دوژمنانی كورد چاویان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت

رێبوار حەمەلاو شوانی
هەرێمی كوردستان كەوتۆتە نێو چەقی ناوچەیەكی پڕ لە كێشە وئاڵۆزی وەكو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە، كە دەوروبەرەكەی پڕە لە نائارامی و توندو تیژی و ناسەقامگیری، لە ڕەوش و هەلومەرجێكی وادا پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە كوردستان ئەركێكی سادە نییە لە لایەكی دیكەوە لە ماوەی 6 ساڵی رابردوو تا بە ئەمڕۆ دەزگەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان زۆر بە سەركەوتوویی توانیویانە ئەركەكانیان لە پێناو ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان جێبەجیی كردووە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كە ئارامی و ئاسایشی ناوخۆ تەنیا بە هێزەكانی ئاسایش ناپارێزرێت، بەڵكو پێوستە حكومەتی هەرێم بە هەماهەنگی دەزگاكانی راگەیاندن و خەڵك شان بە شانی یەكتر هاوكاری یەكتر بن تا دوژمنان و ناحەزانی گەلەكەمان نەتوانن زەفەرمان پێبەن .
دوژمنانی گەلی كورد لەسەر ئاستی نێوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا، هەردەم پیلان بۆ راگرتنی پێشكەوتنە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكان دادەڕێژن، بەڵام هەموو كات خەونە نەزۆكەكانیان پوچەڵ دەبێتەوە، هەركاتێكیش بیانەوێت پیلانەكانیان جێبەجێبكەن و لەمپەری تازە بخەنەبەردەم گەشەپێدانی كوردستان، ئەوا هەرێمی كوردستان بە نەخشەرێگەی تازەی ئاوەدانی و پەرەپێدان وەڵامیان دەداتەوە، بە جۆرێك لەگەڵ هەر پیلانێك نەمامێكی ئاوەدانی، درەختێكی تازە دەڕوێنرێت لە دروستكردنی تەلاری هیوا بۆ گەلی كورد.
ئارامی و سەقامیگری لە هەر وڵاتێك بە پلەی یەكەم وا دەكات كە زیاتر پرۆسەی ئاوادانكردنەوە و ئابووری و سیاسیی گەشە بكات ئەمەش هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی بەرەو خەون ومافی دەیان ساڵەی كە لە پێناویدا هەزاران قوربانیمان مان داوە بێتە دی .
لەگەڵ ئەوەی كە تیرۆر لە سەردەمی ئێستادا بە كارێكی قیزەوەنە نامرۆڤانە بەرۆكی وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە بەڵام زیادبوونی ئاستی هوشیاری بۆ تاكی كورد وادەكات كە بەباشترین شێواز رووبەرووی ببینەوە دوژمنانی كورد دەبێتَ دڵنیا بن، كە پەلامارە تیرۆریستە نامرۆڤییاتی نا ئەخلاقییەكان دەبنە هۆی زیاتر بەهێز بوونی هەستی نیشتمانپەروەری و هەوێنی یەكبوون خەڵكی كوردستان، دوژمنان و ناحەزانی گەلەكەمان دەبێت باش بزانن كە ئەو هەوڵە قێزەونانە، لەبری ئەوەی خەڵكی كوردستان لە ئامانجە گەورەكە و گەیشتن بۆ لووتكە پاشگەز بكاتەوە، زیاتر پێداگریان دەكات بۆ بەردەوام بوون لە خەبات و تێكۆشان.
دەیان ساڵە نەیارانی كورد، چەندین پیلان وشێوازی دژە مرۆڤایەتیان دەرحەق بەو میللەتەی كە تەنیا دوای مافی ئازادی و سەربەستی خۆی هاوشێوەی وڵاتانی تر ئەنجامداوە، بەڵام پیلانگێری و ئەنفال و كیمیاباران نەیتوانی رووبەرووی ئیرادەی خەڵكی كوردستان ببێتەوە، ئێستاش بە گوروتین تر لە جاران رووبەرووی هەر پیلانگێرییەك دەبێتەوە و لە پێناو پاراستنی خەڵكی كوردستان هەمیشە ئامادەكاری فیداكاری و خۆبەخشینە و دوژمنانی كوردیش وەك هەمیشە سەرشۆر دەبن.
ئەم ئازادییەی كوردستان بەری رەنج و خەباتێكی لەمێژینەی خەڵكی كوردستان و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكەكانی كوردستانە، بۆیە ئازادیی ئەمڕۆ دەستكەوتێكی گەورەیە و پاراستنیشی ئەركی هەموو لایەكە.




