نامەیەکی کراوە بۆ نەوشیروان مستەفا… ئێستا کاتی گۆڕینیەتی !

بەختیار شاخی
سڵاو:
هەفتەی ڕابردوو، دوو لە پێڕۆیانی ڕەوتەکەت لە دوو نووسینی جیادا زۆر ڕاستییان درکاند و ددانیان بە شکستی ڕەوتێک دانا کە وەک خۆیان دەڵێن لە 1969 وە، واتە لە سەردەمی گۆڤاری ڕزگارییەوە بە ئاشکرا کارتان لەسەر کردووە، ئەویش ڕەوتی ئەنتی بارزانی و ئەنتی پارتییە. هەڵبەت خۆیشت پێشتر لە نووسینەکانتدا ئەوەت نەشاردۆتەوە کە تەنانەت بەر گۆڤاری ڕزگارییش هەوڵی بێ وچانت بۆ هەمان ئامانج بووە، بەڵام لە "ڕزگاری"دا ئیعلانت کرد!
بەڕێزم:
پوختەی دوو ددانپێداناننامەکە ئەوەیە کە ئێوە لە "ڕزگارییەوە" تا ئەمڕۆ هەرچی ڕێگە هەیە بۆ دژاییەتییکردنی پارتی و ڕێبازی بارزانی گرتووتانەتەبەر و هەرچی پێویست بووە کردووتانە، بەڵام ئەنجامەکەی، وەک ئەون ددانی پێدا دەنێن، بەهێزتر بوون و ڕەگداکووتانی زیاتری پارتی و خانەوادەی بارزانی بووە.
| لێ مخابن، پێڕەوەکانت لەجیاتی ئەوەی پەند لەو شکستە وەربگرن و ئاماژە بە ڕاستکردنەوەی ئامانج و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی کارکردن بۆ خزمەتی گەل و وڵات بکەن، سەرکۆنەی گەل دەکەن |
ئەم ددانپێدانانە باش دەبوو ئەگەر بۆ ڕاست کردنەوەی ڕەوتی کار و دۆزینەوەی کێماسییەکان بووایە. لێ مخابن، پێڕەوەکانت لەجیاتی ئەوەی پەند لەو شکستە وەربگرن و ئاماژە بە ڕاستکردنەوەی ئامانج و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی کارکردن بۆ خزمەتی گەل و وڵات بکەن، سەرکۆنەی گەل دەکەن کە هێشتا دەنگیان بە پارتی و بارزانی داوەتەوە. هەروەها بە توڕەییەوە دەڵێن: "دیارە نیشانە لە دڵی پارتی نەگیراوە و تیرەکە بەر قاچ و قلی کەوتووە"! ئاخۆ ئەو بیرکردنەوە و ڕەتکردنەوەیە جگە لە فاشیزم پێناسێکی دیکەی هەیە؟
ئایا کام ڕێبازی سیاسی تا ئەوڕادەیە بە ڕق و شەڕانی دەڕوانێتە بەرامبەرەکەی و پیلان بۆ نیشانەگرتن لە دڵی دادەنێ؟ ئایا لە هەموو قاموسەکانی سیاسەتدا یەک ڕستە هەیە ئەو ڕەوتە لە دیموکراسی بە نزیک بناسێنێ؟
بەڕێزم:
تۆ ئێستا سەرکردەی حزبێکی کە لەسەر جەستەی خوێناویی برای خۆی دانیشتووە و پێی پێدەکەنێ، دەزانم ئەگەر بەزەییت بە هاوسەنگەر و هاوبیرانی خۆتدا نەیەتەوە گاڵتەجاڕییە داوای خۆشویستنی ئەوانەت لێ بکەم کە نزیکەی پەنجا ساڵە دەیانبوغزێنی، بەڵام ئیدی ئێستا کاتی گۆڕینیەتی!
| بەڵێ، کاک نەوشیروان، ئێستا گەلی کورد لە خاڵێکی هەستیاری ژیانی خۆیدایە و ئومێدی زۆری بە گۆڕانکارییەکانی دنیا هەیە، کاتی خۆخۆری و یەکتر بوغزاندن نییە. |
بەڵێ، کاک نەوشیروان، ئێستا گەلی کورد لە خاڵێکی هەستیاری ژیانی خۆیدایە و ئومێدی زۆری بە گۆڕانکارییەکانی دنیا هەیە، کاتی خۆخۆری و یەکتر بوغزاندن نییە. ئەوەی پارتی و خانەوادەی بارزانی تا ئێستا بە پێشەنگی هێشۆتەوە پابەندبوونیانە بە ڕێبازی نەتەوەیی. کاتی ئەوەیە تۆیش بڕیار بدەیت ئاخۆ لەگەڵ نەیارە سیاسییەکانتدا خزمەتی ئاواتەکانی گەلەکەت دەکەیت، یان لەسەر ڕێگەیەک بەردەوام دەبیت کە زۆریش ماندووی کردوویت؟
مەهێڵە دوا ساڵەکانی تەمەنی سیاسییت ببێتە هۆی لەتکردنی کۆمەڵگە و دژایەتیی ئاواتەکانی گەلەکەت، هەوادارنت دڵگەرمن، ناکرێ ئەو هەموو وزەیە لە دژی شەپۆلی ئاواتەکانی گەلەکەت بێت، تۆ دەتوانی هاوکار بیت، پێویستە ئامانجەکەت بگۆڕیت.
بەڵێ بیگۆڕە. دژایەتی بگۆڕە بۆ ململانێی سیاسی، مەهێڵە لە تەنیشت تۆوە سایت و جنێونامەی ڕاسپێرداو، کۆمەڵگە پڕ بکەن لە ڕق و سووکایەتی. یەک بڕیاری بوێرانەی دەوێ، "دار پیر دەبێ و یەکجار هەڵۆ لەسەر دەنیشێتەوە". مەهێڵە چیتر ببیتە خانەخوێی قەڵەڕەشەکان.




