كێشەی ئاشتی ناوخۆیی توركیا
مستەفا باڵبای
سەرچاوە: جمهووریەت
ئەمە یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی دیالكتیك كە ئەگەر هاتوو پرسێك خرایە سەر مێز ئەوا چارەسەر كردنی ئەو پرسە دەستی پێكردووە.
زیاتر لە 30 ساڵە چەندین ناوی جیاجیا لە پرسی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ نران، سەرەتا دانمان بە هەبوونی ئەو پرسەدا نەنا و سەرۆك كۆماری ئەو كاتەی توركیا ئوزاڵ بە ملیتانەكانی پەكەكەی دەیگوت: ئەمە چوار پێنج چەتە و تاڵانكەرن.
دواتر هەستمان بە هەبوون و گرنگی ئەو پرسە كرد و هەمیشە بە سیاسەتی دەمساڵی لە بەرامبەر ئەو پرسەدا هەڵسوكەوتمان كرد و گوتمان ئەم مانگە نا مانگێكی دیكە ئەو پرسە نامێنێت. وتەی هەرە ناوداری بەرپرسانی توركیا ئەوە بوو كە ئەم بەهارە كۆتایی بە هەبوونی پەكەكە و پرسی كورد دەهێنین. بەمجۆرە سیاسەتانە وامان كرد كە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە هاووڵاتییانی ناوچەكانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ كۆچبەر بكرن.
كاتێكیش كە هەست بە ئاڵۆزبوونی پرسەكە كرا دەست بە پەیڕەو كردنی رێگاچارە سەربازییەكان بۆ چارەسەر كردنی ئەو پرسە كرا و توركیا بە هاوكاری و پشتگیری وڵاتانی دەراوسێ خۆی دەستی بە شەڕ لە دژی پەكەكە و پرسی كورد كرد بەڵام نەیتوانی چارەسەری بكات و وای لێهات كە لە سەر ئاستی ناوچەكە و جیهاندا لەكوێ ناوی توركیا هێنرا ئەوا پرسی كورد و پەكەكەیش لە دوایەوە هاتن. زیاتر لە سەد ناوی جیاجیا وەكو پرسی تیرۆر، پرسی جیابوونەوە، پرسی پارچە كردنی توركیا لە پرسی كورد و پەكەكە كران. لەگەڵ جیاوازی ناوەكانی ئەم پرسەدا ناوكانی چارەسەریش گۆڕانیان بە سەردا هات، لە پرۆژەی برایەتییەوە بۆ یەكیەتی و یەكسانی و دواتر یەك پارچەیی نەتەوەیی و دواتریش كرانەوە بە رووی كورد و دواتریش قۆناخی چارەسەری و.....
كاتێك كە توركیا گاڵتەی بە هەبوونی پرسی كورد دەكرد و دەیەویست بە رێگاچارە سەربازییەكان چارەسەری بكات، كۆتایی بە سەدەی بیستەم هات، یەكیەتی سۆڤییەت پارچە كرا، باڵكان بوو بە 8 پارچە، قەفقاسیا بوو بە 6 پارچە، لە عێراقەوە بگرە تا میسر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی گۆڕا.
ئەمرۆ كاتێك كە ژیانی 30 ساڵەی رابردووی توركیا لەگەڵ پرسی كورد و پەكەكەدا لەگەڵ ئەو رووداوانەی كە لە وڵاتانی دەراوسێ توركیادا روو دەدەن یەك بخەین ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە باشترین ناو بۆ پرسی كورد ناوی ئاشتی ناوخۆییە، چونكە رێگای ئاشتەوایی ناوخۆیی تاقە رێگای هەمیشەیی چارەسەر كردنی ئەو پرسەیە.
بۆیە پێویستە لەم بوارەدا تۆزێك خێرا بین چونكە درێژ كردنەوەی ماوەی چارەسەری ئەو پرسە لەگەڵ رووداوەكانی دەورووبەردا دەبێت بە هۆكاری دەركەوتنی كێشەی دیكە یا دەبێتە هۆكاری لە دەست دانی كونترۆڵی بارودۆخەكە. نابێت باس لە نیوەی ئاشتی یا یەك چوارەمی ئاشتەوایی بكەین بۆ وڵاتێك. ئەگەر دەمانەوێ ئاشتی لە توركیادا هەبێت ئەوا دەبێت بۆ سەرانسەری وڵات و بۆ هەر هەمووی پێكهاتەكان بێت، ئەگەر وا نەبێت كەس ناتوانێت باسی ئاشتی و ئاشتەوایی بكات.
چونكە ئەكەر لە شوێنێكی جستەماندا خوێن بڕژێت و پێشی نەگرین ئەوا لەگەڵ تێپەڕ بوونی كاتدا خوێن لە نێو لەشماندا نامێنێت.
توركیا توانی پێشی لە گۆڕانی ئاشتی ناوخۆیی بە شەڕی ناوخۆیی بگرێت و توانی كە پێشی لە دابەش بوونی كۆمەڵگە بگرێت بەڵام نەیتوانی پرسی كورد چارەسەر بكات. بارودۆخی ئەمرۆی توركیا هەر وەكو بارودۆخی رابردوویە. لە رابردوودا زۆربەی هەرە زۆری بەرپرسانی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هەنگاویان نا بەڵام هەمیشە پرۆسەی چارەسەر كردن بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و نەسڵەكانی داهاتوو دوا خرا و ئەمرۆیش وا بزانم توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەستنیشان دەكات. كە واتە بۆ چارەسەر كردنی ئەو پرسە هێشتا توركیا هەر لە جێگای خۆیدا دەسووڕێتەوە.




