رۆڵی پەرلەمان لە پاراستنی ماف و ئازادییەكانی خەڵك

د. ڤالا فەرید
ئەركی پەرلەمان پاراستنی ماف و ئازادییەكانی هاوڵاتیانە لە بەرامبەر زێدەڕۆییەكانی دەسەڵات، ئەویش لە رێگای لەیەكگرێدانی هەردوو چەمكی دەسەڵات و بەرپرسیارەتی لەلایەك، باڵانس راگرتن لە نێوان ئەو دوو چەمكە لە لایەكی تر. باڵانس راگرتن لە نێوان دەسەڵات و بەرپرسیارەتی گەرەنتییە بۆ پارێزگاری كردن لە ماف وئازادییەكانی خەڵك،وە ئەو باڵانس راگرتنە ئەركی پەرلەمانە لە رێگای دارشتنی یاساو رێسا و فەراهەمكردنی ئالیاتی یاسایی ئەوتۆ كە دەسەڵات ملكەچ بكات بۆ بەرپرسیاریەتی.
لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپە نێودەوڵەتیەی كە دەڵیت:(دەسەڵات لەكوێ بیت بەرپرسیارەتی لەگەڵیەتی) ئەو پرەنسیپەی كە وڵاتە پێشكەوتووەكان لە حوكمڕانی وڵاتەكانیان پەیڕەوی دەكەن بونەتە داكۆكیكار لەپاراستنی ماف و ئازادی هاووڵاتیەكانی خۆیان، جوانترین نمونەشن بو ئەو وڵاتانەی كە هەنگاویان ناوە بۆ بەرەوپیشچوون. بێگومان بەرەوپێشچونی هەر كۆمەڵگایەك پەیوەستە بەرێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و بەرزراگرتنی ئازادییەكان ئەویش لە رێگای رێكخستنی ماف و ئازادییەكان بە یاسا، یاسایەك كە بەشێوەیەك دابڕیژرێت. خەڵك و دەسەڵات پێكەوە ملكەچ بن بۆی، ملكەچكردنی دەسەڵات و خەڵك بە یەكسانی بۆ یاسا، بەرجەستە نابێت تاوەكو پەرلەمان ڕۆڵی خۆی نەبینێت لە پەیڕەوكردنی پرەنسیپی دادوەری یاسایی (المساواە القانونیە) لەدەركردنی یاساكاندا، واتا بەجۆریك یاساكان دابڕێژێ كە یەكسانی فەراهەم بكات لەنێوان هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا، جیاكاری لەنێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵگا دروست نەكات لەسەر بنەمای پێگەی كۆمەڵایەتی، ئایین، نەتەوە، رەگەز، ئەمە جگە لەوەی كە ئەركییەتی تاكەكانی كۆمەڵگا ئاشنا بكات بەماف و ئەركەكانیان، بەوەی كە هەر تاكێك داكۆكی لەمافەكانی خۆی بكات و لەبەرامبەردا ئەركەكانیش جێبەجێ بكات. واتا رۆڵ ببینێت لەگۆشكردنی تاكەكان و نەوەكانی داهاتوو لەرێگای بەدۆستایەتی كردنی ئەرك و ماف، چونكە دروستكردنی قەناعەت لەلایەن تاكەكان بەوەی كە ئەوان تەنها خاوەنی مافن لەسەر كۆمەڵگا، یاخود تەنها هەڵگری ئەركن لەبەرامبەر كۆمەڵگا، كۆمەڵگا رووبەرووی كارەساتی چەقبەستویی دەكات، ئەو كۆمەڵگایە ناتوانێت بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە ببینێت لەهیج روانگەیەك لە روانگەكانی ژیان. بەپێچەوانەوە گۆشكردنی تاكەكان بە ماف و ئەركەكانیان و هاندانیان بۆ داكۆكیكردن لەمافەكانیان جێبەجێ كردنی ئەركەكانیان گرنگترین رێگایە بۆ بەرەوپێشچونی كۆمەڵگا لەهەموو روانگەكانی ژیان، سیاسی، مەدەنی، ئابوری، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری...هتد
دوای بینینی ئەو ڕۆڵە پیرۆزە لەلایەن پەرلەمانەوە ئینجا رۆڵی دێت لە پارێزگاریكردنی ماف و ئازادی هاووڵاتیان لەبەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێ كردن كاتێك كە دەسەڵاتی جێبەجێكردن زیادەرۆیی دەكات لەدەسەڵاتەكەیدا و پێشێلی ماف و ئازادی هاوڵاتیان دەكات،ئەویش لەرێگای لێ سەندنەوەی متمانە لەو دەسەڵاتە. ئەو ماف و ئازادییانەی كە دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەكاتی پێشێلكردنیان رووبەرووی متمانە لێ سەندنەوە دەبێت بریتین لەو ماف و ئازادییە ئابوری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و سیاسیانەی كە پەیوەستن بە فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی كۆمەڵگا وەكو مافەكانی رەخساندنی هەلی كار، بیمەی كۆمەڵایەتی و تەندروستی، دادپەروەری كۆمەڵایەتی، دابینكردنی ئاستێكی بژێوی شیاو بۆ تاكەكان، مافەكانی خوێندن، مافی ژیان بەسەر بردن لەژینگەیەكی خاوێن، مافی پەرەپێدان و بەرەوپێشچوون، مافی بەشداریكردن لەبەرێوەبردنی وڵات، مافی دابینكردنی ئاسایش...هتد.
كاتێك كە دەسەڵاتی جێبەجێ كردن ئەو مافانەی پێ فەراهەم ناكرێت، مانای ئەوەیە كە پێشێلی ئەومافانە دەكات بەشێوەیەكی نێگەتیڤ ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە خۆی رووبەرووی بەرپرسیاریەتێك بكاتەوە كە پێی دەڵێن بەرپرسیارەتی سیاسی، ناوەرۆكی بەرپرسیاریەتیەكەشی بریتیە لە لێ سەندنەوەی متمانە لەو دەسەڵاتە لەلایەن پەرلەمانەوە كە نوێنەری خەڵكە، داكۆكیكارە لەدابینكردنی ماف و ئازادییەكانیان، ئەركی ئەوەیە كە متمانە بدات بەدەسەڵاتی جێبەجێ كردن و بەرنامەكانی قبوڵ بكات هەر ئەركی ئەویشە كە چاودێری ئەو دەسەڵاتە بكات متمانەی لێبسەنێتەوە لەكاتی زیادەڕۆیی كردن و پێشێلكردنی ماف و ئازادییەكان.




