گۆڕان بێ رەزامەندی پارتی، وەعدی بێ ئەساس بە خەڵك دەدات

ئاریـــان فــــهرهج
لەم بانگەشەیەدا بەخشینەوەی جۆرەها بەڵێن و وەعدو پەیمانی قەبە و لە خۆ گەورەتر، بۆتە دیاردەیەكی خراپ كە تا ئاستی لاقرتێ و گاڵتەپێهاتنی دەنگدەران هەڵكشاوە. زۆربەی لیست و قەوارە و كاندیدەكان وەك بڵێی چاو بەچاو نەكەوێتەوەو رۆژی بیست و یەكی نۆ كۆتایی دونیا بێت و رۆژانی دواتر قەت نەیەن، سڵ لە هەڵگرتنی هیچ بەردێكی گەورە ناكەنەوە و بێباكن لەوەی دەنگدەران باش دەزانن هەڵگرتنی ئەو بەردە گەورانە نیشانەی نەهاویشتنە.
لەو ناوەندەدا وەعدو بەڵێنە قەبە و بێ بنەماكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە سەر هاتنە نێو حكومەت بیناكراوە، لە هی هەموان عەنتیكەترە. ئەو بزوتنەوەیە وەك هەموو خەڵكی تر لەو راستییە دڵنیایە كە پارتی گەورەترین هێزی مەیدانەكەیە و دەنگی یەكەم بەدەست دێنێت، بە پێی یاساش هەر پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ رادەسپێردرێت،
| لەو ناوەندەدا وەعدو بەڵێنە قەبە و بێ بنەماكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە سەر هاتنە نێو حكومەت بیناكراوە، لە هی هەموان عەنتیكەترە |
كەواتە هەر پارتیش بڕیاردەدات كێ بكاتە شەریك و بەشدار لە حكومەتدا، ئەوەندەی من تێبگەم دوایین قەوارە كە پارتی بیر بكاتەوە لەوەی بیكاتە شەریكی خۆی لە حكومەتدا گۆڕانە، بە تایبەتی كە پێشبینیش دەكرێت دەنگەكانی ئەمجارە زۆر لە كزی بدەن. كەواتە چانسی گۆڕان بۆ گەیشتنە دەسەڵات لاوازترین چانسە، كەچی هەموو وەعد و بەڵێنە قەبە و لەخۆ گەورەترەكانی لەسەر ئەو بنەما لاوازە بینا كردووە و هەر بەو بەڵێنانەش كەلەسەر سەهۆڵ نوسراون دەیەوێت دەنگ كۆبكاتەوە. بە كوردییەكی پەتی: گۆڕان بێ موافەقەت و وەعدی پارتی، وەعد و بەڵێنی بێ ئەساس بەخەڵك ئەدات!!!!
لەم مەیدانی موزایەدە و بێبەڵێنییەدا، ئەو هێزەی سڵ لە بەڵێنی قەبەو ناواقیعی دەكاتەوە تەنیا پارتییە. چونكە پارتی مەعلومە دێتەوە دەسەڵات و وەك كارەكتەری یەكەمی پێكهێنەری حكومەتی نوێ هێزی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لەدەستدا دەبێت و خەڵكیش هەر لە ئێستاوە چاوەڕوانی و تەوەقوعیان لێی هەیە و وەك هەمیشە بەڵێنەكانی بە جددی وەردەگرن و حسابی لەسەر دەكەن، پارتی چاوی بە چاوی خەڵك دەكەوێتەوە و بەرپرسیاردەبێت بەرامبەر وەعد و پەیمانەكانی، بۆیە ئەو بەردانەی هەڵگرتوون كە دەتوانێ بیانهاوێژێت . پارتی بە هێزێكی زۆرەوە دەچێتەوە پەرلەمان، بۆ كار دەچێت نەك بۆ هات و هاوار و تەپڵ لێدان، هەربۆیەش پارتی لە بەڵێنەكانیدا، لە شێوازی بانگەشەیدا، لە دەم و گوفتی سەركردە و كادیر و كاندیدەكانیدا، جیاواز لە هەموان دێتەبەرچاو.
| پارتی چاوی بە چاوی خەڵك دەكەوێتەوە و بەرپرسیاردەبێت بەرامبەر وەعد و پەیمانەكانی |
بەڵێنەكانی واقیعی و قابیلی جێبەجێكردنن و دورن لە موبالەغە و شان پێداكردن، باگەشەكەی لە هەموان ئارامترە، كاندیدەكانیشی لەهەر گفت و بەڵێنێكدا رێنومایی و ئامۆژگارییەكەی یەكەم رۆژی بانگەشەی سەرۆك مەسعود بازانییان لە بیرە كە گوتی: بەڵێنی لە توانای خۆتان گەورەتر بە خەڵك مەدەن، پاراستنی راستگۆیی خۆتان و پارتەكەتان لە كورسی گرنگترە .




