوانەیش لە راگەیاندندا لە دژی كورد و عێراقییە كرا، كە هەڵوێستی سەدر زۆر ئیحراج بوو. بە هەر حاڵ، بە دیدی من، ئەو هەڵوێستەی تەیاری سەدری هەیەتی بەشێكی زۆری پێوەندی بە ئێمەوە هەیە، چونكە ئەوانیش دەزانن كە سەرۆكوەزیران وا بەردەوام بێت، رەنگە زیاتر لەوان بدرێت.
* دوایین هەڵوێستی هاوپەیمانی و عێراقییە چییە؟

- پڕۆسەی لێسەندنەوەی متمانە بەردەوام دەبێت، میكانیزمەكەیش بەو شێوەیە دەبێت كە ئامادەكردنی كۆمەڵێك كەیسە لەسەر مالیكی، كە پێوەندیی بە ئاستی خزمەتگوزارییەوە هەیە بە تایبەتی كارەبا و مەسەلەی لێپرسینەوە و لەشكر و گەڕانەوەی بەعسییەكان كە پلەی باڵایان هەبووە، یان مەدالیای سەددامـیان وەرگرتووە، بە بێ گەڕانەوەی پەرلەمان، شتی تر كە پێوەندی بە مافی مرۆڤەوە هەیە، دەبێ بدرێتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دووەم ئایا مالیكی ئامادەیە بێت بۆ پەرلەمان، لە كاتێكدا رایگەیاند كە نایەت بۆ پەرلەمان.
* لە رۆژنامەی شەرقوئەلئەوسەتـدا هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە كە گوایە ئەیاد عەللاوی ئەو دانیشتنە بەڕێوە ببات؟

- نەخێر. ناوی ئەیاد عەللاوی نەهاتووە، بەڵكوو یاساناسان، یان خەڵكی شارەزاتر ئەو كارە ئەنجام دەدەن.
رەنگە مالیكی دەستپێشخەری بكات و بێتە هەولێر؟

- ئەمە لایەنی تیۆرییە، بە دیدی من ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت، یان دەبێ بە كردەوە ریفۆرم بكات، كەس دژی ئەوە نییە، با ئەو دەست پێ بكات، بەڵام بە قسە سوودی نییە.
* با بێینەوە سەر كوردستان، لایەنە كوردستانییەكان تا چەند یەكهەڵوێستن؟

- ئەگەر باسی نووسینەوەی ڕایەكان بكەین لە رۆژنامەكاندا، ڕای هەمەجۆر هەیە، بەڵام هەڵوێستی حزبەكان و ئەوانەی لە پەرلەمانی عێراقن، تا ئێستا یەك هەڵوێستە.
* بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە؟

- گۆڕان نە دەڵێ ئا و نە دەڵێ نا، دیارە چاوەڕوانی ئەوە دەكات كە بزانێ كێشەكە بەرەو كێ دەڕوات و ئەو كاتە بڕیاری خۆی دەدات.
* ئەوان دەڵێن دەنگمان بە حكوومەتەكەی نەداوە تا متمانەی لێ بسەنینەوە؟

- راستە ئەوان دەنگیان بەو حكوومەتە نەداوە، بەڵام ئەگەر بڵێن ئاگادار نین لەسەر چییە، ئەوە دیارە كە تا ئێستا نە میدیا نە كۆبوونەوە ماوە باس لە كێشەكان نەكەن، بەڵام ئەگەر هەڵوێستێكی خۆیان هەبێت، ئەوە جێگەی ڕێزە.
* ڕێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان كە سەردانی سەرۆكی هەرێمی كردبوو، بەڕێزیشت سەردانی ڕێكخەری بزووتنەوەی گۆڕانت كردبوو، ئایا تێتانگەیاندن كێشەكە لەسەر چییە؟

- هەموو كات كۆبوونەوە و پێوەندی هەبووە، بە درێژی باس كراوە كە كێشەكان چین، كۆبوونەوەی هەولێر كە لە 28/4 كرا، من دوای ئەوە چوومە خزمەت ئەمینداری یەكگرتوو، ڕوونم كردەوە كە كێشەكان چۆنن، وێنەكەم بۆیان باس كرد، كە كۆبوونەوەیش لە دوكان كرا، لیستی عێراقییە و لیستی سەدرییەكان هاتبوون، دوای ئەوە چوومە خزمەت بەڕێز كاك نەوشیروان مستەفا و بۆم روون كردەوە، پاشان چوومە خزمەت مامۆستا عه‌لی باپیر. ئەمانە بە ئەركێك دەزانین، كە بۆیان ڕوون بكەینەوە، چی دەبێ لە كوردستان و لە دانیشتنەكاندا باسی چی دەكرێت بیانخەینە ڕوو، پاشان لای خۆیان دەمێنێتەوە كە هەڵوێستیان چۆن دەبێت.
* لەم ماوەیەدا رێككەوتنێك لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە لەگەڵ توركیا كراوە، ئایا ناوەڕۆكی ئەم رێككەوتنە چییە؟

- چەمكی رێككەوتن لە نێوان دوو دەوڵەتدا جیاوازە، ئێمە بەشێكین لە عێراق، بەڵام لەگەڵ توركیادا پێوەندییەكی بەردەواممان هەیە، كە پێوەستە بە ئابووری و بازرگانی و پەروەردەوە، هەروەها باسكردنەوەی پێوەندیی ئاساییش لەسەر سنوور، كە بایەخێكی گرنگی هەیە، توركیا لە نزیكەوە بارودۆخی عێراق بەسەر دەكاتەوە.
* باس لەوەیش دەكرێت كە نەوتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی ڕەوانەی توركیا دەكرێت، ئەو قسەیە تا چەند ڕاستە؟

- بەڵێ، ئەمە راستە بەڵام تەفسیرەكەی بە هەڵە كراوە، لە راگەیاندندا تەفسیری هەمەجۆر دەكرێت، ئێمە خۆمان چەند پاڵاوگەیەكمان هەیە، كۆمەڵێك مشتەقاتی نەوت دەكەوێتە دەستمان، دیارە بەشەنەوتی عێراق كە بۆمان دێت، بەشمان ناكات، هەروەها عێراق وەسایقی كۆمپانیاكانی نەوتیشی نەدا، ناچار بووین خۆمان دەست بكەین بە دەرهێنان و ناردنی نەوت، كە ئێستا لە ڕێگەی تەنكەرەوەیە، بە دیدی من عێراق دەتوانێ ئەو كێشەیە چارەسەر بكات. تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت یاسای پێشووتری ڕژێمی سەددام حوسێن پیادە دەكرێت.
* لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا، ڕاتگەیاندبوو كە ئەو ئیمزایانەی پێشتر بۆ سەندنەوەی متمانە ئاماژەی بۆ كرابوو، ئێستا لە سەرۆكایەتیی هەرێمە؟

- ئەو ئیمزایانە بۆ سەندنەوەی متمانە نییە، نامەكان بەو ئاڕاستەیەن كە داوا لە بەڕێز سەرۆكی كۆمار دەكرێت بۆ دانیشتنی پەرلەمان.
* ئایا هیچ نامەیەكی پەشیمانبوونەوە بۆ ئێوە هاتووە؟

- بۆ ئێمە نەخێر. نایشزانین بۆ نووسینگەی سەرۆككۆمار هاتووە یان نا، ئەم ڕێگەیە بە تەواوی داخراوە كە سەرۆككۆمار بڕیار بدات، بەڵام ئەمە مافی دەستووریی سەرۆككۆمارە، دەتوانێ بە كاری بێنێت و بەكاریشی نەهێنێت.
* دوایین پێوەندیی سەرۆككۆمار لەو بارەیەوە چییە؟

- ئێستا بەڕێز سەرۆككۆمار لە سەردانی چارەسەركردندایە، هیوادارین بە زووترین كات بگەڕێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار