٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پاراستنی ئاسایش ئەركێكی بەكۆمەڵە

سەرچاوە: KDP.info

نەزهەت حالی

ساڵانێكە هەڕەشەی تیرۆریزم لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام بە پشتیوانیی خوای گەورە و گەلی كوردستان، كار و کارامەیی دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەكان و هێزی پێشمەرگە، بە دوورکەوتنەوەی گەلەكەمان لە كەلتووری توندڕەوی، ئاسایشی هەرێم تا رادەیەكی زۆر باش پارێزراو بووە. بەڵام هێرشی تیرۆریستان لە رۆژی ٢٩/٩/٢٠١٣ بۆ سەر بارەگای ئاسایشی هەولێر، ڕادەی مەترسیی ئەو هەڕەشەیە پێشان دەدات، لەلایەکی تریشەوە دلێری و چاونەترسیی ڕۆڵەکانی ئاسایشی هەرێم دەردەخات کە مەردانە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە تێرۆریستییە بوونەتەوە، تیرۆریستان لە وڵاتانی تریش و زۆر جار هەوڵ دەدەن ئەو دامەزراوانەی كە بەرپرسن لە دابینكردنی ئاسایش، بكەنە ئامانج بۆ ئەوەی بەربەستی سەرەكی لە بەردەم كردەوە تیرۆریستییەكانیان نەهێڵن و متمانەی هاووڵاتیانیش بەو دامەزراوانە لاواز بكەن، بۆیە گرنگیی هۆشیاریی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و هاوكاریكردنی دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەكان، بابەتێكی هەستیار و پڕ بایەخە.

هەڕەشەی تیرۆریزم لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەر گەلێك هۆكار رۆژ لە دوای رۆژ لە پەرەسەندندایە، لەوانە لادانی هەندێ كەسی بەناو دیندار و ئایینپەروەر، بەڵام لە راستیدا لە ئایین و مرۆڤایەتی لادراو كە تەنیا خەریكی بەلاڕێدابردنی گەنجانی موسڵمانی ناوچەكەن و ئەوەی جێگای داخە، گەورە زانایانی ئایینیش وەكو پێویست دژی ئەو هزرە مەترسیدارە كاریان نەكردووە، فەتوای پێویستیان دەرنەكردووە بۆ حەرامكردنی كردەوە تیرۆریستییەكان.


هەڕەشەی تیرۆریزم لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەر گەلێك هۆكار رۆژ لە دوای رۆژ لە پەرەسەندندایە، لەوانە لادانی هەندێ كەسی بەناو دیندار و ئایینپەروەر



نووسەر و رۆشنبیرانیش هەنگاوی پێویستیان نەهاویشتووە بۆ ئاشكراكردنی رووی راستەقینەی تیرۆریستان.

ئابووریی لاواز و بێكاری و مانەوە لە خەیاڵ و رابردوو و بیری كۆن و قبوڵنەكردنی دونیای مۆدیرن و هزری نوێ، گرنگینەدان بە زانست و مەعریفەی سەردەم، بە دیوێکی تریشدا بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای نوێ و داهێنانكردن لە تاوان و كوشتن، پەروەردەكردن و راهێنانی گرووپە تیرۆریستییەكان و پاڵپشتیكردنیان لەلایەن هەندێ وڵاتی ناوچەكە، بەكارهێنانیان وەكو كارتێكی گوشار دژی نەیارەكانیان بە بێ بیركردنەوە لەوەی ئەو گرووپە مەترسیدارانە رۆژێك لە رۆژان دژی ئەوانیش هەڵدەگەڕێنەوە.

هەروەها نائارامیی سیاسی و نەبوونی تەناهی لە بەشەكانی تری عێراق و لە هەندێک وڵاتی تری ناوچەكە بە تایبەت سووریا، ژینگەیەكی گونجاوی بۆ گەشەسەندنی تیرۆریزم بەرهەم هێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا تیرۆریستان و دوژمنانی ئازادی و دیموكراسی و مرۆڤایەتی و رزگاریی گەلەكەمان پێیان ئەستەمە دڵخۆشی و خۆشگوزەرانیی گەلی كوردستان ببینن، لەبەر هەموو ئەو هۆكارانەی سەرەوە و هەندێ هۆكاری تریش، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ تێكدانی بارودۆخی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان، لە بەرانبەریشدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە هۆشیاری و یەكگرتوویی گەلی كوردستان و پشتیوانیكردنیان لە دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەكانە پیلانی دوژمنان و تیرۆریستان پوچەڵ دەكاتەوە و خەونەكانیان لە گۆڕ دەنێت، لەبەر ئەوەی گەلی كوردستان ئەو هەرێمەی بە خوێن و قوربانیدان ئازاد كردووە، بونیادی ناوە و زۆر لایەنیش حەز ناكەن گەلی كوردستان خاوەن ئەو ئەزموونە سەرکەووتووە بێت و لە خۆشگوزەرانی و ئازادی و ئاسایش و ئارامیدا بژیت، ئەمە وا دەکات ئەركی هەموومان قورستر بێت بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەمان، هەر بۆیە پاراستنی ئاسایش ئەركێكی بەكۆمەڵە و هەر هاووڵاتییەكی هەرێم دەبێت دژی پەرەسەندنی هزری توندڕەوی و تیرۆریستی بێت، لە هەر زانیاریەكی گرنگی ئەمنی، هەر جموجۆڵێكی گوماناوی، دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی هەرێمی لێ ئاگادار بكاتەوە و بەو كارەی بەشدارییەكی گرنگ دەكات لە پاراستنی گیانی خۆی و هاووڵاتیان و ئەركێک لە ئەركە هەرە گرنگەكانی هاووڵاتیبوونی خۆی جێبەجێ دەكات. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بابەتی ئاسایش و ژیانی هاووڵاتیان وەكو ئامرازێكی سیاسی لەلایەن پارت و لایەنە سیاسییەکانەوە بەكار بهێنرێت بۆ شكاندنی یەكتری و هەموویان بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەییان لە ئەستۆیە بۆ پاراستن و بەهێزكردنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئینجا لە پارتە فەرمانڕەواكان بن یا ئۆپۆزیسیۆن، هەمومان لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسیی هەرێمداین و پرۆسەی سیاسیش دەبێت لە خزمەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و پتەوكردن و تۆکمەکردنی ئاسایشی هەرێمدا بێت.

 پاراستنی ئاسایش ئەركێكی بەكۆمەڵە و هەر هاووڵاتییەكی هەرێم دەبێت دژی پەرەسەندنی هزری توندڕەوی و تیرۆریستی بێت



ڕۆڵی زانایانی ئایینی و ناوەندە ئاكادیمی و زاستییەكان، نووسەر و میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دوورخستنەوەی هزری توندڕەوی و پاکڕاگرتنی کۆمەڵگەکەمان لە هەموو بیروبۆچوونێکی نامۆ و توندڕەوانە و هۆشیارکردنەوەی تاکی کوردستانی، جگە لەوەی پاڵپشتێكی بەهێزە بۆ سەركەوتنی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێم، ئەركێكی ئایینی و ئەخلاقی و نیشتمانپەروەرانەیە، هەر كەسێك لە هەرێم بە كردەوە تیرۆریستییەكان خۆشحاڵ بێت، نە مرۆڤە و نە باوەڕدار و نە كوردە و نە كوردستانی.

لە کۆتاییدا ماوە ئەوە بڵێین لە پرسەی شەهیدانی پاراستنی ئاسایش، جگە لە خەمباریی لە دەستدانی ئازیزەکانیان تەنیا و تەنیا دڵسۆزی كەسوكاری شەهیدە قارەمانەكان و ئەو خەڵكە دەروونپاكە بوو دەبینرا و هەستی پێ دەكرا و گیانفیدایی و ئامادەکارییان بۆ قوربانیدان لە پێناو سەربەستی و ئازادی و ئاشتی و ئارامی بە ڕوویانەوە دیار بوو وەكو هەموو ئەوانەی لە ساڵانی رابردوو بۆ كوردستانە خۆشەویستەكەیان قوربانییان داوە.

ئاسایشی هەرێم تا رادەیەكی زۆر باش پارێزراو بووە. بەڵام هێرشی تیرۆریستان لە رۆژی ٢٩/٩/٢٠١٣ بۆ سەر بارەگای ئاسایشی هەولێر، ڕادەی مەترسیی ئەو هەڕەشەیە پێشان دەدات، لەلایەکی تریشەوە دلێری و چاونەترسیی ڕۆڵەکانی ئاسایشی هەرێم دەردەخات



دوژمن گەر بزانێت ئەم گەلە بە كوشتن و تیرۆركردن نەك لە ئیرادە بەهێزەكەی كەم ناكرێتەوە، بەڵكو بەهێزتری دەكات و هەم لە ناوخۆ یەكگرتووتر و دۆستەكانیشی لە دەرەوە زۆرتر دەكات، هیچ كات بیر لە ئەنجامدانی تاوان دژی گەلی كورد ناكاتەوە. وەک چۆن لە هیچ جارێکیاندا تیرۆریستان نەیانتوانیوە لە چنگی پارێزەرانی ئاسایشی هەرێم دەرباز ببن و بە سزای عادیلانەی خۆیان گەیشتوون، ئەمجارەشیان هەر بە سزای خۆیان دەگەن.

هەواڵی پەیوەندیدار