پردی متمانە مەرجی سەرکەوتنی کۆبوونەوەکانە
مهابات قەرەداخی
جەنابی سەرۆک (مەسعوود بارزانی) لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، دوو پرسیاری ئاڕاستە کردووە و دەیەوێت ڕای خەڵکی لە بارەوە بزانێت، یەکەمیان بڕیاری ئۆپۆزیسیۆن بۆ بەشدارینەکردنی کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی و دووەمیان دوائەنجامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی زاخۆ.
پێش هەر شتێک پێویستە لە بایەخی ئەم پرسیارکردن و ڕاگۆڕینەوەیە تێبگەین، ئینجا پێویستە ئەگەر خوازیاری ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارزدانین، دەمارگیرانە نەدوێین و لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییە تاکڕۆ و کەممەوداکانەوە نەڕوانینە کێشەیەکی چارەنووسساز، کە نیگەرانیی بۆ دڵسۆزانی ئەم خەڵک و خاکە دروست کردووە.
ڕادەربڕین لە پرسێکی وا گرنگدا پێش ئەوەی پێوەندیدار بیت بە ئازادیی ڕادەربڕینەوە وەک مافێکی مرۆیی، بەرپرسیارێتییەکی میژوویی و ویژدانییشە، بۆیە خاوەنی نەزەر و ڕووناکبیرانی کوردستان، پێویستە قسەی خۆیانی تێدا بکەن. من وەک ژنێکی نووسەر ئەم بۆچوونەی خوارەوەم هەیە سەبارەت بە هەردوو پرسیارەکەی (سەرۆک بارزانی).
(بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بین، دەبێت ئاماژە بە کرۆکی کێشەکە بکەین. هەتا کێشەی “نەبوونی متمانە بە یەکتر لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان” چارە نەبێت، دانیشتنیش سوودی نابێت.
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کە نەک لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەستەڵات متمانەیان بە یەکتر نییە، بەڵکوو لایەنە سیاسییە هاوپەیمانەکانیش چ ئەوانەی دەستەڵاتیان پێک هێناوە و چ ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنیان پێک هێناوە، متمانەیەکی ئەوتۆیان بە یەکتر نییە.
بۆ ئەوەی دانیشتن بکرێت و ئەنجامیشی هەبێت، پێویستە سەرەتا پردێکی تۆکمەی متمانە دروست بکرێت و بەسەر ئەم پردەدا بەرەو هۆڵی کۆبوونەوە دووقۆڵی و سێقۆڵی و پینجقۆڵی و تەنانەت سەدقۆڵییەکان بچین.
دروستکردنی ئەم پردە پێش هەر شتێک لەخۆبوردوویی دەوێت و پێویستە قوربانیدان بە بەرژەوەندییەکانی تاک تاکی سەرکردەکان لە پێناوی بەرژەوەندیی کۆی خەڵک و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، ببێتە بنچینە و کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو پردە.
من پێشنیازی ئەوە دەکەم بە زووترین کات و بە دەستپێشخەریی بەڕێزتان “کۆنگرەی دروستکردنی پردی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان”ـدا ببەسترێت.
لەم کۆنگرەیەدا بە سنگێکی فراوان و بە گیانێکی کوردستانپەروەری و مرۆڤپەروەرییەوە کێشەکان باس بکرێن و لەیەکترخۆشبوون لەسەر کێشەکانی ڕابردوو ببێتە هەوێنی مۆرکردنی پەیماننامەی متمانە لە نێوان هەموو هێزە کوردستانییەکان بە ڕاست و چەپ و ناوەڕاست و بە عەلمانی و ئیسلامییەکانەوە.
با لە کۆنگرەیەکی وادا جگە لە سەرکردە سیاسییەکان، خەڵکانی دڵسۆز و خەمخۆری ئێستا و دواڕۆژی کوردستان لە ڕووناکبیران، مامۆستایانی زانکۆ، سەرکردەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نوێنەرانی چینوتوێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەشدار بن و بە شاهێدیی هەموو لایەک پەیماننامەی متمانە لە نێوان هەموو لایەنەکاندا مۆر بکرێت و هەموو لایەک لە کرۆکی ویژدانەوە بڕیار بدەن بەرژەوەندیی فراوان و باڵای خەڵک و خاک لە سەرووی بەرژەوەندییە نزم و تەسکەکانی تاک و گرووپەوە بیت.
دوای بەستنی ئەم کۆنگرە و مۆرکردنی ئەم پەیماننامەیە، هەموو لایەنەکان پێویستە دەست بە پەروەردەکردنی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان بکەن بۆ پابەندبوون بەم پەیمانە. پەیمان و هاوپەیمانێتی نابێت تەنیا لەسەر ئاستی سەرۆكەکاندا بێت و پێویستە ڕۆبچێتە خوارەوە و هەموو ئەندامەکانی جەستەی کۆمەڵگە بگرێتەوە.
ڕاگەیاندنی حزبەکان پێویستە زەمینەسازی بکەن بۆ هەڵبەستنی ئەم پردە و دوای دروستبوونیشی پێویستە بۆ پاراستنی پردەکە وزەی ئاشتیخوازی و خۆشەویستی پەخش بکەنەوە. بە باوەڕی من ئەگەر ئەمە نەکەین، کێشەکان بەردەوامییان دەبێت و تەنگژەی جۆراوجۆر دروست دەکەن و خوانەخواستە دەگاتە قەیرانی بنبەستراو.
مەخابن لە نێو هەموو لایەنە سیاسییەکاندا سەرکردەگەلێک هەن لێدوانەکانیان قەیرانسازە نەک ئاشتیساز، ئەگەر نیازپاکی بۆ دروستکردنی پردێکی وا هەبێت، پێویستە ڕێ لەو جۆرە لێدوانانە بگیرێت، چونکە مێژووی گەلان سەلماندوویەتی هیچ کیشەیەک بە توندوتیژی چارە نەکراوە.




