نەوشیروان مستەفا خووی بە یاساشكێنییەوە گرتووە
چاودێرێكی سیاسی
ئێمە چاوەڕێماندەكرد هەر هیچ نەبێ بۆ یەك جاریش بێت بزووتنەوەی گۆڕان لەكاتی وەستانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، پابەندی یاسا بێت و رادیۆ و تەلەڤزیۆنەكەی ئەو حیزبە بەپێی بڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، هێرش و بانگەشەی هەڵبژاردن رابگرن . بەڵام وادیارە نەوشیروان مستەفا، فرچكی بە یاسا شكێنی و خەلك بەكوشتندانەوە گرتووەو هیچ كات پابەندی یاسا نابێت، هەمیشە زیندووبوونی خۆی لە ئاژاوەگێڕی نانەوەدا دەبینێتەوە .
دەمكوتكردنی نەوشیروان مستەفا، ئاسانترین شتە بۆ هەموو هاووڵاتییەكی كوردستان، چونكە مێژووەكەی و ئاژاوەگێڕییەكانی ئێستای ئەوەندە ناشیرینن، كە تێگەیشتنی بۆ هەموو گەلە وشیارەكەمان زۆر ئاسانە .
ئەگەر باسی نەوت دەكات، ئەوە پێش ساڵێك بۆ هەموو خەڵكی كوردستان ئاشكرابوو، كە نەوشیروان كە هەمیشە دژی كەركووكی و گەرمیانییەكان بووە، گەورەترین كێلگە نەوتییەكانی گەرمیانی بە گەورەترین مەساحەی زەوی و بە هەرزانترین بۆنس و زۆرترین رێژەی قازانج و بە خراپترین گرێبەست دابووە كۆمپانیایەكی نەوتیی، هەروەهاش پشكی هەندێ كەسی شاراوەشی تێخستبوو . بەڵام دوای ماوەیەك د.ئاشتی هەورامی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان فریاكەوتن و ئەو گرێبەستەیان راستكردەوە، كە بۆنسەكەیان 500 بەرامبەر زیادكرد و پشكە شاراوەكانی نەوشیروان مستەفایان لادا و رێژەی قازانجەكەشیان زۆر كەمكردەوە و گێڕایانەوە بۆ حكومەت و مەساحەكەشیان كەمكردەوە.
| نەوشیروان كە هەمیشە دژی كەركووكی و گەرمیانییەكان بووە، گەورەترین كێلگە نەوتییەكانی گەرمیانی بە گەورەترین مەساحەی زەوی و بە هەرزانترین بۆنس و زۆرترین رێژەی قازانج و بە خراپترین گرێبەست دابووە كۆمپانیایەكی نەوتیی |
باشە نەوشیروان مستەفا، تەنیا ئەو نموونەیە بەس نییە، بۆئەوەی شەرم داتبگرێت و دەست و دەم لە كاری ئیداری نەدەیەوە، دوای ئەو بەفیڕۆدانە پڕ شەرمەت بۆ سامان و داهاتی وڵاتەكەمان . حەقە شەرم داتبگرێت و لە سیاسەت و دانانی خەڵك بۆ ئیدارە دووربكەویەوە. حەقە شەرم داتبگرێت و داوای لێبووردن لە خەڵكی گەرمیان و كوردستان بكەی.
نەوشیروان مستەفا، گەورەترین مەساحەی لە شاخی بازیان وەرگرت بۆ كارگەی چیمەنتۆ ئەوەیشی بە نەزانی خۆییەوە پێنەكرا و ئێستا تاڵانفرۆشیكردووە، بە 15% بۆخۆی و 85% بۆ كۆمپانیایەك كە ئەو پێیدەڵێت كۆمپانیای گەندەڵی و كۆمپانیای حیزب . ئەرێ شەرم داتناگرێ كە بە هێز زەوی وەردەگری و زەوتدەكەی و بەوشێوەیەش نەزانانە بەڕێوەی دەبەی، خەڵكیش بە زەوتكاری و نەزانین و گەندەڵی تاوانبار دەكەی . نەوشیروان مستەفا تۆ دەزانی، پێناسەی گەندەڵی چییە ؟ ئێمە پێتدەڵێین چییە : گەندەڵی واتە زەوتكردن و خراپ بەڕێوەبردن . ئینجا ئێستا تۆ گەندەڵی یان نا.
| نەوشیروان مستەفا، گەورەترین مەساحەی لە شاخی بازیان وەرگرت بۆ كارگەی چیمەنتۆ ئەوەیشی بە نەزانی خۆییەوە پێنەكرا و ئێستا تاڵانفرۆشیكردووە، بە 15% بۆخۆی و 85% بۆ كۆمپانیایەك كە ئەو پێیدەڵێت كۆمپانیای گەندەڵی و كۆمپانیای حیزب |
نەوشیروان مستەفا، تۆ هێشتا میلیشیای ئاشكرات نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستت بەسەر گرنگترین شوێنی شاری سلێمانیدا گرتووەو، دوای ئەوەش ئەو هۆڵەی كە لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەڵكی سلێمانی دەرچووبوو، بەهۆی پارێزگارەكەتەوە، بردتە ناو گردەكە بۆ ئەوەی خۆت و حیزبەكەت كۆبوونەوەو كۆنفرانسە حیزبییەكانی تێدا ئەنجامبدەن . نەوشیروان مستەفا، ئەوە خۆشەویستی تۆیە بۆ خەڵكی سلێمانی ؟ با خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی كە هیچ كات زۆرداری قبوڵ ناكات، وەڵامبداتەوە.
دوای ئەوەی بەڕێز د.ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرایكرد كە KNNبەپارەی نەوت دروستكراوە و كەناڵی نەوتە. نەوشیروان مستەفا و تەلەڤزیۆنە نەوتاوییەكەی، زیاتر هاربوون بەرامبەر سیاسەتیی نەوتیی هەرێمی كوردستان، بەوهیوایەی بتوانن بەوشێوەیە ئیرهابێكی فیكری دروستبكەن . نەوشیروان مستەفا، نازانی ئیدی شوكر خەڵك وشیارە و، چیتر ئەوەت بۆناچێتە سەر و سەردەمی گۆڤاری (رزگاری) بەسەرچووە .
نەوشیروان مستەفا و تەلەڤزیۆنەكەی لەكاتێكدا باسی داهاتی نەوت دەكات، كەچی بەخۆی بەفێڵ پارەی نەوتی بردووە. تەلەڤزیۆنەكەی بە پارەی نەوت دروستكرد، لەكاتێكدا بەڵێنی دابووە مام جەلال سەنتەرێكی لێكۆلینەوەو دەزگایەكی میدیایی ئازاد دروستبكات . بەڵام ئەوە ئێستا دەبینن، ئەو كەناڵە نەوتییە، بێ شەرمانە رۆژانە هێرشدەكاتە سەر سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان، كە ئەو سیاسەتە نەوتییە بووەتە مایەی دابینكردنی كارەبا، ئاو و سووتەمەنی بۆ خەڵكی كوردستان، بەبێ منەتی بەغدا . هەروەها ئەو سیاسەتە نەوتییە ئێستا بەرەو سیاسەتێكی دارایی سەربەخۆمان دەبات، هەروەها بەرەو گەشانەوەی ژیان و هیوای كوردستانمان دەبات . بووەتە هۆی ئەوەی كوردستان ئەمڕۆ لە هەموو دنیادا ناوێكی رێزلێگیراوبێت . بەڕاستی ئەوەی دژایەتی ئەو سیاسەتە بكات، لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە بە بەكرێگیراوی ئەوانەی دادەنرێت كە نایانەوێ كوردستان سوود لە سامانە نەوتییەكانی وەربگرێت . ئێستا نەوشیروان مستەفا تێدەگەی، كە تۆ لە تەلەڤزیۆنە نەوتاوییەكەتەوە چیدەكەی .
نەوشیروان مستەفا، باسی گەندەڵی دەكات، باشە تەماشای نەخوێندەوارەكانی دەوروبەری خۆت نەكردووە، كە بەبێ ئەوەی رۆژێك وەزیر بووبن، بە پلەی وەزیرییەوە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن . ئەو حەرفە بەس نییە نەوشیروان مستەفا.
نەوشیروان مستەفا، دەتەوێ باسی چیدەكەت بۆ بكەین، باسی هەڵگیرساندنی شەڕەكانی براكوژیت بۆ بكەین كە خۆت پاڵەوانی بێ مونافیسی براكوژی بوویت، دەتەوێ هەڵەبجەت بۆ بكەین، كە هەروەك مام جەلال ئاشكرایكرد خۆت سەبی بەركەوتنی ئەو هەموو خەڵكەی هەڵەبجە بوویت. باسی دروستكردنی زمانی شڕی جێنودانت بۆ بكەین لە رۆژنامەگەری كوردیدا كە كەس تێیدا شان لە شانت نادات و تۆ قوتابخانەی بووی . باسی بێ وەفاییت بۆ بكەین، كە بەداخەوە لە هێرشكردنە سەر مام جەلال، كە رۆژگارێك بە گەورەی خۆت دادەنا، ئەمڕۆ كە هەموو خەڵكی كوردستان لەو نەخۆشییەیدا هاوسۆزە لەگەڵی تۆ بێ شەرمانە پەلامارتدا، بەبێ ئەوەی رەچاوی داب و نەریتی ئیسلامی و كوردەواریش بكەی .
نەوشیروان مستەفا، ئێمە وەك تۆ نین كە لە ساڵانی نەوەدەكاندا نەتدەهێشت كەس باسی كەموكوڕییەكی حكومەت بكات و بەوە لە دەمی خەڵكت دەدایەوە كە هەر ئەوەندە دەكرێت .
ئێمە رێگەت پێدەدەین رەخنە بگریت، بەڵام یاسا و مێژووە پڕ خوێنەكەت، مێژووە پڕ لە نەزانییەكەت لەڕووی بەڕێوەبردنەوە رێگەی هێرشكردنت لێدەگرێت . ئیدی بەسە و داوای لێبووردن بكە بەرامبەر تاوان و نەزانییەكانت.




