٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە یادی 20ساڵەی هێنانەوەی تەرمی نەمران بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لە یاد بۆ خاكی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی

پێشمەرگەی دێرینی كوردستان (حەسكۆ ئەحمەد گۆران):، بارزانیی نەمر لەگەڵ پێشمەرگە هەمیشە خۆی بە خزمەتكاری میللەتی دەزانی و دەیفەرموو: من پێشمەرگەیەكی كوردستانم و زۆر پێی ناخۆش بوو كە بە ناوی گەورە ناوی ببەن

6/10/1958 یادی گەڕانەوەی سەربەرزانەی رابەری كورد بارزانیی نەمر لە سۆڤیەت بۆ كوردستان، هەروەها 6/10/1993 تەرمی پیرۆزی بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی جوانەمەرگ هێنرانەوە خاكی پیرۆزی كوردستان و لە گوندی بارزان مەڵبەندی بەرخودانی كوردایەتی و شۆڕش بەخاكی پیرۆزی كوردستان سپێردران،بە پێویستمانزانی بۆ ئەم یادەلە گەڵ پێشمەرگەی دێرینی كوردستان (حەسكۆ ئەحمەد گۆران) ناسراوە بە (حەسكۆ گۆران) كوڕی شەهیدی قارەمان ( ئەحمەد گۆران ) كە شۆڕشگێرەكی ئازای ناو بارزانییەكان بووە و بەشداری لەشۆڕشەكانی بارزان 1932 و بزاڤی كوردایەتی رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە و بەشدار بووی شۆڕشی دووەمی بارزان بووە بە داخەوە ئەو شۆڕشگێرە لە گەڵ شەهیدی فەرماندە عوزیرئاغا زراری و یاسین عیسا پێندرۆیی لە ئەیلوولی 1945كە دوژمن بە هێزێكی زۆر جاش و سوپا هێرشێكی گەورەیان كردە سەر دینارتە لە بەرگری كردن لە خاكی كوردستان شەهید دەبن، دوای شەهید بوونی باوكی بەشداری لە شۆڕش ئەیلوول و گوڵان و راپەڕینی كردووە و یەكێك بووە لە ئەو پێشمەرگەیانەی كە لە چەندەها داستانەكانی بە ناوبانگی رۆڵێكی بەرچاو هەبوویە بۆ ئامانجەكانی ڕەوای كوردستان، ئەم پێشمەرگەیە چەندین یادگاری و وێنەی پێشمەرگایەتی هەبوو و هەندێك لە یادگارییەكان كە لە لایەن سەرۆك مسعود بارزانی پێیدرابوو وەكو چاوی خۆی پاراستوونی، ئێمەش ئەم بۆنەیەمان بە دەرفەت زانی تا ئەم تێكۆشەرە بەسەر بكەینەوەو بۆ ئەم مەبەستە لە ماڵی خۆی پێشوازی لێ كردین:

·       پێشمەرگەی دڵسۆزی كوردستان (حەسكۆ گۆران ئەحمەد) لەساڵی 1940 لە گوندی بێدودی سەر بەدەڤەری بارزان لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر و خەباتكار لە دایكبووە، لە تەمەنی 5 ساڵی بووە كە باوكی قارەمانی ئەحمەد گۆران شەهید بووە ودوای لە گەڵ خانەوادەكەی ئاوارەی كوردستانی رۆژهەڵاتی ئێران بووە،هەر لە تەمەنی منداڵی تا گەورەبوونی لە ئاوارەیی و دەردەبەریدا ژیاوە، جا مام (حەسكۆ گۆران) بەمشێوە باسی سەرەتایی هەڵدانی چەكی شەرەفی لە شانی كە دەبێتە پێشمەرگەی بارزانی و كوردستان گوتی:

سەرەتایی دەستپێكردنی چەكی شەرەفم بۆ ئەوەی چیتر دۆژمنان زۆڵم لە دەڤەری ئێمە و هەموو ناوچەكانی كوردستان نەكەن بۆ ئەوەی ئێمە دەبی بەشداری بكەین لە ئەو شۆڕشە، ئەو شۆڕشە بۆ ئەوە بۆ كە گەلی كورد بە مافی خۆی بكات، رابەری بزوتنەوەی ئازادی كوردستان بارزانیی نەمر لە سۆڤیەتی جاران گەڕابووەوە خەڵكی دەڤەری ئێمەش چووبوونە پێشوازی لە 6/10/1958 كە زۆربەی خەڵكی ئێراق و كوردستان بە هەموو چین و توێژێك و بە كوردو عەرەب و موسڵمان و ئاشووری و توركمان و كلدان و مەسیحی و ئێزیدی و هتد پێشوازییان لێكرد. ئەو رۆژە رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ میللەتی كوردستان كە رابەریان بە سەلامەتی و سەربەرزی گەڕایەوەو پێی سەرفراز بوون، دوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر بۆ دەڤەری بارزان، پاشان هەڤاڵانی تری بارزانیی نەمر لە سۆڤیەت جاران گەرانەوە، ئەوە بوو لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولكە تەمەنی 19ساڵی دا بووم كە ئارەزووم بوو كەتفەنگم لە شان بكەم و بەردەوام بم لە خوێنی باوكی شەهیدم بۆ رێبازە پیرۆزەكە، بتوانم ببمە پێشمەرگەی بارزانیی نەمری باوك ئەو سەركردە و رابەری بزۆتنەوەی كە بۆ ئازادی و سەربەخۆی كوردستان خەباتی دەكرد و ساڵی 1961 من هەر لە بادینان تاكو هەرناوچەكانی تری كوردستان كە ئازاد بكەین لە ناو دەستی دوژمنمان دەهینادەر و بە حەقیقەت شۆڕشێك لە پێناو رزگاری لە بن ناعەدالەتی و زۆڵمداری دوژمنان. من لە گەڵ شەهیدی فەرماندە حادی ڤاژی دابووم، لە داستانەكانی بادینان و هەتا ئەو نەبەردانە بە سەختی خەباتمان كرد و گیانمان لە گەڵ بارزانیی نەمر دایە شۆڕش بۆ سەركەوتن و خۆراگری و گەورەیە ئەو شۆڕشی ئەیلوول بۆ رابەری كورد بارزانیی نەمر دەگەڕێتەوە كە هەموو كاتێك ئامادەی خۆقوربانیدان بوویە بۆیە ئەم شۆڕشە سەردەكەوت.

 

·       لە بارەی رۆڵی بارزانیی نەمر لە گەڵ پێشمەرگەكان و جەماوەری كوردستان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، مام (حەسكۆ گۆران) گوتی:

هەموو كاتێك بارزانیی نەمر ورەی دەدا بە پێشمەرگەو جەماوەر بۆیە رۆژانە خەڵك دەچووە ناو دڵی، رابەریكی عەدالەت خواز بوو، دەرگای بۆ هەموو كەسێك، گەورەو بچووك واڵا بوو، بارزانیی نەمر هەمیشە ئەوەی لە توانای دابوو بۆ خەڵك چارەسەری دەكرد، خاوەن پەیمان و بەڵێنی خۆی بوو و هەتا دوژمنەكانیش دەیانزانی كە چەند خاوەن بەڵێنە، بارزانیی نەمر رابەریكی بە قەناعەت بوو لە ژیانی خۆی وەك پێشمەرگە دەژیاو لە رووی جلوبەرگ و خواردن چ جیاوازی نەبوو لەگەڵ پێشمەرگە هەمیشە خۆی بە خزمەتكاری میللەتی دەزانی و دەیفەرموو: من پێشمەرگەیەكی كوردستانم و زۆر پێی ناخۆش بوو كە بە ناوی گەورە ناوی ببەن، هەمیشە لە گەڵ پێشمەرگە لە پێشەوەی سەنگەر بوو و هەمیشە لەیادمە بارزانیی نەمر كە ئەو رۆژانەی كە بەمان و نەمان گیانی خۆی هەڵبژاردەبوو بۆ كوردایەتی و لە گەڵ ئێمە پێشمەرگەكان پەیمان و روحمان بۆ كوردستان دانا بوو، بەراستی بارزانیی نەمر بوو كە دەیزانی پێشمەرگە دەتوانێت بەرگری لە خاك و كوردستان بكات،بارزانیی نەمر هەموو كاتێك ئەو كەسانەی خزمەتی شۆڕشیان دەكردو چەكەیان دەكردە شان فەرامۆشی نەدەكردن و ناوی ئەو كەسانەی هەمیشە دەهێناو قەت لە بیری نەدەكرد، بۆیە دەڵێم ئێمەی پێشمەرگەكان لە گەڵ رابەریان بارزانیی نەمر باوەری تەواو لە رێگای خۆمان هەبوو كە رۆژێك دێت هەر سەردەكەوین و رۆژێك دێت كوردستان ئازاد دەبێت. ئێمەی پێشمەرگەكان و جەماوەری پارتی باوەریمان بە خۆمان بە رێگامان بە سەركردەكانمان هەبووكە كوردستان ئازاد دەبێت و سەركەوتن بۆ پارتی و بارزانی دەبێت.

·          لە بارەی هەندیك لە سیفەتە بەرزەكانی رابەری كورد بارزانیی نەمر لە شۆڕشی ئەیلوولدا مام(حەسكۆ گۆران) چاوەكانی پڕ ببوون لە فرمێسك گوتی:

 بارزانیی نەمر رێز لە هەمو كەسی دەگرت، بەردەوام لە رێزەكانی پێشەوە بوو، بەردەوام دەیفەرموو: هیچ خەمتان نەبی دوژمن سەرشور دەبی ئێمە سەركەوتن بەدەست دەهێنێن، بارزانیی نەمر هەموو كاتێك لە حال و ئەحوالی ئێمەو منداڵان و كەسوكاری پێشمەرگەكان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەپرسی، بارزانیی نەمر هیچ كاتێك حەزی بە شەڕ نە كردووە و هەموو كاتێك حەزی لە تەبایی و برایەتی بوویە و تەنها لە پێناو ئاشتی و ئازادی خاك كوردستان تێكۆشاوە وەكو هەموو جار دەیفەرموو:من تەنها داوای مافی گەلەكەم دەكەم كە بە ئاشتی و ئازادی بژین. جا بۆیەئێستاش و تادەمرم خۆم هەر بە پێشمەرگەی بارزانیی نەمر دەزانم چونكە ئەو تەنها لە سەر عەدالەت و ئازادی لە سەر حەقی خاكی كوردستان شۆڕشی بەرپا كرد، بارزانیی نەمر دەیفەرموو:خزمەتی گەڵ و نیشتمان بكەن و خیانەت بە گەل نەكەن واتە ئەوە بوو بیروبووچوونی و هەستە نەتەوەایەتی و كوردایەتی رابەری كوردستان بارزانیی نەمر بە كوردستان. بارزانیی نەمر هیچ كاتێك حەزی بە شەڕ نە كردووە و هەموو كاتێك حەزی لە تەبایی و برایەتی بوویە و تەنها لە پێناو ئاشتی و ئازادی خاك كوردستان تێكۆشاوە وەكو هەموو جار دەیفەرموو:من تەنها داوای مافی گەلەكەم دەكەم كە بە ئاشتی و ئازادی بژین.

لە بارەی بیرەورییەكانی لە گەڵ شەهیدی هەمیشە لە یاد ئێدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی مام(حەسكۆ گۆران)گوتی:

 بە حەقیقەت شەهیدی هەمیشە لە یاد كاك ئیدریس بارزانی ئەویش سەركردەی رۆژانی سەرسەختی خەبات بۆ كوردایەتی بوو، سەركردەیەك بوو كە هەموو تەمەنی خۆی لە پیناو رێبازی باوكی بارزانیی نەمر تەرخان كردەبوو، فەرماندە و سەركردە سەدان نەبەرد و داستانەكان بووە، هەمیشە ژیانی وەك پێشمەرگە بوو و ئاواتی بوو كە كوردستان رۆژێك ئازاد بێی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە ئاوارەییدا كە ئێمە ماڵ و خێزانمان بەجێهشت چووینە پاڵ شۆڕشی گوڵان بۆ ئەوەی دیسان خەبات بكەین بۆ كوردستانی ئازادبەشداری شۆڕشی گوڵانم كرد و بوومە پێشمەرگە لە گەڵ فەرماندەی هێزی بارزان د.سەعید ئەحمەد نادر دابووم هەمیشە و بەشداریم بە حەماسە و كوردایەتی بوو و چوومە ناو رێزەكانی پێشمەرگە، ئیدریس بارزانی مرۆڤێكی بەڕەحم بوو، هەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازاری خەڵكدا بوو، هەتا لە ئاوارەییی لە ئێران هەموو جار سەردانی ئاوارەكانی دەكرد، ئەگەر ئێمەی پێشمەرگە لە ناو سەنگەری خەبات بووین ئەگەر بە خۆی نەچووبایە نوێنەری خۆی دەنارد ماڵی پێشمەرگە یان ماڵە شەهیدەك كە چ پێویستە بۆ بكرێت، رۆژانە خەڵكی دەبینی و لە هەموو چین و توێژەكان سەردانیان دەكرد یارمەتی خەڵكی دەدا لە هەموو روویەكەوە. شەهیدی هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانی لە گەڵ سەرۆك مسعود بارزانی لە قوتابخانەی كۆڵنەدانی و كوردایەتی باوكیان بارزانیی نەمر فێربوون لە پاڵ بارزانیی نەمری باوكیان خزمەت بە كوردستان بكەن. جگە لە براوو دوو هاوڕێی خۆشەویستی یەكتریش بوون، كاك ئیدریس بارزانی هەمیشە پشتی سەرۆك مسعود بارزانی بووە و هیچ شت و كەسێ نەیتوانیوە كار لە برایەتی نیوانیان بكات . لە ئاوارەیی و شۆڕشی گوڵانی نیشتمانی خواز هەردووكی وەكو ئەو شۆڕشەیان بەرپا كرد كە درێژە پێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو و لە سەرهەمان بناغە لە گەڵ جەماوەریان و پێشمەرگەكانیان خەباتیان كرد و گوتیان كە شۆڕش بەردەوامە.

·           ئەوەمان لە مام (حەسكۆ گۆران) پرسی ئەو وێنایە و ئەو دوربینە و تفەنگ و خەنجەرە چ بە تۆ دەگەینی، گوتی:

 كە سەیری ئەو یادگارییەكام دەكەم بۆنی رابەرو سیمبولی نەتەوەكەمان بارزانیی نەمری لێ دێت و زۆر فەخری پێوە دەكەم، یادی رۆژانی سەخت و داستانە مێژووییەكان دەكەم، یادی رۆژانی پێشمەرگایەتی، یادی ماندووبوون و یادی بیرەورییەكان و ماڵوێرانی و دەربەدەری و یادی هەڤاڵەكان و شەهیدەكان و یادی رۆژانی پڕ لە بیروباوەڕی رێبازی پارتی و بارزانی دەكەم، ئەوانە گەورەترین سەروەتە لای من، گەورەترین سەرمایەیە، بەشێكە لە مێژووی كورد و دەستپێكەكانی شۆڕش.گەورەترین شت بوو لای من چەندەها ساڵە وەك چاوم دەیپارێزم و لام گەورەترین دیارییە.

·           لە كۆتاییداو لە یادی گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە سۆڤیەت و لەهەمان كاتیش یادی هێنانەوەی تەرمی پیرۆزی بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لە یادیش، مام (حەسكۆ گۆران) گوتی؟

ئەمڕۆ لە یادی گەاڕنەوەی بۆ كوردستان ئەو مێژوەمان بیر دێتەوە كە بارزانیی نەمر بوو كوردی بە دونیا ناساند كە كوردیش مافی خۆی هەیە وەك گەلانی تر بە ئاسودەیی و سەربەرزی بژیت، ئەوە بوو كە لە دوای راپەڕین، سەرۆكی كوردستان بەڕێز سەرۆك مسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری گواستنەوەی تەرمی پیرۆزی هەردوو نەمران بارزانیی نەمر و كاك ئیدرسی هەمیشە زیندوو دەدا لە گۆڕستانی شاری شنۆی، بۆ كوردستان لە رێورەسمێكی جەماوەری 6/10/1993 تا 8/10/1993 بە و مێژوویی تەرمی نەمران دەگوازرێتەوە خاكی ئازادی كوردستان و لە گوندی بارزان زێدی رەسەنی خۆیان كە مەڵبەندی بەرخودانی كوردایەتی و شۆڕش بوو بۆ دواجار بە خاكی پیرۆزی كوردستان دەسپێردرێن. لەم یادە دا دەبێ هەموو خەڵكی كوردستان پاڵپشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆك مسعود بارزانی بن، ئەو ئازادی و بەرقراری هەیە هەموو پارتیە، ئیمەش زۆر پیویستە ئەم دەستكەوتانە بپارێزین و باشتری بكەن و بەرەو پێشەوە ببەین و ئێستا ئەم ئەركەی لەسەر شانی گەنجەكانی ئێمەیە كە بیپارێزن و وڵاتمان ئاوەدان بكەن و كار بكەن بۆ ئەو ئامانجانەی كە بەدەست نەهاتوون و رابردوی خۆمان لە بیر نەكەین بۆ رێگری لەو كارەساتە نەخۆشەكان كە بەسەرمان هاتوونە رابردومان لە بیر نەكەین بۆ رێز گرتن لە خوێنی هەزاران شەهید رابردومان لەبیر نەكەین، بۆ رێگری لە دەبارە بوونی هەزاران كارەساتی دوبارە كە بەسەر مان هاتوونە رابردو لەبیر نەكەین و بە هیچ دەست كەوت مەغرور نەبین، لەم یادەدا هەزاران سڵاو و درود لە گیانی گشت شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو. سوپاس بۆ ئێوە و رۆژنامەی خەباتان كە ئێمەی بەسەر كردەوە، هیوای سەركەوتن بۆ رۆژنامەی خەبات دەخوازم.  بژی كورد.. بژی بارزانی

تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4417) ی رۆژنامەی خەبات(6-10-2013) بڵاوبوویتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار