قۆناغە سەختەکە
غازی حەسەن
لە 21ی ئەیلولدا هەڵبژاردنی چوارەمین خولی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەچوو، پرۆسەکە باش بوو، بەڵام دیارە هەندێک لایەن بەتایبەتیش ئۆپۆزسیۆن رەخنە لە هەژمارکردنی دەنگەکان دەگرن، نەک پرۆسەی دەنگدان. دیارە ئەم حالەتەش پتر پارێزگای سلێمانی گرتۆتەوە. لەوێشدا بزوتنەوەی گۆڕان بەپلەی یەکەم دێت.
هێشتا یەکلانەبۆتەوە لایەنەکان چەندە دەتوانن قبوڵی ئەنجامی کۆتایی دەنگدان و رێژەکانیان بکەن. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە 18کورسیان بەدەستیهێناوە، پیرۆزبایی لە کاندێدەکانی خۆی کرد و داوای لێکردن کە لە پەرلەماندا ئازاو بەرگیکار بن. پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە 38کورسی لەم دەنگدانە بەدەستهێناوە، پیرۆزابیی لە گەلی کوردستان کرد، سەبارەت بە سەرکەوتنی پۆرسەی دەنگدان. بزوتنەوەی گۆڕان 24کورسی و یەکگرتوو 10کورسی و کۆمەڵی ئیسلامیش 6کورسی بەدەستهێناوە. ئەم سێ لایەنە هەمیشە لەسەر رەخنە سیاسەتەکانیان دادەرێژن و رایانگەیاندووە کە بەو رێژانە قایل نین کە کۆمیسیۆن لە 2ی ئۆکتۆبەر رایگەیاند، چونکە ئەوان مافی دەنگی زۆرتریان هەیە. جا ئەگەر بەم پێیە قسە بکرێت و ئەم پێوانەیە بکرێتە بنەما بۆ دیاریکردنی رێژەی دەنگ وکورسییەکان، ئەوە هەموو لایەنەکان بانگەشەی کورسی زۆرتریان بۆ خۆیان دەکرد، هەر بۆ زانین لیستی وا هەیە کە تەنیا چەند سەد دەنگێکی هێناوە، کەچی بانگەشەی ژمارەی گەورەی بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکان دەکرد، بۆیە ئەمجۆرە گوتارە لەسەر بنەمایەکی عاتیفی و خۆ خەلەتاندن بیناکراوە، نەک واقیع نینی.
| ئەم سێ لایەنە هەمیشە لەسەر رەخنە سیاسەتەکانیان دادەرێژن و رایانگەیاندووە کە بەو رێژانە قایل نین کە کۆمیسیۆن لە 2ی ئۆکتۆبەر رایگەیاند |
گرینگ، پرۆسەکە تەواو، کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕیاری کۆتایی دا، تەنیا دەرفەتێکی لەبەردەم لیستەکان هێشتۆتەوە بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی خۆیان بخەنە روو، ئەویش تانە تۆمار کردنە لە دادگای هەرێمی کوردستاندا. ئەوەی لە ئێستەوە رەچاو دەکرێت، قۆناغی دووەمە کە پێدەچێت قۆناغێکی ئاسان و سادە نەبێت. چونکە هەر لە گەڵ یەکەمین رۆژەکانی کۆتایی هاتنی پۆرسەی دەنگدان، تیرۆریستە ئیسلامییە توندڕەوەکان هێرشی تیرۆریستیان دژی دامودەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەولێری پایتەخت دەستپێکرد. ئەمە نامەیەکی ترسناکە بۆ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. بە تایبەتیش کە کوردستان بە هەرێمێکی ئارام ناسراوە و بۆتە جێگەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها لەهەمان گاڤیشدا عێراق بۆتە ناوچەیەکی تەژی لە تەقینەوە و کوشتار. بە سەدان کەس لە مانگی ئەیلولی رابردوو بوونە قوربانی کارە تیرۆریستییەکان، هەروەها لە هەرێمەکەشدا نائارامی و کێشەیەکی زۆر هەن، کە دوور نییە کاریگەریان لەسەر رەوشی هەرێمی کوردستان هەبێت.
لایەنێکی دیکەی ئەم قۆناغە چۆنیەتی پێشوازیکردنی دەرەنجام و سیاسەتی سبەینێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە لایەن وڵاتە درواسێکان و دۆستەکان لە رۆژئاوا و ئەمەریکا. لە هەنگاوی یەکەمدا ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و روسیا و ئوردن و سعودیە و ئێران و تورکیا و خودی حکوومەتی عێراقیش پیرۆزبایان لە پرۆسەی دەنگدان و ئەنجامەکان کرد.
| لایەنێکی دیکەی ئەم قۆناغە چۆنیەتی پێشوازیکردنی دەرەنجام و سیاسەتی سبەینێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە لایەن وڵاتە درواسێکان و دۆستەکان لە رۆژئاوا و ئەمەریکا |
لایەنە سیاسییەکان لە ئێستەرا کەوتوونەتە بانگەشە بۆ چۆنیەتی پێکهێنانی حکوومەتی ئایندە، هەندێک لا گەشبینانە سەیری پرۆسەکە دەکەن، هەندێکیش پێیان وایە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت درێژە دەکێشێت و ئیدی بەزمی سیاسی لێرە دەستپێدەکات و پرۆسەکە پیویستی بە کاتە. چونکە لایەنەکان بە لیستی سەربەخۆ بەشداریان لە هەڵبژاردن کردووە، ئەنجامەکان جودان، هەروەها دوور نییە ئۆپۆزسیۆن بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی تایبەت بە خۆیان پێداگری لەسەر کۆمەلێک پلە و پایە و شێواز بکەن.
لە بیری نەکەین یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ژمارە سەخت و کاریگەرەکە دەبێت، ئایا دەیانەوێت چۆن لە حکوومەتی داهاتوو بەشداری بکەن. لە کاتێکدا پارتی و یەکێتی هێشتە رێککەوتنی ستراتیژیان هەیە، پێش پرۆسەی دەنگدانیش رایانگەیاندووە کە درێژەپێدانی رێککەوتنی ستراتیژی پێویستییەکی گرینگی قۆناغەکەیە، هەرچەندە ئاشکراشیان کرد کە پێویستە پێداچوونەوە بە هەندێک بڕگەی رێککەوتنەکەیان بکرێت. پارتی ئەرکێکی قورسی لە بەرێوەبردن و بڕیاردان دەکەوێتە ئەستۆ، یەکێتیش دەبێت لە رێگە و شێوازی بەشداری کردن لە حکوومەتی ئایندە چارەنووسی خۆی دیار بکات.
ئەوەی زۆر جێگەی بایەخە یانزدە کورسی کۆتای ( مەسیحی و ئەرمەنی و تورکمان)ەکان وچوار کورسی هەر یەکە لە (بزوتنەوەی ئیسلامی و سۆسیالیست و شیوعی و ئاراستەی سێیەمە). کە ئەوانەش دەتوانن کاریگەری لەسەر هاوپەیمانی و کوتلەی پەرلەمانی دروست بکەن. بەڵام پێدەچێت هەنگاوەکانی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان و هەروەها پێکهێنانی حکوومەتی کوردستان کارێکی ئاسان نەبێت، فشارەکان دژی یەکتر زیاد دەکەن، رکابەری توندتر دەبێت. لایەنەکان دەبێت بایەخی زۆرتر بە ئیرادەی خەڵک، نەک تەنیا بۆ بانگەشەی سیاسی، بەڵکو لە بواری خزمەتگوازی بدەن.
لە دونیاشدا کە کۆمەڵگە بەرەو کراوەیی و دیموکراسی دەچێت، رکابەرییەکان توندتر و هەنگاوەکان پتر دەخرێنە ژێر فشار و پرسەوە. لە بەر ئەوە لە کوردستانیشدا ئاساییە، لایەنەکان گەرموگوڕتر بکەونە رکابەری، بەڵام نابێت لە بیر بکرێت کە کوردستان هێشتە لەرووی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەنگاوی زۆری لە پێشە، ئەگەر یەکڕیزی و یەکدەنگی و گوتاری هاوبەش نەبێت، هەموو ئەوەی بەدەستیش هاتووە، دەبێتە قوربانی سیاسەت. بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە، کوردستان بەرەو تاریکبینی هەنگاو دەنێت، نەخێر هەر سەردەمە پێویستی بە چارەسەر و هەماهەنگی نوێ و سیاسەتی نوێ دەبێت. بۆیە لەتەک سەختی هەنگاوەکان، کوردستان بەرەو گەشبینییەکی زۆریش هەنگاو دەنێت، چونکە ئیرادەی گەل، ئیرادەی سیاسی لە کوردستاندا ئامادەیە بڕیار بدات و رێزیش لە دەرەنجامەکان بگرێت. ئەو فشار و رەخنەیەی لە لایەن هەندێک لایەنیش بڵاودەکرێنەوە، پێدەچێت هەر تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەو گفت و دەنگۆیانە بێت کە لە پێش هەڵبژاردن و لە رۆژانی بانەگشەی هەڵبژاردن بە جەماوەری خۆیانیان دەدا.




