٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەنگدانێکی هێمن و رکابەرییەکی دیموکراتانە

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

هەندێک پێیان وابوو لە رۆژی دەنگدان بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان رکابەری سیاسی دەبێتە رکابەرییەکی توندو وتیژانە لە نێوان لیست و لایەنە سیاسییەکان. یاخود ئەو دوو ملیۆن و هەشت سەد هەزار کەسەی مافی دەنگدانیان هەیە، تێکدەقژقژێن و نیزام و پرۆسەی دەنگدان خراپ بەکاردەهێنن و دەیکەنە شەڕە پەڕۆ و حزبایەتی و فشار دژی یەکتر، تەنیا هەندێک پێیان وابوو شەڕیش بقەومێت. وەها دەرنەچوو، لەسایەی دان بەخۆداگرتنی لایەنەکانی دەسەڵات و باشتر تێگەیشتنی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و گروپەکانی ناوەند، پرۆسەکە ئارام و هێمنانە بەرێوەچوو. لەبیری نەکەین سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر زوو داوای لە لایەنگرانی پارتی و پارتییەکان کرد، کاردانەوەی سلبیان بەرانبەر هیچ تۆمەت وسوکایەتی لایەنەکانی دیکە نەبێت، ئەمەش نیوەی کێشەکانی چارەسەر کرد.

لەم پرۆسەیەدا 32 لیستی جیاجیا بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، راستە دوو قەوارە بە ئارەزوو مەندانە لە رکابەرییەکە کشانەوە، هەر وەها 1129 کاندید بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کرد. لەماوەی بیستو یەک رۆژی رابردوو، شارو شەقامە گشتییەکانیان بە دەیان رەنگ و وێنەی قەوارە جودا رازاندرانەوە. لە کەنالەکانی تەلەڤیزیۆن پڕ بەدەنگی خۆیان، بێ سانسۆر تاکو سنور بەزاندنی مەسەلە شەخسیەکانیش هەیانبوو قسەی کرد و بە هاوار و توڕەیشەوە قسەی خۆیان کرد. لەم میانەدا ئەوەی زیانی پێکەتوو هاووڵاتیان بوون. کە گوێیان لە قسەی گەورە و زل زل دەبوو. گوێیان لە قسەی تیژ و هەروەها شیرنیش بوو. لە داسو چەکوشەوە، تا مزگەوت و خێربێری ئەو دونیاش گفتیان پێدرا. هەروەها هەمو قسەیان بۆ هاووڵاتیان کرد، بەڵام لە رۆژی دەنگدان، هەندێک دەیانویست هەمان هاووڵاتی بە ساختەکاری و ملکەچبووی دەستی لایەنە سیاسییەکان تاوانبار بکەن.

پرۆسەکە بە هێمنی و ئازادانە بەرێوەچوو، دیارە ئەمە نیشانەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەنگاوێکی لەبارتر لەوەی ئێستە تێیدا دەژیت. لە پرۆسەی دەنگدان فشاری سیاسی، بەکارهێنانی هێز بۆ گۆڕینی رێرەوەی دەنگدان نەبوو، دەنگدان نهێنی و راشکاوانە بوو. کەس زۆری لێنەکرا دەنگی خۆی بفرۆشێت، یاخود بیر وبڕیاری خۆی بگۆڕێت.

هەروەها رێژەیەکی بەرچاو لە 192چاودێر و رۆژنامەنووسی بیانی و 500 رۆژنامەنووسی ناوەخۆیی و 25 هەزار بریکاری لایەن و قەوارە سیاسییەکان لە رێگەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژادنەکانەوە سەرپەرشتی پرۆسەکەیان کرد. ئەمە لایەنێکی دیکەی پاکی و راستگۆیانە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکە بوو. راستە هەندێک لایەن سکالایان تۆمار کردووە و لەهەندێک شوێن پێشێلکاری بچووک بچووک کراوە، بەڵام هیچ یەکێک لە کێشەکان نەگەیشتۆتە ئاستی لەکەدارکردن و سوکایەتی پێرکردنی پرۆسەکە، وەکو دەستکەوت و هەنگاوێکی گرینگی دیموکراسی و ماکێک بۆ پێشکەوتنی کوردستان.

لەمەش گرینگتر رێژەی بەشداریی هاووڵاتیانە لە دەنگدان، کەئەم رێژەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر کەم تۆمار دەکرێت. سەربەست مستەفا  سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، رێژەی دەنگدان له هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان %73,9 بووه.  گوتیشی رێژەی گشتیی دەنگدان له هەرسێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی %73,9 بووه و رێژەی پارێزگاکانی بەمشێوەیەیه:  هەولێر %71,7، سلێمانی %73 و دهۆکیش %76,4. ئەمەش یەکێکە لە ئاماژە ئومێد بەخشەکانی دیکەی ئەم هەڵبژاردنە. کە هەم رێژەی بەشدارییەکە زۆرە و هەمیش وەکو وڵاتە دیکتاتۆرییەکانی رۆژهەڵات نەگەیشتۆتە %99,99.

زۆر گرینگە لە هەموو رۆژهەڵاتدا، نەتەوەیەک و وڵاتێک کە سەربەخۆش نەبێت، بتوانێت دەنگدان لە کاتی خۆی بکات، لایەن و نەتەوە و گروپی ئاینی و ئەتنیکی جودا جودا و لایەنی فکری جیاواز بە ئازادانە بەشداری هەڵبژاردن بکەن. چونکە لێرە بردنەوەی کورسییەکان بەقەد بردنەوەی گرەوی دیموکراسی و بە ئازادانە بەرێوەچوونی دەنگدان گرینگ نییە. ئەوەی لە 21ی ئەیلول بینیمان رێک پرۆسەیەکی دیموکراسی و کراوە و جێ متمانە بوو. چونکە کەس لەسەر دەنگ و بیرکردنەوەو پەنجە مۆرەکانی سزا نەدراوە، هەڕەشەی لێنەکراوە و هەموو لایەن و نوێنەرەکانیش یەکسانانە رکابەرایەتی و بانگەشەی خۆیان کرد. کێ دەباتەوە گرینگ نییە، کورد بە گشتی و هەموو گەلی کوردستان بە کورد و ئاشوری و کلد و سریان و تورکمان و گشت ئاینزاکان بردیانەوە. بەتەنیا دەنگ و نوێنەرەکانی خەڵک نابەنە، بەلکو دانیشواتنی ئەم هەرێمە کە خەون بە سەربەخۆیی دەبینێت نێوبانگ و دیموکراسی و بڕوا بە خۆبوون و متمانەی دونیای پێشکەوتووش دەبەنەوە. هه‌روه‌ها ره‌چاو ده‌کرێت پارتی دیموکراتی کوردستان براوه‌ی یه‌که‌م و به‌هێزی نێوان لیسته‌کان بێت، که‌ رکابه‌رایه‌تیان ده‌کرد له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی سه‌دو یانزده‌ کورسی په‌رله‌مانی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار