٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

گۆڕان و سووكایەتی بە مەسیحییەكان و توركمانەكان، داواكاریی كەمكردنەوەی "كۆتا"كەیان

سەرچاوە: KDP.info

عه‌بدولڕه‌زاق عه‌لی

لە ژمارەی پێرێی هەفتەنامەی "ئاوێنە"ـدا، كاندیدێكی گۆڕان، بە ئاشكرا و بێ پێچوپەنا داوای كەمكردنەوەی (11) یازدە كورسییەكەی "كۆتا"ـی مەسیحییەكان و توركمانەكانی كوردستان دەكات، بێ سڵەمینەوەش گومان دەخاتە سەر وەلائیان و تاوانباریان دەكات بەوەی لەگەڵ "دەسەڵاتن، جا بەعس بێت، یان حزبەكانی كوردستان."

لەوە گەڕێن گۆڕان و ئەوانەی (گۆڕان)ـیان دروست كردووە و سەركردایەتی دەكەن، نەك هەر توركمان و مەسیحی و عەرەبە ڕەسەنەكانی كوردستان و كوردانی ئێزدی و كاكەیی و هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان، بە زیاد دەزانن و هەرگیز بە هاووڵاتیشیان نەزانیون و نازانن، بگرە لە سەیتەرەكەی تاسڵوجە بەمدیودا هەر بە كورد و بگرە بە بەشەر نازانن و پێیانوایە فولكەی خانەقا سەنتەری دنیایە، ئەمەیان بە ڕێی خۆی و هەموو هاووڵاتییەكی هۆشیاری ئەم وڵاتە، دەمێكە دەركی بەم ڕاستینە دواكەوتووانەی ناخیان كردووە.

دیسان ئەوەی كە ڕێبەرانی گۆڕان و پاشكۆ ئیسلامییەكانی، لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا زۆر لێنەزان و بێسەروبەرن، ئەمەشیان ساغ بووەتەوە. خۆ نەشارەزاییشیان لە سیاسەتدا، وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە و ڕووداوەكانی كوردستان دەیسەلمێنن لە بەرلووتی خۆیان دوورتر نابینن.

هەرچۆنێك بێت، تا مەسەلەكان لە خانەی نەزانیندا بمێننەوە، ڕاستە سەرئێشەكەی بۆ كوردستانە، بەڵام زیانەكەی تەنیا بۆ خۆیانە. ئەدی كورد ناڵێ: پیاوی نەزان ماندووە. وەلێ كە كار دێتە سەر سیاسەتكردن، مەسەلەكە، ڕەهەندی تر وەردەگرێت.

ئاخر كاتێك مەسەلەكان لە نەزانی دەردەچن و دەبنە بەرنامەیەكی سیاسیی ڕەگەزپەرستانە، دەبنە سووكایەتیی ئاشكرا بە بەشێك لە هاووڵاتیانی كوردستان، ئیتر ئەمەیان هێڵی سوورە و ئەركی هەمووانە ڕووبەڕووی ببینەوە. دەبێت هەموو ڕای گشتیی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی كوردستان، لە پێشیانەوە، كەمینە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان بزانن كە ئەوە بەرنامەی گۆڕان و پاشكۆكانێتی.

لێرەوە ڕوو لە هاووڵاتیانی مەسیحی و توركمانەكانی كوردستان دەكەم، ڕوو لە حزب و كۆمەڵە و ڕۆشنبیر و نوێنەر و كاندیدەكانیان دەكەم: خوشك و براینە، گۆڕان و پاشكۆ ئیسلامییەكانی دەیانەوێت ئەو یازدە كورسییە كەم بكەنەوە كە لە پەرلەمانی كوردستان وەك "كۆتا" بۆتان تەرخان كراوە.
دیسان ڕوو لە هەموو خەڵكی كوردستان، ڕۆشنبیرانی بەئاگا و خاوەن ویژدانی ئەم وڵاتە، هەموو حزب و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەم: ئەرێ ئێوە ڕازین گۆڕان و پاشكۆكانی بە بیانووی حزبیانە، "كۆتا"ـی مەسیحی و توركمانەكانی كوردستان كەم بكەنەوە؟ ڕازین گۆڕان و پاشكۆكانی ئەو زوڵمە لە مەسیحی و توركمانەكان بكەن؟
بەڵام پێش ئەوەی هیچتان وەڵام بدەنەوە، تكایە یەك حەقیقەت بزانن: ئەگەر تەجرەبەی كوردستان شانازییگەلێكی هەبێت، ئەوا "كۆتا"ـی مەسیحی و توركمانەكان یەك لە شانازییە هەرە گەورەكانێتی. ئازادی و سەلماندنی مافی نەتەوەكانی كوردستان، یەك لە جوانییەكان و ڕووە گەشەكانی تەجرەبەی بیست ساڵی ڕابردوومانە.

تكایە نەكەن ڕێ بە گۆڕان و پاشكۆكانی بدەن ئەو ڕووە گەشەی كوردستان بشێوێنن. دەزانم ئەوانە خەمی كورسی و دەسەڵات نەبێت خەمێكی تریان نییە، وەلێ نابێت بە هیچ كلۆجێك ڕێگەیان پێ بدەین ناوی كورد و كوردستان بزڕێنن.
دێمە سەر سووكایەتییەكانی گۆڕان بە نەتەوە و ئایینەكانی كوردستان، هێندە نەژادپەرستانەن، بە ڕاستی دەبێت داواكاری گشتیی كوردستان و پەرلەمان و حكوومەت و ڕێكخراوە مەدەنییەكانی كوردستان، پێش حزب و كەسایەتییە مەسیحی و توركمانەكانی كوردستان بێنە دەنگ، ئاخر ئەوەی گۆڕان بە توركمان و مەسیحییەكانی دەڵێت، ڕاسیزمە، ڕاسیزمیش لە هەموو دنیادا تاوانە.

جا بە بۆنەی باسكردنی بەعسیبوون و وەلائەوە بۆ بەعس، مافێتی مرۆڤ پرسیارێكی زۆر ڕەوا لەو برادەرە و هەموو گۆڕانەكان و ڕێكخەرەكەیان بكات:
كێ لە كوردستاندا پێش ڕێكخەری گشتیی گۆڕان، نەك سواری دەبابە بووە و گوندی كوردستانی سووتاندووە، نەك پیاوی حكوومەتی عێراق و خزمەتكاری بەعس بووە، بگرە تەنزیری بۆ جاشایەتی كردووە و ئێستێش لێی پەشیمان نییە؟ توخوا پێمان بڵێن ئەو دەمەی ساڵی 1968 بەعس هاتە سەر حوكم، ڕێكخەری گۆڕان لە كوێ بوو؟

هەواڵی پەیوەندیدار