پرۆسەی هەڵبژاردن دەستی پێکرد و ریکلام گەرمە و رووداوەکانیش گەرمتر دەبن
غازی حەسەن
لە 28ی ئابی 2013پرۆسەی دەستپێکردنی ریکلام بۆ هەڵبژاردنی خوڵی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد. هەر لەیەکەم کاتژمێری راگەیاندنی دەستپێکردنی ریکلام، لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە ریکلامکردن بۆ حزب و لیستەکانیان کرد. پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە لایەن و لیستی نێو رکابەرییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بۆ ماوەی پێنج رۆژ دواخست. گرینگ پرۆسەکە دیموکراسییە، هەندێک لایەن توند و بیبەری قسە دەکەن، هەندێکیش هێشتا دەستیان پێنەکردووە. هەندێکیش وەکو پڕوپاگەندە بۆ بوونی سیاسی خۆیان دەستیان بە هەڵبژاردن کردووە. لایەنەکان تاکو ئێستە بە ئارامی و لە چوارچێوەی پرەنسیپەکان رکابەری دەکەن و بانەگشە بۆ لیست و کاندێدەکانیان دەکەن. کەرنەڤالێکی جوان و رازاوە و هەمەرەنگی کۆمەڵگەی کوردستانی دەردەخات. پیاوانی ئاینی لە لیستەکان هەن، ئافرەت و گەنج و مەسیحی و ئێزدییەکان و توێژە جیاکان و کەسانی ئەکادیمی و سیاسی و پیشەگەر. لیستی نەتەوەیی و کوردستانی، تورکمان بە چەندین گروپ و لیستەوە، کلدان و سریانی و ئاشوریش بەهەمان شێوە لە چەندین لیست و بەدەیان کاندێدیان هەیە بۆ رکابەری لەسەر سەدو یانزدە کوردی پەرلەمانی کوردستان. لیستی لایەنە ئیسلامییەکان، کرسیتیان و گروپە ئاینی و نەتەوەییەکانی دیکەش بە بڵندی و بە هێزەوە بەشدارن لە پۆرسەکە. بنەما گەش و دیارەکەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەوەیە، ئۆپۆزسیۆن زۆرتر هێرش دەکەن و رەخنە دەگرن و تەنیا هەندێکجار شۆڕ دەبنەوە بۆ ناو وروژان و توڕەکردن و مەسەلە شەخسیەکانیش دێخنە بەر سێرەی ئامانجی تایبەتی. لایەنەکانی دەسەڵاتیش دەیانەوێت بالانسی رکابەری و ئارامی و هێمنی لە بەرێوەچوونی پرۆسەکە رابگرن، چونکە هێشتە خۆیان بە هێز و بەنفوز دەزانن. لە راستیشدا ئەم پۆرسەیە بەوە بەهێز و کاریگەر و نێوبانگ بەرز دەبێت، کە ئۆپۆزسیۆن قسەی لە لایەنەکانی حکوومدار زۆرترە، دەرفەتەکان یەکسان و هاوتان لە رووی یاساییەوە بۆ هەموو لایەنەکان.
| لایەنەکان تاکو ئێستە بە ئارامی و لە چوارچێوەی پرەنسیپەکان رکابەری دەکەن و بانەگشە بۆ لیست و کاندێدەکانیان دەکەن. کەرنەڤالێکی جوان و رازاوە و هەمەرەنگی کۆمەڵگەی کوردستانی دەردەخات |
پێدەچێت ئەمجارە پرۆسکە گەرم و هەروەها گرینگینتریش بێت لە جارانی دیکە، چونکە هەم گۆرانکارییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە لە پەرەسەندنە. هەمیش لە ناوەخۆی کوردستانی باشوردا سیستەمی بەرێوەبردن و کاری سیاسی و ئۆپۆزسیۆن فرەبووە، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆکار بۆ چاوخشاندنەوە بە هێز و بنکە و جەماوەری لایەنە سیاسییەکان، هەروەها ئەمجارە چارەنووسازە، بڕوا و متمانەبوونی لایەنەکانی دەسەڵات بە دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەردەخات و تاقی دەکاتەوە، چونکە وەکو هەندێک لایەنەی ئۆپۆزسیۆن بانگەشەی بۆ دەکەن، ئیدی دەسەڵات لەق دەکەن، بنکە و بنەماکانی بەرێوەبردنی دەسەڵات دەگۆڕن. لە کاتێکدا دەبێت بەهەمان شێوە ئۆپۆزسیۆنیش پێش رووداوەکان نەکەوێت و پێش دەنگدان بڕیار لەسەر ئەنجامەکان و کاردانەوەکانی خۆیان نەکەن. چونکە ئەوەی ئێستە ئەوان دەیکەن رێک و رەوان سایکۆلۆژیای دۆڕان و تۆڵەکردنەوەیە.. سایکۆلۆژیای دروستکردنی کەشێک کە دەیانەوێت لە ئێستە بە خەڵک بڵێن ئەگەر ئێمە وەکو پێویست و بە ئارەزووی خۆمان و لە قازانجی خۆمان دەنگمان نەهێنا، مانای وایە دەسەڵات تەزویری لە دەنگدان کردووە.
ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسازە، بەتایبەتیش بۆ هەندێک لایەن، پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێ لە سەر درێژەدان بە هاوپەیمانی و راگرتنی بالانس لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات، چۆن دوای دەرەنجامەکان دەتوانێت لاسەنگی هێز رابگرێت. یەکێتی چۆن دەتوانێت دەنگەکانی خۆی لە بزوتنەوەی گۆڕان وەربگرێتەوە، کە وەکو هێزێکی گەورە لێیان جیابوونەوە، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی رکابەری سەرەکی و هەروەها لەرووی رێکخستنیشەوە تێکەڵیانن، هەروەها چۆن ئەوان دەتوانن گوتار و شێوازی کارکردنی سیاسی و ئیداری خۆیان لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان جیابکەنەوە، کە درێژبووەوەی یەک رێباز و شێواز و عەقڵەیەتی سیاسی و ئایدۆلۆژین. هەروەها لایەنە ئیسلامییە سیاسییەکان دوای تێکشکانی ئیخوان موسلمین لە میسر و دوای لەقبوونی هاوپەیمانی لە نێوان (گۆڕان و یەکگرتوو وکۆمەڵ) و دابەزینی هەریەکەیان بە لیستێکی سەربەخۆ، کە لەدوای دانوستانێکی دوور و درێژ نەیتوانی بەیەک لیست دابەزن، چی بەسەر دێت؟. بەتایبەتی ئەگەر دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢١-٩-٢٠١٣ هاوسەنگی هێز و بەرژەوەندییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هات. ئەمانە لایەنێکی گرینگی هاوکێشە سیاسییەکانی رۆژانی هەڵبژاردن و هەروەها پرسیاری سەرەکی دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش دەبن. لەوەش گرینگتر ژمارەیەک لایەنی سیاسی لەسەر هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی نێوان (پارتی و یەکێتی) ئەسپی خۆیان تاو دەدەن و گرەو لەسەر لێکدوورکەوتنەوەی ئەم دوو هێزە گەورەی کوردستان دەکەن. ئەگەر ئەم خواستەی ئەوان نەهاتە دی، چۆن دەتوانن لە کەشێکی گرژ و نائارام و پڕ لە هێرشکردنە سەر لایەکانی دیکە بژین.
| پرۆسەکە گرینەگە، چونکە هەڵبژاردنەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆی دەکرێت، سی و حەوت لیستی جیا جیا و هەمە لایەن رکابەری تێدا دەکەن |
پرۆسەکە گرینەگە، چونکە هەڵبژاردنەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆی دەکرێت، سی و حەوت لیستی جیا جیا و هەمە لایەن رکابەری تێدا دەکەن. لایەنە سەرەکییەکانی وەکو پارتی و یەکێتی بە لیستی جیا دادەبەزن و هەروەسا ئەمجارە هاووڵاتی کوردستان، دەتوانن راشکاوانەتر دەنگ بە نوێنەرکانی خۆیان بدەن. لەبیری نەکەین هاووڵاتی لەروی ژیان و گوزەرانەوە لە ئاستێکی باشترە بە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بۆیە ئەمجارە رەنگە چاکتر و هێمنتر بیر لە بەرنامەی لیستەکان بکەنەوە و دەتوانن بە ئیرادەی و بڕوای بەهێزترەوە بڕیار بدەن. هەروەها نەوەیەکی گەنج لە دوای ساڵی ١٩٩١ دروست بوون، بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن. پێویستیان بە کار، بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و خوێندن و گەشتوگوزار و ئەنتەرنێت و مۆدێل هەیە. ئافرەتان ئەمجارە لەرێگەی هوشیاربوونەوەی یاسایی و رۆشنبیرییەوە ، بەدوای مافە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیانەوەن.. راستە مێژوو رۆلێکی گرینگ لە سەر ئیرادە و بڕیارەکانی تاکی کورد دەگێڕێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، بەرنامە و بیرکردنەوە لە ئاسۆکانی هەنوکەیی و دوارۆژیش کاریگەریان لەسەر نەوەیەکی تازە پێگەیشتووی خوێندەوار و چاوکراوە نییە. هەروەها بە گشتی ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە کەرنەڤالێکی دیکە و یەکلاکەرەوە بۆ مەسەلەی هاوسەنەگی هێزەکان، بۆ سەلماندنی ماف و خواستی دەنگدەر، هەروەها ئیرادە و لێوەشاوەیی کاندێدیش باشتر لە هەڵبژاردنەکانی دیکە بەدیار دەکەوێت.
| ئەمجارە هاووڵاتی کوردستان، دەتوانن راشکاوانەتر دەنگ بە نوێنەرکانی خۆیان بدەن |
بۆیە بەشداری هاووڵاتی لە دەنگدانی ئەمجارە، باشتر دەتوانێت لە رێگەی بەکارهێنانی ئەم مافە دیموکراسییەی خۆی کە (دەنگدانە) چارەنووسی کوردستان و سەرجەم پێکهاتە و پاراستنی مافەکانی سەرجەم دانیشتوانی کوردستان دیار بکات. هەروەها هاووڵاتی لەرێگەی دەنگی خۆیە، دەتوانێت جۆر و بەهای پەرلەمانی داهاتوو دیاربکات، لە رێگەی دەنگدان بە کەسانی لێهاتوو، دەتوانێت پەرلەمانێکی کاراتر دروست بکات، لەئەنجامیشدا لیستەکان دەتوانن چاکتر و باشتر خزمەتیان بکەن. بەڵام لە بیری نەکەین کوردستان هێشتا وڵاتێکی سەربەخۆش نییە، بۆیە دەنگدەر وەکو ئینتما بۆ نیشتیمانەکەی پێویستی بە کوردستانێکی ئارامتر و گەشاوەتر و سەربەخۆ هەیە. دوور نییە ئەمەش رۆلێکی بەرچاو لە ئاراستەی دەنگدەران لە کاتی دەنگدان دروست بکات. گرینگ پرۆسەکە دەستی پێکردووە، رکابەری گەرمە، رووداوەکانیش پێدەچێت کاریگەر بن.




