٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پاراستنی ئاسایش ودەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان ئەركی هەمووانە

سەرچاوە: KDP.info

 رێبوار حەمەلاو شوانی

بەرقراربوونی ئاسایش وسەقامگیری تەنیا پەیوەست نییە بە حزب و لایەنێكی دیاریكراوە، بەڵكو ئەو ئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەر تاكێكی كوردە، خەڵكی كوردستان دەیان ساڵە لە پێناو بە دەستهێنانی مافەكانی خۆی خەبات و تێكۆشانی كردووە و تا بە ئەمڕۆ توانیوێتی ئەو رەوش و دەستكەوتانە بێنێتە ئاراوە، هەر بۆیە دومنان وناحەزانی كورد لە ژێر پەردەی هەر ناو و ئایدەلۆژییەكەوە و رێگەی پیلانگیری بەردەوامەوە هەوڵەكانیان خستۆتەگەر تاكو مەڕامە گڵاوەكانیان جێی بەجێی بكەن.

ئامانجی سەرەكی دوژمنان و ناحەزانی كورد شێواندن و لە باربردنی ئەزموون و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستانە كە بەرهەمی خوێنی هەزران شەهید و ئەنفال و ماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەكانە . ئەوەی لە ئێستادا لە هەمووشتێكی تر گرنگترە پتەوكردن ویەكریزی هەموو حزب ولایەنە سیاسییەكانی كوردستانە و دەبێت هەموو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەوا بزانن لە ئێستادا هاندانی خەڵك بە بەرهەربەهانەیەك وچەواشەكردنی خەڵك بێجگە لە زیانگەیاندن بە ئەزموونی هەرێمی كورستان هیچ شتێكی تری لێناكەوێتەوە.

ئەوەتا چۆن دوژمنانی كورد و شەمشەمەكوێرەكانی تاریكی، كوشتنی و لە ناوبردنی كوردیان پێی رەوایە، هەر وەك دەیان ساڵی رابردوو، چۆن خەڵكی كوردستانیان ئەنفال وكیمیاباران كرد و هەزاران گوندی ئێمەیان وێران كرد، هەر ئەوانەن ئێستا چاویان بە ئازادی و دیموكراستی كوردستان هەڵنایەت و ڕق و كینەی خۆیان بەم جۆرە دەردەبرٍن.

كەواتە پێویستە هەموو هێز ولایەنە كوردستانییەكان ئەو راستییە بزانن، ئەوان تا كاتێك بوونیان هەیە كە كوردستان ئارام و سەقامگیر بێت، ئەگەر هێشتا كەسانێك بۆ مەرامی حزبی، خۆیان یەكلا نەكردۆتەوە و لەناو ئەمبەر و ئەوبەردا لەهاتوچۆدان، ئەوا دەبێ بزانن كە ئیتر پێویستە یەك ڕێگە هەڵبژێرن، ئەویش ڕێگەی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری، كە تیایدا خەڵك و لاوانی كوردستان بۆ خۆشویستنی و خزمەتكردنی وڵات و گەلەكەیان هان بدرێن، یان ڕێگەیەك كە هەموو شتێكی وڵات بە ڕەش و ناشرین وێنا بكات .

لە لایەكی دیكەوە ئەركی مێدیاكان بە گشتی بە تایبەت ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە، كە كار لە سەر هوشیاركردنەوە و وریاكردنەوەی هاووڵاتیان بێت لەسەر گەورەترین مەترسیی سەردەمی كە ئەویش مەترسی تیرۆرە، نەك خوڵقاندنی كەش وهەوایەكی هاندەرانە و بێ ئۆمێدكردنی تاكی كورد، پێوستە خەڵكی هان بدرێت تا خۆشەویستی لە جیاتی چاندنی تۆی ڕق و كینە و تۆلە سەندنەوە لە نێو ناخی خەڵك دا دروست پەروەردە بكرێت كە ئەمە جگە لە جێی بە جێكردنی پیلان و مەڕامی دوژمنان خزمەت بە خەڵكی كوردستان ناكات

هەر بۆیە لە ئێستادا زۆر گرنگە لایەن و پێكهاتەو سیاسەتمەدارانی‌ وڵاتەكەمان بە یەكریزی وتەبایی‌ ئەم قۆناغەش بەرێ‌ بكەن كە كاتی سەركەوتنی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانە، جگە لە بوونی‌ پڕۆژەی‌ كۆنگرەی‌ نەتەوەیی‌ كە هەوڵی‌ بەردەوام دەدرێت بۆ سەرخستنی‌ ئەم هەموو پڕۆژە دیموكراسیانەیە، كە هەموو لایەنەكان بەشدارن لەسەركەوتنی‌ ئەم پرۆسانەی‌ كە لەم هەرێمە بەرێوە دەچن .

بۆیە خەڵكی كوردستان بە گشتی پیۆستە هەر كەسێك لای خۆیەوە بە هۆشیاری و چاوكراوەیی هاوكاری تێمەكانی ئاسایش و پۆلیس بكات تا وڵاتەكەمان بەباشترین شێوە بپارێزین، كوردستان لەم قۆناغە گوازراوەیە پێویستی‌ بە هێزی‌ هەمووانە، چونكە هەموومان براوەی‌ دیموكراسین، هەموومان دەستمان باڵایە بۆ سەرخستنی‌ كۆنگرەی‌ نەتەوەیی‌ كورد، هەموومان بەشدارین لە ئاوەدانی‌ وڵات و پاراستنی‌ ئەمنییەتی‌، هەمووشمان لەم قۆناغەدا دەبێت یەكگرتوو بین .

لە كۆتاییدا دەبێت هەموو لایەك، لەم هەلومەرجە هەستیارەی كوردستاندا، خەمی هەمووان تەنیا یەكڕیزی كورد بێت و بەرەو سەرەبەخۆی كورد بێت و بەرەو سەربەخۆی ئیرادەی كورد بڕوات كە بێگانە جارێكی دیكە نەتوانێت زەفەرمان پێببات و ئەو ئیرادە ئازادەییەی كە دەیان ساڵە كۆششی و قوربانیدانی بۆ داوە هەوڵی تێكچوون وسستبوونی بۆ بكات ئەوەش بە هەوڵ وهێمەتی هەموو لایەنەكان دەكرێت كە هەمووان بەشدار بن لە پاراستی دەستكەوتەكان و لە بەرپرسییاریەتیدا هەماهەنگ بنن ئەم بارە قورسە بەتەنیا بە لایەك هەڵناگیرێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار