٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

خێرە دوو میدیا دەستە خوشكەكەبۆ 85 شكایه‌ته‌كه‌ی سلێمانی نابینان و سێرە لە هەولێر و دهۆك دەگرن

سەرچاوە: KDP.info

هاودەنگ فارووق

دوای ئەو سەركەوتنە گەورە وشایستەیەی لیستی 110 ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، میدیای بزووتنەوەی گۆڕان وەك میدیایەكی بەرچاوتەنگ و ڕاهاتوو لەسەر دڵڕەقی و درۆ و دەڵەسە و تۆمەتبەخشینەوەی بێبنەما، لێرە و لەوێ هەڵمەتێكی نەخشەبۆداڕێژراوی پێشوەختە و ناڕەوایان لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان دەست پێكردووەته‌وه‌، گوایە پارتی شكایەتباران دەكرێ بەوەی لە دهۆك و هەولێر 137 سكاڵا تۆمار كراوە،

كە ئەوە درۆیەكی شاخدارە وهیچ بنەمایەكی نییە، خۆ ئەگەر بە ژمارە هەڵبەستراوەكەی ئەوانیش بێت، بە هەردوو شارەكە هەر یەكەیان دەكاتە 68، بەڵام لە سلێمانی 85 شكایەت هەیە كەچی باسی ناكەن، باشە خێرە هاوڵاتی و كەی ئێن ئێن كە وه‌ك دوو ده‌سته‌خووشك له‌ ئاوازێك ده‌خوێنن و لە سلێمانین، چاوی خۆیان له‌ ئاست 85 سكاڵا نوقاندووە، كه‌چی ئەوەی هەولێر و دهۆك دەكەنە مانشێت؟!

وەك بڵێیت ئەوان پەپوولە بن و خەڵك و كۆمسیۆن نەزانن لە سلێمانی لە دەیانبنكەدا سەدان خروقات و تەزویریان كردووه‌و، چەندین بەڵگە لە بەردەستی كۆمیسیۆندان و بە سەدان سەندوقیش شریتی سووریان لێدراوە و ڕەوانەی بەغدا كراون.

بە داخەوە ڕۆژنامەی (هاوڵاتی)ـیش كە یەكێكە لەو جۆرە میدیایانەی هەفتە نییەچەندین هەواڵ و ڕاپۆرتی بە ناڕاست و نادروست تاریف نەكرێن و بە ڕوونكردنەوە و وەڵامی توند زانیارییەكانیان بۆ ڕاست نه‌كرێنەوە، كه‌ ئەمەیش دەیسەلمێنێ بەشی زۆری ناوەڕۆكی هەواڵ و لێكدانەوە و شیكاریی ڕاپۆرتەكانیان لەگۆترە و داتاشراون..

ئایه‌(هاوڵاتی) بۆچی بە هەواڵی ناڕاست سێرەی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پاك وئازادی دهۆك و هەولێر گرتووە؟ ئایا ئەمە شانازییە بۆ هاوڵاتی كە لە لایەك هەواڵی درۆ بڵاو دەكاتەوە و لە سەرێكیش هەستی خەڵكی ئەم دوو شارە بریندار دەكات؟
لە ڕاستیدا سەنگی مەحەك و راستیی مەسەلەكە لای كۆمیسیۆنی سەربەخۆیهەڵبژارنەكانە، كە تەرەفی جێی ئیعتیباری هەموو لایەكە، نەك دوو دەستگای میدیایی نامەسئول، ئەوە نوێنەرەكانی خۆیان و چاودێرە بێلایەنەكان، كە هەموو ئامادە بوون، ئیدی بەخشینەوەی تۆمەتی بێبەڵگە لە پای چی؟

پارتی لە سەرەتای هەر هەڵبژاردنێكدا هەموو هەوڵێكی داوە كە پرۆسەكە لەكەشێكی دیموكراسی و ئازاد و پاك و بێگەرددا بەڕێوە بچێت و، زۆرترین چاودێری نێوخۆیی و بیانی بەشداری بكەن، لەبەر ئەوە بەم تۆمەتە ناڕەوایانە هەرگیز گومان لەسەر پێگەی به‌هێزی پارتی و بنكە فراوانەكەی دروست نابێت. ئێمە دەزانین، هەندێ لەو كەس و لایەنانە دەمێكە لە پێگەی پارتی ترساون، چونكە دەزانن سەنگی پارتی، دوێنێی پارتی و ئەمڕۆی پارتی چییە.

بەم ئاماژە سەرەتاییانەی دەنگی بەرفراوانی پارتی و ئەم ڕێژە كورسییە زۆرەیكە پارتی هێناویەتی و لە چاوەڕوانیی ئەواندا نەبوو، بۆیە دووچاری شۆك و دڵەڕاوكێ بوون و وێڕای بێتاقەتبوون، ئێستایان حەزینترین رۆژگاری ژیانیانه‌، هەر بۆیەش پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك چەندین جاری دی دەكەوێتەوە بەر رق و كینە و هێرشی ناڕەوایان.

ئێمە وای دەبینین بەردەوامبوون لەسەر ئەو داخلەدڵییە و گوتارە ڕەق وتوندڕۆییە، لە بەرژەوەندیی ئەو هەوڵانەدا نییە كە دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ تەبایی، پێكەوەیی و یەكڕیزی و ئایندەی پرۆسەی سیاسیی گەلەكەمان لە ئارادان!

هەواڵی پەیوەندیدار