٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە42 مین ساڵیادی هەوڵی تیرۆركردنی بارزانیی نەمر لە لایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە

سەرچاوە: KDP.info

سەفەریوسف میرخان ژاژوكی

لە سەدەی بیستەمدا بارزانیی نەمر بە هۆی خەبات و سەركردایەتیە كاریگەرەكەی بووە فریادرەسی مانەوەو چارەنوسی نەتەوەیەك، ئەو نەتەوەیەی كە لە ژێر زوڵمی داگیركەران و ئەو ستەمە نەتەوەییەی دەرهەقی پیادە دەكرا تووشی نەك هەر پارچەپارچە بوون و چەوساندنەوە هاتبوو، بەڵكو بە هەموو رێگەو شێوازێك هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەكەی دەدراو تەنانەت دەرفەتی بەرگری لە خۆكردن و بە ئەنجامگەیشتنی راپەڕین و تێكۆشانەكانیشی زۆر بەرتەسك دەكران و بە ئاگرو ئاسن بەرسڤی بزاڤەكانی دەدرایەوە، وەلێ بارزانیی نەمر هەر لە بەراهیی دەركەوتنی وەك سەركردەیەكی خەباتكار ئەو واقیعە تاڵەی خستە ژێر پرسیارەوەو موژدەی گۆڕانكاری مێژوویی بەخشیە ژیان و تێكۆشانی گەلی كورد، ئەم راستیە بە تایبەتی لە سەردەمی زێڕینی شۆرشی ئەیلولەوە زیاترو بەرفراوانتر پرشنگیدا كە لە سایەی بەردەوامی خەباتی ئەم رابەرە مەزنەو ئەو ئاراستە هەمەلایەن و بە هێزەی كە كردبویە بنەماو رەهەندی شۆرش و تێكۆشان توانیتی بە كردەوە وەرچەرخانی دیرۆكی بەسەر مێژووی كوردستاندا بهێنێ و ئاسۆیەكی روون و ئومێدبەخش لەبەردەم بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان واڵابكات، هەربۆیەشە هەموو گەلی كوردستان بەبێ جیاوازی بارزانیی نەمریان بە رابەری خۆیان دەزانی و هەمووان لە سۆنگەی بیرو خەبات و سەركردایەتی ئەوەوە دەیانڕوانیە خۆیان و وڵات و دۆزو ئایندەی شۆرش و نیشتیمانەكەیان و بەو پەڕی متمانەو ئومێدەوە لەگەڵ خۆی و شۆڕش و رێبازەكەیدا بوون، بێگومان ئەم رۆڵ و پێگە گرنگەی ئەم رابەرە چ لەسەر ئاستی نەتەوەیی و میللی و چ لەسەر ئاستی خەباتگێڕی و سیاسیەوە وایكردبوو كە لە پیلان و پەلامارەكانیدوژمنان و داگیركەران خودی بارزانیی نەمرو بنەماڵە تێكۆشەرەكەی ئەولەویاتی تایبەتی هەبێت، چونكە نەمان یان لاوازی و پاشەكشەی كاروانی خەبات و شۆرشی كوردستانیان لە نەمان و و لاوازی ئەو سەركردە بەهێزەو كزبوونی رۆڵی بنەماڵەكەیان دەزانی، هەر وەك لە لاپەڕەكانی مێژوودا دەیان پیلان و فشارو سیاسەتی توندو راستەوخۆ دژ بەو رابەرەو خانەوادە نەبەزەكەی تۆماربوونە، لێرەدا هەڵوەستە لە ئاست یەكێك لەو پیلانە كوشندانە دەكەین كە 42 ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعس بە نەخشەیەكی ژەهراوی هەوڵی تیرۆركردنی بارزانیی نەمر ڕابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانی دا، ئەو تاوانكاریە لە كاتێكدابوو كە رێكەتننامەی 11ی ئازاری 1970 لە نێوان سەركردایەتی شۆرشی ئەیلول و رژێمی عێراقدا هاتبووە ئاراو كەشێكی ئاشتیانە خوڵقابوو، بەڵام ئەو رژێمە دیاربوو رق و كینەی دەهەمبەر ئەو رابەرەی كە بە شادەماری مانەوەی كوردو بەردەوامی شۆرشكردنی لە پێناو ئازادیدا دەزانی فڕێنەدابوو بۆیە دوا تینی خۆی بۆ لە ناوبردنی بەكارهێناو لە رێگەی چەند مەلاو زانایەكی ئاینی عەرەب رۆژی 29/9/1971 رژێمی بەعس پیلانێكی مەترسیداری دژ بە گیانی بارزانیی نەمر ئەنجامدا.

 لە بیرەوەری 42 ساڵەی ئەو تاوانەدا، بە پێویستمانزانی كە چەند پێشمەرگەیەكی شایەدحاڵ بدوێنین كە لە ڕووداوەكەدا شایەعەیان بوو و هەروەها بریندارببوون، كە لە كاتی پیلانی لەناوبردنی بارزانیی نەمر لە لایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە..

·   هەڤاڵی دێرینی بارزانیی نەمر (مەلا برایم هەسنەكی) پێشمەرگەی بەشدار بووی شۆڕشی دووەمی بارزان و بەرگری لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و بەشدار بووی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و بەرپرسی پاسەوانەكانی بارزانیی نەمر، لە بارەی پیلانەكە لە 29/9/1971 لە حاجی ئۆمەران بۆ تیرۆر كردنی بارزانیی نەمر داندرا گوتی:

ئەو كات من بەرپرسی پاسەوانەكانی بارزانیی نەمر بووم لە كاتی رووداوەكەدا بە خۆم لەنزیكەوە ئەو رووداوە بووم، لەو كاتەدا مامۆستایانی ئایینی 11 كەس بوون كە بەناوی مامۆستای ئایینی و بەجل و بەرگی مەلایەتی بە ناو بۆ دیداری بارزانیی نەمر هاتبوون. حكومەتی عێراق پیلانی تیرۆر كردنی بارزانیی نەمری داڕشت و دەیزانی بارزانیی نەمر زۆر رێز لە مامۆستایانی ئایینی دەگرێت وەفدەكە بە دوو ئۆتۆمبێل هاتنە بازگەی حاجی ئۆمەران هاتن بۆ دیداری بارزانیی نەمر ساڵح مەحمود پێشوازی لە میوانەكان كرد كە هەموویان 14 كەس بوون .

·  لەبارەی پیلانەكەی 29/9/1971 مام (زەكی ئاكرەیی) بەشدار بووی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و یەكێك لە پاسەوانەكانی بارزانیی نەمر ئەو كات بوو، گوتی:

لە كاتی رووداوەكە دا من بە خۆم یەكێك لەو پاسەوانانەی بارزانیی نەمر بووم و لە نزیك ئەو رووداوە بووم، ئێمە ئاگامان لەم پیلانە نەبوو و زانیاریمان نەبوو كە رژێمی بەعسی ئێراق ئەمجۆرە پیلانە ئامادە بكات بۆ تیرۆركردنی رابەری كورد بارزانیی نەمر، ئەم كەسانەی بۆ ئەو تاوانە نێردرابوون لە 11 كەس پێكهاتبوون كە مەلاو مامۆستای ئاینی بوون، هەرچەندە هەندێك لەو مامۆستا ئاینیانە چەند جاری تر هاتبوونە لای بارزانیی نەمرو لە یادمە لە بەغداش دەهاتنە لای بارزانیی نەمر، لەناو ئەو مامۆستایانە 2 مامۆستا لە خانەوادەیەكی ئاینی بوون و پەیوەندیكی باشیان هەبوو لەگەڵ بارزانیی نەمر، بەڵام مخابن دوژمن ئەو پیلانەی بۆ بازانیی نەمر داڕژتبوو تا خۆی و شۆڕشی ئەیلوول لەناو بەرن، بۆیەشە مەلای ئاینی هەڵبژاردبوو بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە چەپەڵە چونكە دەیزانی كە بارزانی نەمر زۆر رێزی لە مامۆستاو پیاوانی ئاینی دەگرتلە هەر جۆرە مەزهەب و ئاین و نەتەوەیەك بوونایەو لە كاتی هاتنیان بۆ بارەگای بارزانیی نەمر و شۆڕش كەس مافی ئەوەی نەبوو بیان پشكنێ، دوژمنیش ئەوەی بە دەرفەت زانی بۆ تێرۆر كردنی رابەری كورد بارزانی نەمرو لە ئەو سیفاتە بەرزەی بارزانی سوودی وەرگرت ئەو پیلانەی ئەنجامدا.

·  پێشمەرگەی دێرین (ساڵح مەحمود بارزانی) بەشدار بووی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتنخواز لە بارەی ئەنجامی پیلانی داریژراو بۆ تیرۆر كردنی بارزانیی نەمر لە لایەن حكوومەتی بەعس گوتی:

ئەو كات من لە حاجی ئۆمەران لە دیوەخانەی بارزانیی نەمر بووم بۆ خزمەتكردنی یارمەتی دانی میوانەكان، ئەو كات شەهید ئیدریس بارزانی لەوێ نەبوو،چووبوە سەردانی بارەگاكانی پێشمەرگە لە زۆزك و گرێبیش و حەسەن بەگ بكات. دواتر كاك مسعودبارزانی هاتەلام بە منی ووت: برۆ لای باوكم وپێی بڵی كە مامۆستایەكانی ئاینی بە ئۆتۆیۆتاستێشن و شۆفێرلێتێك هاتن، بە بریاری بارزانیی نەمر هیچ كەس لە مامۆستایانی ئایینی كە نەپیشكێنران چونكە بارزانیی نەمر زۆر رێزی لە مامۆستا ئایینەكان دەگرت و دوژمن دەیانزانی كە پشكنین ناكرێن ئەم هەلەیە بقوزێنەوە بۆ تیرۆر كردنی بارزانیی نەمر.

·   پێشمەرگەی دڵسۆز (زەكی ئاكرەیی) لە بەردەوامی گێرانەوەی رووداوەكەی،گوتی:

مامۆستا ئایینەكان راستەخۆ لە بەغداوە نەهاتن بۆ بارەگای بارزانیی نەمر، بەڵكو لە رێگای موخابەراتی بەغداد و ئیستخباراتی بەغداد لە حەوزی رەواندز بوون و لەوێ 2 شۆفێر و 9 مامۆستا ئاینی بوون، ئەو 2 شۆفێرە دیراسەت و شارەزایی باشیان هەبوو كە هاتنە رەوانداز و هەواڵی ئەو مامۆستا ئاینانە گەیشتە بارەگای بارزانیی نەمر، لەبەر ئەوەی 2 مامۆستای ئاینی تێدابوو كە بارزانیی نەمر دەیناسین بۆیە یەكسەر رێگەیان پێدرا كە بێن بۆ بارەگا، كە هاتن لە سەیتەرەی بەرزیوەوە هەتا گەڵاڵەو حاجی ئۆمەران كەس نەیانی پشكنی و لەحاجی ئۆمەران ئەوان بەرنامەیان وا داڕشتبووە كە هەتا نیوەڕۆی ئەو رۆژە پیلانەكە ئەنجام بدەن، پاشان هەواڵی هاتنی ئەو مامۆستا ئاینەكان گەیاندرایە بارزانیی نەمرو بە هەردوو ئۆتۆمبیلەكەیانەوە چوونە سەركانی شێخ، چونكە جاری پێشتریش 2 لەو مامۆستا ئاینەكان هاتبوونە سەركانی شێخ و لەوێدا چاوەڕانی جەنابی بارزانیی نەمریان دەكرد. دواتر ساڵح محمود چووە لای جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و پێی راگەیاند، كە میوانەكانی جەنابی بارزانیی نەمر هاتوونە، هەرچەندە سەرۆك مسعود بارزانی بە ساڵح مەحمودی گوتبووە بچێتە لای باوكی و پێ بڵێت میوانەكان هاتوونەو لە دیوەخانن، دكتۆر مەحمود عوسمان لە گەڵیان دابوو، دواتر بارزانیی نەمر كە زانی مامۆستا ئایینیەكان هاتوونە بە ساڵح مەحمودی ڕاگەیاند، با نوێژ بكەم دواتر دێم، هەروەها بە ساڵح مەحمودی گوتبووە بچێت نانی نیوەڕۆیان بۆ ئامادەبكات، بەڵام مامۆستا ئاینەكان قبوڵیان نەكردەبوو و گوتیان ئێمە لەگەڵ جەنابی بارزانی پێكەوە نانی دەخۆین، كاتێك بارزانیی نەمر هات دیار بوو هەندێك لە مامۆستا ئایینیەكان دەیانەویست بارزانیی نەمر بە تەنیا ببینن و بچنە ژوورێكی بچووك كە سەیارەی مینڕیژكراوەكەیان لە تەنیشت راگرتبوو، تا بتوانن پیلانەكە بە تەواوە جێبەجێ بكەن، بارزانیی نەمر بە مامۆستا ئایینیەكانی فەرموو: ئێوە هەمووتان پێكەوە نەهاتوون؟ ئەوانیش گوتیان بەڵی، دواتر بارزانیی نەمر فەرمووی: با هەر لێرە لەو دیوەخانە قسەكانمان بكەین. ئەوانیش ناچار بوون قبووڵیان كرد. هەر ئەوكات جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هات و بەئێمەی گوت: كە باوكی چووە ئایا كەسێك لە گەڵدایە، ئێمەش گوتمان بەڵێ دكتور مەحمود عوسمان لە گەڵیدا بوو.

 

·  پاشان مام(مەلا برایم هەسنەكی) لە بارەی رووداوی پیلانەكەی دوژمن گوتی:

 كاتێك لە دیوەخانەكە دانیشتن مەجید كاتب پاش ماوەیەك هاتبووە دەروەوە بە منی گوت: هەندێ چای بۆ میوانان بهێنن، پاشان شەهید شەریف ساڵح زیوەیی چایچی م گوت: هەندێك چای بۆ میوانان بهێنن، ئەوە بوو چایچیەكە كە (شەریف ساڵح زێوەیی) بوو، چای بۆ میوانەكان بردە ژوورەوە لەو كاتەی كە چای بۆ میوانەكان دانا و بۆ بارزانیی نەمر ش دانا لەو كاتە دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز هات و بووە تەپ و تۆز، ئەوە بوو ئەومەلایەی بەرامبەر بارزانیی نەمر دانیشتبوو خۆی تەقاندەوە و چایچیەكە شەهید بوو و ئەو بووە سەبەب كە بارزانیی نەمر لەم پیلانە بە سەلامەتی دەربچێت.

·  دوای تەقینەوەكە بارزانیی نەمر ت بینی، چی وت و هەڵوێستی چۆن بوو؟ لەم بارەی (زەكی ئاكرەیی) گوتی:

- بەڕاستی موعجیزە یەكی گەورە بوو كە بارزانیی نەمر لەو پیلانە رزگاری بوو، ئەوانەی لای راست و چەپی بارزانیی نەمر دانیشتبوون كە 8 كەس بوون كوژران و ئەوانی تر هاتنە دەرەوە، بارزانیی نەمر لە ژوورەكەی هاتە دەرەوە و هاواری دەكرد و بە ئێمەی پێشمەرگەی دەووت: كەسیان نەكوژن. بارزانیی نەمر كە هاتەوە دەرەوە پارچە گۆشتێك بە چاویەوە بوو جگەرەشی لە دەست بوو كە كوژابۆوە و چەخماخەكەی پێكرد و دیسان جگەرەكەی داگیرساندەوە، لە دەرەوەش هەردوو شۆفیری مەلاكان كە زانیان بارزانیی نەمر سەلامەتە دەستیان كرد بە نارنجۆك هاویشتن تا سەرئەنجام كوژران.

* پاش ئەوەی بارزانیی نەمر بە ساغ و سەلامەتی لە دیوەخانە دا هاتەوە دەروەی بۆ ماوەیەكی كورت تەقینەوەیەكی تر روویدا (ساڵح مەحمود بارزانی) گوتی:

 تەقینەوەیەكی تر روویدا ئەویش ئۆتۆمبێلی دەرەوە بوو كە بەرامبەر ژوورە بچوكە كەی تر دانا بوو دواتر لە دەرەوە شۆفیرەكان نارنجۆكیان هاووێشت و هەردووكیان كوژران. لە ئەنجامی ئەم پیلانە دا جگە لە چایچی كە لە ژوور شەهید كرا و پێشمەرگەیەكی تر بە ناوی سەلیم زبیر بارزانی شەهید كرا و مەلا برایم و ئادەم فەلە و زەكی ئاكرەیی و دەرویش میرۆ بە سەختی بریندار بوون رەوانەی ئێران كران وچەندین پێشمەرگەی تر كە بە بڕینەكانیان زۆر سەخت نەبوو بریندار بوون. دوای ئەوە هەواڵی پیلانەكە بڵاو بۆوەوە، جەماوەری كوردستان و لایەنگرانی شۆڕش سەردانی حاجی ئۆمەرانیان كرد، ئەو خەڵكە باوەڕیان نەدەكردو داوایان ئەوە بوو كە دەبێ بە چاوی خۆیان رابەری كورد بارزانیی نەمر ببینن، دواتر بارزانیی نەمر داوای لە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كرد بروسكە بۆ هەموو لق و بارەگاكانی پێشمەرگە بكات كە دان بە خۆیان بگرن و هیچ نەكەن، چونكە بارزانیی نەمر لەم پیلانە كە خوا پشت و پەنای بوو سەلامەت بوو. دوژمن بەوپیلانە شومەی دەیویست سەركردایەتی شۆڕش وخۆدی شۆڕش لە ناو ببات و لەو پیلانەدا دوژمن بەرنامەی داڕشتبوو كاتێك بارزانیی نەمر تیرۆركرا لە هەموو شوێنیك بە فڕۆكە وتۆپ و تانك هێرش بكەنە سەر بارەگا و ناوچەكانی ژێر دەسەلاتی شۆڕش و بەم شێوەیە كۆتایی بە شۆڕشی ئەیلوول بێنن، بەڵام خەیاڵیان خاو بوو چونكە بارزانیی نەمر لەو پیلانەدا بە موعجیزە رزگاری بوو و بۆ گەلی كورد سەلما، كە خوا لە هەموو كات و شوێنێك پشت وپەنایەتی.

* لە بارەی برینداربوونی خۆی و ئەوانی تر مام (زەكی ئاكرەیی) گوتی:

لە ئەنجامی ئەم پیلانەدا ئێمە 14 كەس بریندار بووین و شەریف ساڵح زێوەیی چایچی شەهید بوو و هەروەها سەلیم زوبێر بارزانی كە بەرپرسی نەخۆشەكان بوو و هەڤاڵی بارزانیی نەمر بوو بەشداری لە شۆڕشی دووەمی بارزان و بەرگری لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و ڕێرەوە مێژوویی بۆ سۆڤیەت و شۆڕشی ئەیلوول كردبوو، ئەویش شەهید بوو. ئێمەیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی ناوپردان كرد، هەروەها من و مەلابرایم و خوالێخۆشبوو دەروێش میرو و ئادەم فەلە كە زۆر بە سەختی بریندار بووین رەوانەی شاری خانە كراین. من دەست و چاوم بە سەختی بریندار ببون و منیان ڕەوانەی شاری ورمێ كرد هەر چەندە چارەسەری نەبوو پاشان بۆ تاران تاكو باشتر بووم،

* لە كۆتاییدا مام (مەلا برایم هەسنەكی) گوتی:

ئەمڕۆ كە یادی پیلانی ڕەش و تاڵی 29/9/1971 دەكەینەوە، كە دوژمنی داگیركەر دەیویست بەو پیلانە چەپەڵانەیە بارزانیی نەمر و شۆڕش لەناو ببات كە ئەوەیان بۆ نەهاتەدی و شكستیانخوارد. دەبێ ئەو رۆژانەی قەد لە یادمان نەچێتەوە و هەروەها پێویستە ببێتە هاندەرمان كە دەبێ ئێستا هەموو خەڵكی كوردستان و لایەنەكان بە رێزەو لە مێژووی شۆرش سەركردەو رابەرەكانمان بڕوانیین و ئەو رابردووەمان لەبیر نەچێت كە دوژمنان چۆن هەوڵی قڕكردنمانیان داوەو ئێمەی كوردیش چۆن بەرگریمان لە خۆمان و خاكەكەمان كردووەو چۆن بە خەبات و قوربانیدان گەیشتوینەتە ئەم دەسكەوتانەی ئەمڕۆمان و ئەوەی كە ئێستا ئێمە تیێدا دەژین بەرهەمی خەباتی بارزانیی نەمر و پێشمەرگە قارەمانەكان و خوێنی شەهیدانە كە خاوەن كوردستانی ئازادین و لە سایەی ئاڵای كوردستان بە سەرفرازی و دڵنیایی دەژین، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت كە هێشتا نەگەیشتوینەتە كۆتایی رێگەو ئەركمان زۆرەو دوژمنانیش هێشتا لە پیلان و دژایەتیەكانیان بەردەوامن و باشترین رێگە كە هێزو خۆڕگری زیاترمان دەداتێ یەكڕیزی و تەبایی ناوخۆمانە. لە كۆتاییدا سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز و رۆژنامەی خەباتی ئازیز كە ئێمەی پێشمەرگەكان بەسەر دەكەنەوە. سڵاوی ئەمەكداریمان بۆ بارزانیی نەمرو رێبازەكەی و بۆ سەركردەی شەهید كاكە ئیدریسی ئەندازیاری ئاشتی و برایەتی.

تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4412) رۆژنامەی خەبات لە (29/9/2013) بڵاوبوویتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار