رۆژهەڵاتی تاریک
غازی حەسەن
دوای شەڕی جیهانی دووەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکارییەکان سست و پرۆسەی سەرکوتکردن و سڕینەوەی کەسایەتی هاووڵاتی و بەکارهێنانی هێز بۆ بێدەنگ کردنی خەڵک برەوی سەندووە. لەهەموو رۆژهەڵاتدا کورد تەنیا نەتەوە بووە شۆڕشی چەکداری و سیاسی و دیبلۆماسی درێژە پێداوە دژی حکوومەتکانی بەغدا و تاران و ئەنقەرە و دیمەشق.. هەر تەنیا کوردیش بووە لە نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا سودی لە سیستەمی جیهانگەرایی وەرگرت.. لە هەردوو شەڕی کەنداودا کورد توانی هەنگاوی گرینگ بەرەو پێش بنێت. بەڵام کەمە نەتەوەییەکانی دیکەی رۆژهەڵات کە بە فکری نەتەوەپەرەستی رتوشکراو بە فکری سۆسیالیستی سەرکوت دەکران.. هاووڵاتی لە نێو بەرژەوەندی نیشتیمانی و لەسایەی دەسەڵاتی عەسکەرتاری سەرکوت کراون. کورد لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە ترسناکەی لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە جینۆساید کرا، چەکی کیمیاوی لە دژ بەکارهێنرا، درێژەی بە شۆڕش دا، کەچی ئەو کات لەناو رۆژهەڵاتی تاریکستان و نقوم بووی سیاسەتی شۆڤینی و عەسکەرتاری هیچ لایەک باسی تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتیان نەکرد.
| ئەمڕۆ دوای دوو ساڵ لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، هاووڵاتی هێشتا لەلایەن سیاسییەکانەوە بەکاردەهێنرێت، تاوانەکان درێژەیان هەیە. ناکۆکی نێوان دەسەڵات و دیموکراسی توندە. |
ئەمڕۆ دوای دوو ساڵ لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، هاووڵاتی هێشتا لەلایەن سیاسییەکانەوە بەکاردەهێنرێت، تاوانەکان درێژەیان هەیە. ناکۆکی نێوان دەسەڵات و دیموکراسی توندە. ئازادییە سیاسییەکان و مافی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتی مسۆگەر و زامن نەکراوە. هەروەها کۆمەڵگەی عەرەبی ئیسلامی ئارام نییە.
میسر لە سایەی دەسەڵاتی یەکساڵەی ئیسلامییەکان بەرەو تاریکی زۆرتر هەنگاوی نا، لیبیا هێشتا ئارامی تێدا سەقامگیر نەبووە، لە تونس رکابەری سیاسی و تیرۆری کەسانی بەرهەڵستکار درێژەی هەیە، نارەزایەتی لە دژی ئیسلامی سیاسی فرە دەبێت. سوریا چەکی کیمیاوی تێدا بەکاردەهێنرێت و بە سەدان هەزار هاووڵاتی لە ئەنجامی بەردەوامی شۆڕش کوژراون، سەباری ئاوارەبوونی ملیۆنەها کەسی دیکە، گرینگ هێشتا رۆژهەڵات تاریکە.
کێ بەرپرسە لەم بەردەوامی تاریکی لە رۆژهەڵاتدا؟.. لایەنە سیاسییەکان، ئەوانەی لە حکوومدان، یا بەرهەڵستکارەکانیان درێژە بە تاریکی دەدەن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رەوتی ئیسلامی سیاسی بە ترس و نیگەرانی لەمەڕ پەرەسەندی توندوتیژی و تاریکی رۆژهەڵات تاوانبار دەکەن.. ئەگەر سوریا بە نمونە بهێنینەوە، بزاڤی توندرەوی ئیسلامی بە یەکێک لە هۆکارەکانی خۆدزینەوە لە پاراستنی هاووڵاتیان دادەنێن. هەروەها فەشەلی پرۆسەی دیموکراسی لە میسر و تونس و لیبیا و هەتا عێراقیش بە فرەبوونی پێگەی سیاسی بزاڤە ئیسلامییەکان دادەنێن. لەوەش ئاڵۆزتر پەرەسەندنی کێشەی مەزهەیبییە لە نێوان سونە و شیعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە لەهەمان گاڤیشدا حکوومەتەکان درێژە بە سەرکوت و رەشەکوژی دەدەن.
| فەشەلی پرۆسەی دیموکراسی لە میسر و تونس و لیبیا و هەتا عێراقیش بە فرەبوونی پێگەی سیاسی بزاڤە ئیسلامییەکان دادەنێن. لەوەش ئاڵۆزتر پەرەسەندنی کێشەی مەزهەیبییە لە نێوان سونە و شیعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا |
سوریا بۆتە خاڵی سەرەکی بەهێزبوونی تاریکی لە رۆژهەڵاتدا.. هێلی بەرگری مەزهەبی لە ئێرانەوە بە عێراقدا تێدەپەڕێت و لە سوریا بە پاڵپشتی حزوبللا بە هێز و چەکەوە شەڕەکە فرە دەکات.. لە لوبنان خەریکە ململانێکان فرەدەبن و تەقینەوە و کوشتن دەستی پێکردووە.. لە وڵاتەکانی کەنداودا شیعە لە بەحرێن داوای گۆڕانکاری دەکەن. لە یەمەن گروپی حوسییەکان بە هاوکاری ئێران جەنگیان دەست پێکردووە.. سعویەش هەندێک جار ناڕەزایەتی تێدا دەبینرێت. گرینگ رۆژهەڵات لە سەر ئاو و ئاگرە.
بەرانبەر ئەوەش قەتەر سەرکردایەتی بەهاری عەرەبی کرد، بۆ ئەوەی ئیخوان موسلمین بێنە دەسەڵات، بەڵام دوای فەشەلەکەی میسر، ئیدی سعودیە و بەحرێن و کوێت و هەندێک وڵاتی دیکە، گەڕانەوە سەر هاوکاری سوپا و لایەنە عیلمانییەکان لە میسر و هەندێک شوێنی دیکە. سەرباری هاوکاری گروپە سونییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە خشکە فرەبوونی جوگرافیای دەسەڵات و هێزی شیعە.
لە ئەنجامی فەشەلەی ئیسلامی سیاسی. خەریکە سوپا شەرعیەتی پێدەدرێتەوە، هەروەها لە ترسی فرەبوونی ئسیلامی توندرەو، رێگە بە هێزەکانی بەشار ئەسەد دەدرێت، سەرکوتی خەڵک بکات و چەکی کیمیاویش بەکاربهێنێت. لە ترسی پەرەسەندنی کاری توندتیژی لە عێراق، رێگە بە نوری مالکی دەدرێت، دەسەڵات بۆ پتەوکردنی خۆی بەکارهبێنێت. هەرچەندە عێراق بەرەو ئایندەیەکی نادیار هەنگاو دەنێت، کێشەکان درێژەیان هەیە.
ئەوە نائومێدی نییە، چونکە رۆژهەڵات لە شۆڕش و ئاڵگۆڕ و لابردنی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و سەرکوتکارەکان بەردەوام دەبێت، هەروها هاووڵاتی هەنوکە لەسەردەمی گۆلۆبالیزم باشتر و چاکتر لە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی خۆی دەگات، بۆیە لە پێناو دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و مەدەنی، بەکردەوە دەیەوێت سیستەمی حوکمرانی بگۆڕێت. بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی وڵاتە زلهێزەکانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی هەمیشەیی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەنجامی دابەشبوونیان بە سەر دوو بەرەی جودا، هەروەها بیرکردنەوە لە ترس و پەرەسەندنی رۆلی بزاڤە ئیسلامییەکان، هاوکاری شۆڕش و هاووڵاتیان ناکەن. نمونەش هەڵوێستی ئەمەریکا و ئەوروپا و روسیا و چینە بەرانبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە سوریا.
کێشە ناوەخۆییەکانی رۆژهەڵات و بەریەکەوتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەوروپا و ئەمەریکا لە گەڵ روسیا و چین، بۆتە هۆکاری سەرەکی مانەوەی تاریکی لە رۆژهەڵاتدا. تاریکیش واتە درێژەکێشانی سەرکوتکردن و کوشتن و مانەوەی دیکتاتۆر و بەهێزبوونی چارەسەری عەسکەرتاری. واتە لەدەستدانی هیوای هاووڵاتیانە. بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لایەنێکی سەرەکی بەرپرسیارەتیان لە رووداوە خوێناوییەکانی رۆژهەڵات و مانەوەی تاریکی دەکەوێتە سەر شان. وەکو چۆن دەسەڵاتە شمولییەکان هۆکاری ئەو کارەسات و تاریکیەن. هەندێک لایەن و گروپی توندڕەویش هۆکارن بۆ ترساندنی کۆمەڵگەی نێودەڵەتی. بەڵام لە بیری نەکەین، تاریکی رۆژهەڵات هەر تەنیا نابێتە مایەی کاولکاری و ترس و تۆقان و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و دواکەتن لە نێو کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵات، بەڵکو دەبێت سەرچاوەی نیگەرانیش بۆ بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا و وڵاتە زلهێزەکان و بەتایبەتیش بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەمەریکا.
پێویستە بگوترێت کە تەنیا دەڤەر و وڵاتێک لە نێو تاریکستانی هەنووکەی رۆژهەڵاتدا بدروەشێتەوە و گەشە بکات، هەرێمی بێ دەوڵەتی کوردستانە.




