شوورەییە ئەم شكاتكارییە

زكری مووسا
بردنی شكات و شكاتكاری بۆ لای خەڵكی بیانی دیاردەیەكی ناشرینە دەمێكە هەڵسووڕاوانی گۆڕان خوویان پێ گرتووە و دوو حزبە ئیسلامییەكەش كەوتوونەتە لاساییكردنەوەی. هەرچەندە هەڵبژاردنی 21ـی ئەیلوول بەهەموو پێوەرێكەوە چیرۆكی سەركەوتنی كوردستان بوو بەڵام چەند ڕۆژێكە هەڵسووڕاوانی گۆڕان و دوو حزبە دینیەكە هەوڵی ناشرینكردن و لەكەداركردنی دەدەن و كونسوڵ و ڕێكخراوی بیانی نەماوە شكاتی بۆ نەبەن. هەندێ ڕێكخراوی كوردیی سەر بە ئەوانیش لە ئەوڕووپا ئەركی ناشرینكردنی هەڵبژاردنیان وەئەستۆ گرتووە.
| كەس نەیبیستووە ئەورووپاییەك بێت و لای كوردێك یان عەرەبێك و تەنانەت ئەمەریكاییەك شكات بكات و وڵاتەكەی ناشرین پێشان بدات |
كەس نەیبیستووە ئەورووپاییەك بێت و لای كوردێك یان عەرەبێك و تەنانەت ئەمەریكاییەك شكات بكات و وڵاتەكەی ناشرین پێشان بدات. ئەوە لای عەرەب و تورك و فارسیش نییە. ئەم نەریتە تەنیا لای كورد دەستدەكەوێت. لە ڕاستیدا ئەوەیان سووكایەتیكردنە بە ئیرادەی نەتەوەیەك كە دەیەوێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت. بردنی گلەیی و شكات بۆ لای بیانی بەو مانایە دێت كە بڕوایان بە تواناكانیان و هاووڵاتیان و وڵاتەكەیان نییە. دەبێ ئەم بەڕێزانە بزانن كە چارەی گرفتەكان تەنیا لێرە و لەسەر خاكی كوردستان و تەنیا بەدەستی هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە دەكرێت. شكات بردن بۆ لای خەڵكێك كە نیوسەدە شاهیدی قڕكردنی كورد بوون و نووزەیان لێ نەدەهات چ سوودێكی هەیە؟ سەیرە شكات دەبرێتە لای خەڵكێك كە زۆر بە ئاسانی دەتوانن ڕێگە لە ئەتكبوونی كەرامەتی مرۆڤ لە سووریا بگرن بەڵام نایگرن.
| لە ڕاستیدا ئەوەیان سووكایەتیكردنە بە ئیرادەی نەتەوەیەك كە دەیەوێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت. بردنی گلەیی و شكات بۆ لای بیانی بەو مانایە دێت كە بڕوایان بە تواناكانیان و هاووڵاتیان و وڵاتەكەیان نییە |
هێشتا نهێنیی ئەم هەوڵانە بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا نەبووە كە مەبەست لە كاركردن بۆ ناشرینكردن وڵات لای خەڵكی دی چییە؟ ئەگەر ئامانج لێی پێشكەوتنی دیموكراسی بێت ئەوە ئەم بەڕێزانە چەندین ساڵە بە ئازادییەكی كەموێنە بەشداری هەڵبژاردنەكانن و كورسیشیان هێناوە. میدیاكانیان بەوپەڕی دەستكراوەیی پەلاماری داروبەردیان داوە و كەسیش ڕێگرییان لێ نەكردووە. كەس لەمەڕ بوونی پەیوەندییە دەرەكییە بەربڵاوەكانیان یەخەی نەگرتوون. كەس ڕێگەی لێ نەگرتوون بە سەدان سایتی ئەنتەرنێت و تۆڕی كۆمەڵایەتیی سەیر و سەمەرەیان بۆ تەشهیر و ناوزڕاندن و سووكایەتیكردن بە خەڵك داناوە و هتد..
ڕەنگە هۆكاری هەوڵی ناشرینكردنی وڵات لای خەڵكی بیانی تەنیا لەبەر ئەو ڕقە ئەستوورە مێژووییە بێت كە لەبەرانبەر لایەنێكی سەرەكیی ئەم وڵاتەدا هەیە و ئەوەیش لەگەڵ لۆژیكدا ناگونجێ. چونكە كاری سیاسی لەسەر بنەمای ڕق و كین سەرئەنجامەكەی بنبەست و دووركەوتنەوەیە لە عەقلانیەت. ئەگەر مەبەست نائومێدكردنی ڕۆژئاوا و ئەوڕووپا بێت بۆ ئەوەی چیدی پاڵپشتی ئەزموونی هەرێمی كوردستان نەبن لە ڕاستیدا دەچێتە خانەی ناپاكیی نەتەوەییەوە. ئەگەر نهێنییەكەش ئەوە بێت كە لە بنەڕەتدا ئەم سێ لایەنە بڕوایان بە قەوارە و دیمۆگرافیای هەرێمی كوردستان نییە بۆیە هەموو ڕێگەیەك بۆ لاوازكردنی تاقی دەكەنەوە ئەوەیان زۆر مەترسیدارە و دەبێ قسەی جدیتری لەسەر بكرێت. ئەگەر پاكانەشیان بۆ ئەم كارانە گەشەی دیموكراسی بێت بیانوویەكی بێ بنەمایە چونكە دیموكراسیی كوردستان تەنیا لەسەر دەستی خەڵكی كوردستان دێتە دی نەك خەڵكی بیانی.




