سالار عوسمان: دەنگی كوردستان، دەنگێك دوای پەنجا ساڵ لە بوێری نەوەستاوە

رادیۆ دەنگی كوردستان، دەنگی بوێریی شۆڕشی ئەیلوول بووە و هاوكات دڕەندەیی رژێمی ئەوكاتی عێراقی بە جیهان ڕاگەیاند. بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی كوردستانیش دەڵێ، دوای پەنجا ساڵ لە تەمەنی ئێزگەكە، لە خەبات و تێكۆشانی سەردەمیانە بەردەوامن.
ڕادیۆی دەنگی كوردستان دوو ساڵ دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە 28\9\1963 دامەزرا، ئێزگەی دەنگی كوردستان سەرەتای كاركردنی بە چەند ئامێر و كەرەسەیەكی سادە و ساكار بەڵام بە ئیرادە و رۆحی شۆڕشگێرانە و بە فیكر و قەناعەتی پێشمەرگانە دەستی پێكرد.
دامەزراندنەكەیشی شۆڕشێكی گەورەی راگەیاندنی ئەو كات بوو، كە بیرۆكە و فەرمانی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ لێزانی و پێشبینیی سەركردەیەكی كاریزمای وەكوو بارزانیی نەمر. بارزانیی نەمر لەو كات و قۆناغە مێژووییەدا پێشبینی و رۆڵی میدیای لە هۆشیاری و فراوانكردنی ئاستی رۆشنبیری و گەیاندنی زانیاری تایبەتیش لە گەیاندن و بڵاوكردنەوەی پەیامی شۆڕشی ئەیلوول بە گرنگ لێكدایەوە و دواتریش لە قۆناغ و رۆژگاری پاش ئەو سەردەم راستی و دروستیی ئەو پێشبینییەی سەلماند.
بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی كوردستان سالار عوسمان، بە "هەولێر"ـی گوت كە دەنگی كوردستان پەیامی شۆڕشی ئەیلوولی بڵاو كردەوە، ئەو شۆرشەی كە لە پێناو ئازادی و سەرفرازی و رزگاركردنی گەلی كوردستاندا بەرپا بوو.
رژیمەكانی ناوەند بە پشتیوانیی زلهێزەكانی جیهان لە هەوڵی وێرانكردنی گوند و ئاواییەكانی كوردستاندا بوون، رژێم هەموو شێوازێكی رەگەزپەرەستانە و نامرۆڤانەی دژی رۆڵەكانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانی شۆڕشی ئەیلوول بەكار دەهێنا و لە هەوڵی ئەوەشدا بوو كە هەموو ئەو تاوانانەی بە نهێنی جێبەجێ بكات و عێراق و جیهان لێی بێئاگا بكات، كە هیچ جۆرە هەواڵ و زانیارییەك لەبارەی شاڵاوە سەربازی و كۆمەڵكوژییەكانی ئاشكرا نەبن و پەردەپۆشیان بكات.
لێرەدا گرنگیی بڕیاری بارزانیی نەمر لە دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان و ئامانجە نەتەوایەتی و مرۆییەكەی بەدیار دەكەوێت، دەنگی كوردستان دەنگی هەموو ئەو ئابڵوقە و گەمارۆیانەی تێكشكاندبوو و، بووە دەنگی رەسەنی گەلی كوردستان و وەك كەناڵێكی راگەیاندن، ئەركی مێژوویی لە ناساندن و ڕوونكردنەوەی كێشەی ڕەوای گەلی كوردستان و داخوازییە شەرعییەكانی لە ئەستۆ گرت.
هەر لەو سۆنگەیەوە، بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی كوردستان سالار عوسمان دەڵێت كە لەو كاتەوە رادیۆی دەنگی كوردستان لە سەنگەری خەباتی رزگاری نەتەوەییدا بووە و هاوكات ئەركی قورس و چارەنووسسازی نیشاندانی ئەو زوڵمانەی لە كورد كراوە، بە جیهان و هەستی بەرگریی بڵاو دەكردەوە. بە گوتەی ئەو تاكوو ئێستایش بەردەوامە و پێشیوایە كە رادیۆ دەنگی كوردستان هەر لە دەستپێكی شۆڕشی ئەیلوولەوە لە ژێر سەركردایەتیی كاریزمایەكی گەورەی وەكوو بارزانیی نەمر بۆ ئازادیی تاكی كورد خەباتی كردووە. هەر بە گوتەی بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی كوردستان ئەمڕۆش دەنگی كوردستان بەو كولتوورو ئەزموونە دەوڵەمەند و پاشخانە مێژووییەی كە لەسەر رێبازی بارزانیی نەمر گۆش كراوە، لە خزمەتی گەلی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكانیدایە.
هاوكات سالار عوسمان ڕوونی كردەوە كە ئێستایش دەنگی كوردستان بە ئەمانەت و دڵسۆزییەوە پابەندی پرەنسیبەكانی كاری رۆژنامەوانییە و بە گوتەی ئەو، رادیۆی دەنگی كوردستان ئێستایش لە ئەركەكانی بە شێوەیەكی سەردەمیانەتر بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی لە ئاست پەنجا ساڵ تەمەن لە خەباتی بێوچانیدا بێت.
سەبارەت بە ڕێوڕەسمی یۆبیلی زێڕینی ئێزگەی دەنگی كوردستانیش، بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگی كوردستان سالار عوسمان، ئاشكرا كرد كە ئەوان بە شانازییەوە یادی یۆبیلی زێرینی دەنگی كوردستان دەكەنەوە و، ڕوونیشی كردەوە كە بەرنامەیەكی چڕوپڕ و شكۆداریان بۆ یادی پەنجاساڵەی دامەزراندنی رادیۆی دەنگی كوردستان دەبێت، بەڵام رایگەیاند كە بە هۆی هەستیاریی بارودۆخەكە و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، رێوڕەسمەكە بۆ كاتێكی دیكە دوا دەخرێت. سالار عوسمان گوتیشی كە دواتر كات و شوێن و چۆنێتیی بەڕێوەچوونی یادی یۆبێلی زێرینی رادیۆی دەنگی كوردستان رادەگەیەندرێت.




