٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پلنیۆمێکی چارەنووسساز، نەک تەنها بۆ یەکێتی

سەرچاوە: KDP.info

عه‌بدولسه‌لام به‌روری

لە هەنگاوێکی بوێرانەدا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەکێتی) بڕیاری دا پلنیۆمی خۆی ببەستێت و وادەی گرێدانی کۆنگرەی داهاتووی خۆیشی پاش کەمتر لە چوار مانگی داهاتوودا دیاری کرد. ئەمە دووەمین هەنگاوی ئەم پارتەیە لەسەر رێگای راست و درورست (پاش رەگدانەوەی فەرمی لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن)، کە هەردووکیان جێگای ستایش و دەستخۆشین.

پلنیۆمی یەکێتی لە هەلومەرجی دوو ڕووداوی گرنگ لە ژیانی ٣٨ ساڵەیدا دەبەسترێت: دوورکەوتنەوەی مام جەلال و ئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی هەڵبژاردن. رەنگە قەدەری یەکێتی بێت ئەوی کردە یەکەمین پارتی سیاسیی کوردستانی کە رووبەڕووی دوو حاڵەت ببێتەوە کە چاوەڕوانی هەر پارتێکی کوردستانی دەبێت، بەهێزی و لاوازیی یەکێتیش لەوێدایە چۆن سەرەدەری (مامەڵە) لەگەڵ ئەم دوو حاڵەتەدا دەکات.

چۆنیەتیی سەرەدەری لەگەڵ قوناغی پاش مام جەلال
گرنگیی ئەم بابەتە پەیوەندیی تەنیا بە یەکێتییەوە نییە، بەڵکو وەزعێکە چاوەڕوانی زۆربەی هەرە زۆری پارتە کوردستانییەکان دەکات (رەنگە تەنها پارتی و کۆمۆنیستی کوردستانی بارێک و تایبەتمەندیی خۆیان دووریان بکات لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا). ئەگەر دوورکەوتنی مام جەلال لە یەکێتی کاریگەریی چارەنووسسازی لەسەر ئەو پارتە هەبێت، پێم ناڵێن حاڵی سۆسیالیست چۆن دەبێت بێ محەمەدی حاجی مەحموود؟ گۆڕان چییە بێ نەوشیروان مستەفا؟ هیچ مانایەک بۆ ئایندە هەیە بێ قادر عەزیز؟ ئەوە هەر باسی پارتە بچووکەکان ناکەم، چونکە بنەما و هۆی بوونی زوربەیان جودابوونە لەبەر ئەگەرێکی شەخسی یان هەر کەسایەتییەک ئەم پارتەی دامەزراندووە و بەڕێوەی دەبات.

بۆیە گشت چاودێرانی سیاسی و پارتە سیاسییەکان بە گرنگییەوە چاوەڕوانی پلنیۆم و کۆنگرەی یەکێتین و دەرس لە رەفتاری یەکێتی وەردەگرن، ئەمەیە گرنگیی یەکەمی پلنیۆمی یەکێتی.

چۆنیەتی سەرەدەری لەگەڵ "ئەنجامە خراپەکانی" هەڵبژاردن
لە رۆژی یەکەمی دامەزراندنی یەکێتییەوە، ئەم پارتە نەیشاردووەتەوە کە ئەو هاتووەتە گۆڕەپانی کاری سیاسی تاکوو جێگای پارتی بگرێت و ببێتە پارت و هێزی یەکەم لە کوردستان (هەر کەسێک یەکەمین بڵاوکراوەی یەکێتی کە لە ژێر ناوی "یەکێتی بۆ؟" بخوێنێتەوە، بە ئاسانی دەگاتە ئەم راستییە)، و بە درێژایی تەمەنی ئەندام و لایەنگرانی بەو ئاراستەیە پەروەردە کردووە و هەندێ جاریش کەوتووەتە هەڵەیەکی کوشندەوە، ئەویش بە پەیڕەوکردنی وتارێکی ناوخۆ بە ئاراستەی خۆ بە هێزی یەکەم دانان چ بە گەورەکردنی رۆڵ و سەنگی خۆی یان بە بچوککردنی رۆڵ و سەنگی لایەنی رکابەری سەرەکی (کە پارتییە).

رەنگە هەر ئەمەش هۆی هەموو ئەم ناڕەزاییبوونی زۆربەی رێکخستنەکانی یەکێتی بێت لە سەرکردایەتیی خۆیان پاش رێکكەوتننامەی ستراتیجی لەگەڵ پارتی، چونکە ئەم سەرکردایەتییە لە هەر بۆنە و موناسەبەدا لە خەمی ئەوەدا بوو وێنەی (پارتی)ـیەکی لاوازی نەزان و بێ سیاسەت و بێ رێکخستن و بێ وتاری سیاسی و پاشماوە و خێڵەکی و خۆسەپێندراو بەسەر خەڵکێکی بێدەسەڵات.. هتد لە مێشکی ئەندام و لایەنگیرانی بچەسپێنێت، کەواتە سرووشتییە رازی نەبن لە هەر جورە کارکردنێک لەگەڵ پارتییەکی بەم شێوەیە و، ئەمە بە (تنازل) و (نەبوونی هاوسەنگی) لە کارکردن لەگەڵ پارتی بزانن.

ئەگەر لە بیری خۆمانیشی نەبەینەوە کە جودابوونەوەی نەوشیروان مانای ئەوەیە دەرچوونی ئەو نیوەی باشتر رێکخراوی یەکێتییە، واتە لەدەستدانی نیوەی دەنگدەرانی یەکێتییە، واتە بەکارهێنانی ئەو ناڕەزاییەی سەرەوە، لە لایەن گۆڕانەوە، بە دژی یەکێتی.

ئەگەر ئەمە هەمووی لەبەر چاومان بێت، ئەم ئەنجامە "خراپە"ـی هەڵبژاردن، ئەوەندە خراپ نین، بەڵکو رەنگدانەوەی واقیع حاڵێکی شیردراوە لە جەماوەر و دەنگدەری یەکێتی، بەڵام زانراو و ناسراوە لە لایەن سەرکردایەتی. باشترین نموونەش قسە بوێرانەكەی شۆڕش عەزیزن کە دانی بەوە دا نا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن زۆر لە پێشبینییەکانی ئەوان (وەک دەزگای هەڵبژاردنی یەکیتی) نزیک بوون و مەسەلەی بەدەستهێنانی ٣٠ هەتا ٤٠ کورسی تەنها بۆ راگەیاندن بوو.

واتە هۆکاری کەمکردنی ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی لە ٢٩ بۆ ١٨ کورسی لەبەر ئەوە نەبوو کە هاوپەیمانی ستراتیجیی لەگەڵ پارتی هەیە، لەبەر ئەوە نەبوو چونکە یەکێتی بەشدار بوو (بەڵکو داڕێژەری) ٣٠ـی حوزەیرانە، لەبەر ئەوە نەبوو چونکە هاوسەنگی لە حکوومەتدا نەبوو، بەڵکو بە پلەی یەکەم لەبەر ئەم هۆیانەی سەرە بوو (دوورکەوتنی مام جەلال، دەرچوونی نەوشیروان و نیوەی رێکخستنەکان و دەنگدەرانی یەکێتی، وتاری دوور لە راستی سەبارەت بە سەنگ و قەبارەی یەکێتی)، بێگۆمان چەند هۆی ناوخۆییش هەن کە من لێرەدا باسیان ناکەم و بۆ خۆدی برادەرانی یەکێتی بەجێی دەهێڵم.

بە پێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، یەکێتی بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، بوو بە هێزی سێیەم لە کوردستان، بەڵام لە سیستەمێکی سیاسیدا کە دەنگدان و هەڵبژاردن بڕیار دەدەن کێ یەکەم و کێ دووەم و سێیەم و چوارەم دەبن، ئەم دۆڕاندنەوەی پلەی دووەمە بۆ هاتاهەتا نییە و دوور نییە هەڵبژاردنی داهاتوو هەموو ریزبەندییەکان بگۆڕێت. چۆنیەتیی سەرەدەری لەگەڵ ئەم حاڵەتەشدا گرنگە نەک تەنها بۆ یەکێتی، بەڵکو بۆ هەموومان.

باشە پلنیۆم دەبی چی بکات؟ چی لێی چاوەڕوان دەکرێت؟ چەند دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و "دووبارە ڕابوونی یەکێتی". ئەمە بابەتی بەشی دووەمی ئەم وتارەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار