لیستی ژمارەی 110 پارێزەری دیموكراتی و دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان

رێبوار حەمەلاو شوانی
هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە بڕیاروایە لە بیست و یەكی ئەم مانگە بەرێوە بچێت دەبێتە گرنگترین هەڵبژاردن لە مێژووی هەرێمی كوردستان چونكە ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخان لە گۆڕانكاری سیاسی لە كوردستان. هەموو تاك و لایەنە سیاسیی و پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان لە نێویشاندا لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، زۆر بەباشی درك بەو راستییە دەكەن كە كێی سامان و دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان دەپارێزێ و پاراستووە، كێن ئەوانەی شەونخوونی دەكەن بۆ ئەوەی منداڵانمان بە بێ ترس ببەینە شاری یارییەكان و بە بێ ترس بچینە سەیرانگاكان و بە بێ ترس ئاهەنگ بگێرن و بە دڵنیاییەوە لە نێو ماڵەكانیاندا بخەون؟
پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی بەدرێژایی مێژوو خاوەنی ئەو فەرهەنگە بووە كە دەبێت حكومڕانی كورد لە خەبات و كاركردنی هێز و لایەنە سیاسیەكان هەمەلایەن و هەمەئاهەنگ بێت، مێژوو شاهیدی ئەوەیە كە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی یەكەم كەس بوو لە ساڵی 1992لە بەردەم جەماوەری شاری كۆیە و هەموو خەڵكی كوردستان، بانگەشەی كرد كە دەبێت كوردستان بەرەو سیستەمێكی دیموكراسیانە هەنگاو بنێت، لە رێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كوردستان دەسەڵات وەربگیرێت، تا جەماوەری كوردستان رایی خۆیان هەبێت لەسەر دەستنیشان كردن دەسەڵاتداریەتی لە كوردستان.
لیستی ژمارە 110 گرنتی مافی مەسیحییەكان و ویەزیدییەكان وپێكهاتە جیا جیاكانی كوردستانە و لە هەموو هەرەشە و مەترسسیەك بۆ سەر خۆیان و دینیان وئاییندەیان پاراستووە و دەیانپارێزێت و لەو سێبەرەدا بەو پەری متمانەو دڵنیاییەوە ژیانی خۆیان بە سەر دەبەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێناو پاراستنی ماف و دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان و لەتەمەنی دوورو درێژی خۆیدا هەمیشە تێكۆشاوە و خەباتی كردوو قوربانی داوە بۆ ئەوەی گەلەكەمان بگەێنێتە ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆ، بۆیە دەبێت زۆر بە هوشیاری و بەهەستێكی نیشمانپەروەرانە و نەتەوەییانە ئەم دەستكەوتانە بپارێزین و هەربۆیە دەنگدان و متمانە بەخشین بە لیستی 110 بوًئەوەی گەشەسەندنی زیاترو كوردستانێكی گەشاوەتر و ئاوەدانترو ئاسودەتر بۆ هەموو هاووڵاتیانی قوربانیدەری كوردستان بڕەخسێنێت.
لیستی ژمارە 110ی پارتی ئەركی پاراستنی هەمووان بە بەرپرسیارێتییەكی گەورەی خۆی دەزانێ و ئەزموونی حوكمڕانییەكەشی ئەوەی سەلماندووە، پارتی دیموكراتی كوردستانە كە بەرپرس و كارمەندەكانی لەنێو دەزگا ئەمنییەكانی حكوومەتدا هەمیشە بە گیانی پێشمەرگانە خزمەت دەكەن. بۆ ئەوەی خەڵكی و كوردستان و دەستكەوتەكانی وەك بیلبیلەی چاویان بپارێزن.
سیاسەتی راستی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی لە پرسی ستراتیژی نەتەوەییدا رۆڵی گرنگی گێڕاوە بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و هەنگاونان بەرەو چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا بە شێوەیەكی ئاشتی و لە رێی دایەلۆگەوە. هەمان رۆڵیشی هەبووە لە یەكخستنی ریزەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و بەدیهاتنی رێككەوتنی هەولێر لە نێوانی هەموو لایەنەكانی رۆژئاوا كە بەردی بناغەی سەركەوتنی خەباتی بێوچانیانە بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانەی گۆڕانكارییەكانی سوریا دەیهێنە پێشەوە بۆ ئازادی و بەرقەراربوونی مافەكانی كورد. هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و ئەگەرە نەرێنانەی كە گۆڕانكارییەكان دەرهەق بە كورد دروستی دەكەن
لێستی ژمارە 110ی پارتی هوكاری ئەو خۆشگوزەرانی و بوژانەوەیە دەزانین كە لەگەڵ جاری جاراندا جیاوازییان ئاسمان و رێسمانە و مەگەر تەنیا چاوی ناحەزان و دڵ رەشان نەیبینێت. نرخ و بایەخی ئەو ئاوەدانییە بەرفراوان و خێراییەی كوردستان دەزانین كە چاودێر و پسپۆرانی بیانی ناویان ناوە چیرۆكی سەركەوتنی كوردان. ئەو ئازادی و ئومێدە دەبینین كە لە چاوە گەشەكانی لاواندا دەدرەوشێتەوە و ئەو گیانی كوردایەتی و هاوپشتییە نەتەوەییەش دەبینین كە بەڵگەی ئینتیما و دڵگەشییانە بۆ كورد و كوردستان.
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ماوەی حوكمڕانیدا بە كردەوە سەلماندوویەتی و خەڵكیش بەختی چەندین ساڵەی خۆیان لە گەڵیدا تاقی كردەوە كە هێزێكە خاوەن پڕۆژەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانییە بۆ ئێستا و ئایندەی خەڵكی كوردستان، بۆیە بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە، چاوەڕوانی دەنگدەری كوردستانە لە بیست و یەكی ئەیلوولدا وەڵامی هەموو ئەو كار و خزمەتانە بداتەوە، وەك لە هەڵبژاردنەكانی پیشتریش متمانەیان پێداوەتەوە، با هەموومان بەرەو سەركەوتنە گەورەكەی پارتی پێشڕەومان هەنگاو بنێی.
لیستی ژمارە 110ی پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەی 67 ساڵ خەبات و تێكۆشانی خۆی تەرخانكردووە بۆ بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان. پشكی گەورەی لە بەدیهێنان و پەرەپێدانی پرۆسەی سیاسی و گەشەكردنی دیموكراسی و دابینكردنی ئازادییەكان و كرانەوەی سیاسی و میدیاییدا هەیە كە كۆی هەموویان هەلومەرجی گونجاو و لەبار بۆ فراوانبوونی بازنەكانی دیموكراسی و بزاوتی كۆمەڵگای مەدەنی و رای گشتی زیندوو دەستەبەر دەكەن.
لیستی ژمارە 110ی پارتی ستراتیژی وایە كە لە هەر هەڵبژاردنێكیدا، لیستی كردارە و بەرنامەی خزمەتگوزای بۆ هاووڵاتیان پێشكەشكردووە و بەردەوام دەبێت، نەك لیستی قسە و گفتی بێ كردار، بۆیە دەبێت خەڵكی كوردستان و دەنگدەر زۆر وریا و ئاگادار بێت لەوانەی كە سیاسەتی بەرزكردنەوەی بەردی گەورە مومارەسە دەكەن، دروشمی بریقەدار دەلًێنەوە كە ئەوەش تەنیا نیشانەی نەهاویشتنە.




