٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هەڵبژارتن یا چارەسەری؟

سەرچاوە: KDP.info

ئیحسان داغی

سەرچاوە: زەمان

پەكەكە پرۆسەی كێشانەوەی هێزەكانی خۆی راگرتووە بەڵام ئاگربەست هێشتا بەردەوامە. بیانووی سەرەكەی پەكەكە بۆ راگرتنی پرۆسەی كێشانەوەی هێزەكانی خۆی ئەوەیە كە حكوومەت بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد سەمیمی نییە و دەیەوێ ئەم قۆناغەی تا كاتی هەڵبژاردنەكانی توركیا درێژ بكات بۆ ئەوەی كە لە كەشوهەوایەكی ئارامدا هەڵبژاردنەكان بەرێوە ببات بۆیە تا كاتی هەڵبژاردنەكان دەیەوێ بە بیانووی قۆناغی چارەسەری خەڵك بخافڵێنێت.

پێشتر من لە بابەتێكی خۆمدا ئاماژەم بەوە كردبوو كە ئایا ئامانجی حكوومەتی توركیا چارەسەر كردنی پرسی كوردە؟ یا ئامانج ئەوەیە كە لە ساڵی 2014 كە ساڵی هەڵبژاردنە پەكەكە ناچار بكرێت كە واز لە هێرشی چەكداری بهێنێت؟

من لەو باوەرەدام كە تا بزافی سیاسی كوردی رازی نەكرێت و هەست بە متمانە نەكات ئەم قۆناغە بە هیچ شێوەیەك بەرەو پێشەوە ناڕوات. پەكەكە كاتێك كە لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2011دا كۆتایی بە ئاگربەست هێنا رایگەیاند كە بەر لە هەڵبژاردنەكاندا حكوومەت چەندین سۆز و بەڵێنی دابوو بەڵام هێچ یەك لەو سۆز و بەڵێنەی جێبەجێ نەكرد بۆیە ئێمە كۆتایی بە ئاگربەست دێنین. كاتێك كە سەیری رابردووی ئەم قۆناغە و هەڵوێستی حكوومەتی و پەكەكە بكەین ئەوا ناتوانین بڵێن كە پەكەكە بەبێ ئەوەی كە تا رادەیەك داواكارییەكانی جێبەجێ بكرن هێزە چەكدارەكانی خۆی دەكێشێتەوەو چەك دادەنێت. بێگومان بریاری راوەستاندنی پرۆسەی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە نەبوو هۆكاری سەرسۆڕمانی هیچ كەس، چونكە هەر كەس دەزانێت كە لە كاتی نزیك بوونەوەی هەڵبژاردنەكاندا حكوومەتی ئاكەپە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نابێت كە گۆڕانكارییەكی ئەوەتۆی سیاسی و یاسایی بكات كە پرسی كورد چارەسەر بكات، بۆیە پەكەكەیش دەیەوێ ئەم ماوەیە بە پێ بەرنامە و پلانی خۆی بەكار بهێنێت. لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە لەمەو بەدواوە چارەنووسی قۆناغی چارەسەری چۆن دەبێت؟

دەتوانم بڵێم كە قۆناغی چارەسەری بە یەكجاری تێك نادرێت بەڵام تا كاتی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014 هەر بە لاوازی دەمێنێتەوە و رەنگە دوای هەڵبژاردنە گشتییەكان دووبارە تۆزێك جموجووڵی تێبكەوێتەوە.

ئەگەر لە بیرمان بێت لە سەرەتای قۆناغی چارەسەریدا حكوومەت ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئامانجی سەرەكەی حكوومەت لەم قۆناغە كێشانەوەی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە لە نێو سنوورەكانی توركیا و چەك دانانی پەكەكەیە. بەڵام حكوومەت بە هیچ شێوەیەك ئاماژەی بەوە نەكرد و ناكات كە پەكەكە لە بەرامبەر چە جۆرە سۆز و بەڵێنێكدا رازی دەكرێت تا چەكەكانی خۆی دابنێت. من وا بیر دەكەمەوە كە بە هۆی هەستیار بوونی ئەم پرسەوە حكوومەت ویستی بەمجۆرە رای گشتی توركیا رازی بكات تا لە بەرامبەر هەنگاوەكانی حكوومەتدا بێدەنگی بنوێنێت. بەڵام دواتر ئاشكرا بوو كە لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەریدا كە ناوەڕۆكەكەی لە رای گشتی توركیا شاراوەتەوە حكوومەت ناتوانێت بەبێ ئاگاداری خەڵك و بەبێ پاڵپشتی خەڵك هیچ جۆرە هەنگاوێك بنێت یا هیچ جۆرە گۆڕانكارییەكی سیاسی و یاسایی بكات.

ماوەیەكی درێژە كە پەكەكە و بەدەپە ئاماژە بەوە دەكەن كە قۆناغی چارەسەری رووبەرووی قەیران بووەتەوە و حكوومەت تا ئێستە نەیتوانیوە لە بەرامبەر ئاگربەست و كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكەدا هیچ جۆرە هەنگاوێك بنێت بە تایبەتی ئەو هەنگاوانەیش كە بەڵێنی جێبەجێ كردنی دابوون جێبەجێ نەكردووە. دابەزاندنی رێژەی سەدا 10ی هەڵبژاردنەكان، خۆش كردنی زەمینە بۆ پەروەردە بە زمانی زگماكی، باشتر كردنی بارودۆخی ئوجەلان لە گرتووخانە، سەربەست كردنی گیراوانی دۆزی كەجەكە ئەو هەنگاوانە بوون كە لە سەرەتای قۆناغی چارەسەریدا حكوومەت بەڵێنی جێبەجێ كردنی دابوون بەڵام تا ئەمرۆ بۆ جێبەجێ كردنی ئەم خاڵانە حكوومەت هیچ جۆرە هەنگاوێكی نەناوە.

بێگومان پەكەكەیش زۆر عاقڵانە هەڵسووكەوتی كرد و هەر هەمووی هێزەكانی خۆی نەكێشاوەتەوە و لە بەرامبەر ئەگەری هەنگاو نەنانی حكوومەتدا رێوەشوێنی پێویستی وەرگرتووە و سەرەڕای نەكێشانەوەی هەر هەمووی هێزەكانی خۆی بەڵكو ژمارەیەكی یەكجار زۆر گەنجیش لە سەرەتای دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەرییەوە تا ئەمرۆ چوونەتە نێو رەفەكانی پەكەكەیەوە. بێجگە لەم دوو خاڵە هاوكات پەكەكە توانی خۆی بكات بە موخاتەبی سیاسی حكوومەتی توركیا و كاریگەری خۆی لە پارچەكانی دیكەی كوردستان زۆرتر بكات و باڵی سوریای پەكەكە پەیەدەیش كرا بە بەشێك و فاكتەرێكی قۆناغی چارەسەری و بەمجۆرە پەیەدەیش لە سوریا بوو بە خاوەن مەشروعییەت.

لەمەو بەدواوە لە كاتێكدا كە حكوومەتی توركیا خۆی سەرقاڵی هەڵبژاردنەكان كردووە پەكەكە سەرەڕای وەرگرتنی رێوەشوێنی تایبەتی سەربازی لە توركیا، تا كاتی هەڵبژاردنەكان هەوڵ دەدات كە ل توركیا مەشروعییەتی سیاسی خۆی بەهێزتر بكات و پەیەدەیش لە سوریا بكاتە تاقە هێزی كاریگەری ناوچەكە و بیكاتە خاوەن ستاتۆیەكی بەهێزی سیاسی.

 

هەواڵی پەیوەندیدار