٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەبێ هێزە كوردستانییەكان پەیامی تیرۆر بخوێننەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەختیار شاخی

ئەوەی ڕۆژی یەكشەممە 29/9/2013 لە هەولێر ڕووی دا، كردەوەیەكی سادەی تیرۆریستی نەبوو، پەیامێكی سیاسی و هۆشدارییەكی گەورە بوو. بێ پێچ و پەنا دەبێ ددان بەو ڕاستییەدا بنێین ئەگەر تیرۆریستان لە دەرەوەی هەرێمیش ئامادە بكرێن و ڕەوانەی ئێرە بكرین، ئەوا نابێ هیچ گومانمان لەوە هەبێ كە لەناو ماڵی خۆماندا چاوساخیان هەبووە، شوێنیان بۆ دابین كراوە و ئامادەكارییان كردووە.

دەبێ پەیامەكە بە ڕوونی گەیشتبێت، تیرۆریستان ئەگەر لەودیو سنوورەكانیشەوە هاتبن، لێرە، لەناو ماڵی خۆمان، مەدرەسەیەكی فیكری هەیە و كەسانێك بۆ هاوكارییان پەروەردە دەكات، هەر ئەو مەدرەسەیەی پێشتر گەنجانی كوردی ناردووەتە ڕیزەكانی قاعیدە و ئەنساری سووننە و ئەنساری ئیسلام و هەموو گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكە، ئێستایش دەیاننێرێتە سووریا، بۆی ئاسانترە لێرە خزمەتی تیرۆر بكات.

دوای ڕوودانی كردەوە تیرۆریستییەكە، پۆست و كۆمێنتی ژمارەیەك گەنجی گەوجێندراوی كورد لە فەیسبووك مایەی نیگەرانی بوون و نابێ ئەوانە وا بە ئاسانی بەسەرماندا تێپەڕن. ئەوە چ مەدرەسەیەكە ئەوانەی وا پەروەردە كردووە كە ئەگەر كوردستانیش وێران بێت مادەم "پارتی دیموكراتی كوردستان" تێیدا زەرەرمەندە، بۆ ئەوان دەبێتە مایەی دڵخۆشی؟

ئەوە چ وێرانكارییەكی فیكرییە وا لە گەنجێك دەكات دڵی بەو كردەوە وەحشیانەیە خۆش بێت و بە سەركەوتنی ئیسلامی بزانێت بەسەر حزبە عەلمانییەكاندا؟ ئەرێ ئیسلامی سیاسیی لە كوردستان تا كەی دەبێ خۆی بە نوێنەری شەرعی و خەلیفەی مسوڵمانان بزانێت و لە میدیاكانیدا حزبەكانی دیكە بە عەلمانی و غەیرە دین پێناسە بكات؟ ئەوە كێیە ئەوانەی وا پەروەردە كردووە كە بۆ بچووككردنەوەی پارتی دەبێ ئارامیی وڵات تێكبچێت تا كۆمپانیاكانی نەوت بترسێن؟

قسەیەكم لە یەكێك لە كادیرانی ئیسلامی سیاسیی بیست كە تووشی شۆكی كردم: "پارتی پرۆسەی بەنیشتیمانیكردنی نەوتی بۆ سەربەخۆیی كوردستانە، بەڵام ئەگەر كوردستان سەربەخۆ بێت و لە ژێر كۆنتڕۆڵی دەستووری عێراق دەربچێت، هیچ گرێنتییەك نییە ئیسلام ببێتە ئایینی سەرەكیی دەوڵەتەكە، بۆیە ئێمە مانەوەمان لە عێراقدا پێ باشترە لە سەربەخۆیی"!!

ئایا حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی هەیە تا لە پرۆگرامی میدیایی حزبەكان بە گشتی و ئیسلامی سیاسی بكۆڵێتەوە و بزانێ چی بڵاو دەكەنەوە؟ ئەی بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقاف تا ئێستا گوێیان لە وتاری مامۆستایانی ئایینی گرتووە؟ ئایا دەزانن ژمارەیەكی زۆری مزگەوتەكان لە شوێنی خواپەرستییەوە بوونەتە شوێنی دوعاكردن بۆ لەناوچوونی دەسەڵاتدارانی كوردستان؟

كەواتە پێویستە هێزە كوردستانییەكان بزانن، ئەوان تا كاتێك هەن كە كوردستانەكەیان ئارام بێت، ئەگەر هێشتا كەسانێك بۆ مەرامی حزبی، خۆیان یەكلا نەكردووەتەوە و لەناو ئەمبەر و ئەوبەردا لە هاتوچۆدان، ئەوا دەبێ بزانن كە ئیتر پێویستە یەك ڕێگە هەڵبژێرن، ڕێگەی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری، كە تێیدا گەنجانی وڵات بە خۆشویستنی وڵات و هاندانیان بۆ خزمەتكردنی نیشتیمان و گەلەكەیان هان بدرێن، یان ڕێگەیەك كە هەموو شتێكی وڵات بە ڕەش و ناشرین وێنا بكات و دوعای لەناوچوونی دەسەڵاتی كوردستانی بكات.

بۆ حزبە ئیسلامییەكانیش دەبێ ئەو پەیامە زۆر بە ڕوونی بگات، كورد گەلێكی مسوڵمانە، ئیسلامی كوردییش تا ئەوكاتەی بە سیاسی نەكرابوو پاكترین ئیسلام بوو، كەچی ئێستا چوار گەنجی كورد نابینی تەنانەت لە نوێژكردنیشدا وەك یەك ڕاوەستن، پۆشاكیان وەكیەك بێت و سیمایان مسوڵمانێكی كوردی بێت. ئێمە مسوڵمانین، بەڵام ئیسلامێكی كوردیمان دەوێت، ئیسلامێك كە خواپەرستی بێت و گەنجانمان بۆ بەرگریكردن لە كوردستان پەروەدە بكات و پێمان دەڵێ: "ئەوەی وڵاتی خۆی خوش نەوێت، مسوڵمان نییە".

هەواڵی پەیوەندیدار