پەیەدە.. خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی كوردستان ناكات

رێبوار حەمەلاو شوانی
یەكێك لەو هیوا وئاواتانەی كە دەیان ساڵە گەلی كوردستان لە پێناویدا خەبات و تێكۆشانی كردووە بە هەزاران شەهیدی بەخشییوە ئەوە بووە كە مافەكانی كە بریتیە لە خاكی كوردستان بە هەر چوار بەشەكەیەوە لە دەستی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان بە دەست بێنێتەوە و هەروەها كار بكات و یەكریزی وتەبایی لە نێوان رۆلەكانی كوردستان بە بێ جیاوازی.
لە سەرەتای قەیرانەكەی سووریا هەرێمی كوردستان هاوكارییەكی زۆری پارت و لایەنە سیاسییە كوردییەكانی دا تاكو لە ژێر چەترێكی هاوبەشی نەتەوەیی كۆیان بكاتەوە و بۆیە دەستەی باڵای كوردی سووریا لە ساڵی 2012ـدا لە هەولێری پایتەخت بە دەسپێشخەریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی دامەزرا.تا بە یەكدەنگ مافەكانیان بە دەست بێنن.ئەوە بوو ڕێككەوتنی هەولێری لێ كەوتەوە. ڕێككەوتننامەی هەولێر بریتێكی زۆر گونجاو بوو بۆ ئەوەی لایەنە كوردییەكان بە پێی نەخشەڕێگەیەك ببنە خاوەنی یەك ووتار و بە یەكهەڵوێست داوای مافە ڕەواكانی خۆیان بكەن.
هەر بۆیە پەیەدە سوودی زۆری لە ڕێككەوتننامەی هەولێر بینی، بەڵام هەر زوو پشتی تێكرد و پێشێلی كرد و هەوڵی دا هەموو هێزە سیاسییە كوردییەكانی دیكە لە گۆڕەپانی سووریا پەراوێز بكات. دوای دەستپێكردنی شۆڕشی سووریا لە ساڵی 2011 شار و شارۆچكەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە لایەن پارتی یەكێتی دێموكراتیك (پەیەدە) كە بە لقی ڕۆژئاوای كوردستان - پەكەكە لەقەڵەم دەدرێت كۆنترۆڵ كرا. ئەم كۆنترۆڵكردنەش لە ئەنجامی پاشەكشێكردنی سوپای بەشار ئەسەد لە چوارچێوەی هەماهەنگی دوولایەنە ئەنجام درا.
دواتر لە رێگەی پیادەكردنی سیاسەتە تاكرٍەویانە و خۆپەراستانەی پەیەدە، ئەنجامەكەی ئاوارەبوونی هەزاران كەس و گیانلەدەستدانی چەندین كەسی لێكەوتەوە و ئێستا لەسەرئاستی ناوخۆی سووریا، (پەیەدە) تاكە هێزە كە بە دۆست و بەرگریكاری ڕژێمی ئەسەد دەناسری، ئەو ڕۆڵەی ئەم حزبە كوردییەی ڕۆژئاوای كوردستان تا ئێستا بینیویەتی زیاد لە پرسیارێكی گوماناوی لای یار و نەیارانی كورد ورووژاندووە.
لە ئێستادا " پەیەدە " هەمان رٍۆڵی هێزەكانی ئەسەد دەبینن كە پێش سەرهەڵدانی گەلانی سوریا دەرحەق بە خەڵكی ناوچەكە دەیبێنی هێزێك كە لەلایەكەوە لە میانەی ڕێككەوتنێكی نهێنی و تاك لایەنەی لەگەڵ ڕژێمی سووریا بۆ ڕادەستكردنی ئەو ناوچانەی سوپای سووریا پاشەكشەیان لێكردووە، تا دەستكراوەتر بن لە دژی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەكانی تردا بەرامبەر بە پڕ چەككردن و هاوكاریكردنی پەیەدە لەلایەن سووریاوە.
لەلایەكی ترەوە چۆڵكردنی ڕۆژئاوای كوردستان لەهەر هێزێكی سیاسی دیكەی كوردی و دروستكردنی كەش وهەوایەكی پڕ لە ترس و تیرۆر و تۆقاندن و پێڕەوكردنی جۆرە دەسەڵاتێكی تاكڕەوانە، كەرەستەكانی خۆسەپاندن بەجۆرێك بەكار دەبات كە لە سەردەمی حوكمی ئەسەدیشدا كوردانی ڕۆژئاوا لەو دۆخە پر لە ترسەدا نەبوون! ئەمە لەكاتێكدا كە تائێستاش سوپا و هێزەكانی ڕژێمی ئەسەد لە قامیشلۆ و ناوچەكانی تری ڕۆژئاوای كوردستاندا هەن و هێزێكی كوری بۆی نییە لەو ناوچێنەدا بوونیان هەبێ.(پەیەدە) بە هاوكاری هێزەكانی رژێمی بەشار ئەسەد، ڕۆژئاوای كوردستان كونتروڵ دەكات و ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی ئەم حزبە لە لایەن هێزەكانی سووریا و هێزە نێودەوڵەتییەكانەوە قەبووڵ نەكرێت.بۆیە پێوستە دەكات " پەیەدە " هەڵوێستەكانی خۆی یەكلابكاتەوە و رێگە بە هەموو پارتە ولایەنەسیاسییەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان بدات كەبە شێوەیەكی ئازادانە و دیموكراتیان رۆڵی خۆیان ببینن و واز لە سیاسەتی تاكڕویانە و خۆسەپاندانەی خۆی لە بە سەر رۆژئاوای كوردستان بهێنێت و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو رژێمە كە دەستی لە كوشتنی و لە ناوبردنی گەلەكەی هەبووە بپچرێنێت.
لە ئێستادا گەلی كوردستان زیاتر لە هەموو كاتێكی تر پێوستی بە یەكریزی و یەكدەنگی هەیە و پێوستە هەر چی زووتر كار بۆ سازادنی كۆنگرەیی نەتەوەیی بكرێت، كە بە كلیلی چارەسەری زۆر لە كێشەكان لە هەموو بەشەكانی كوردستان هەژمار دەكرێت و تێیدا هەموو لایەنەكان بەرنامەیەكی تێروتەسەڵ بۆ ئایندەی كوردستان دابەرژێنن تا چیتر دوژمنانی كوردستان نەتوانن مافەكانی نەتەوەی كورد زەوت بكەن.




