٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئالًۆزی گەورە

سەرچاوە: KDP.info

 تەها ئاقیووڵ

سەرچاوە: حوریەت

لە روی كۆمەڵایەتییەوە پێویستە لە چوارچێوەی راستگەرایەكی ناوەندیدا پێناسەی پارتی داد و گەشە پێدان بكەین بەڵام بە هۆی ئەو سیاسەتە رادیكاڵ و توندڕەوانەیەوە كە پەیڕەویان دەكات زەمینەی بۆ گفتوگویەكی چڕ و ئاڵۆزییەكی گەورە خۆش كردووە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا وردە وردە ناكۆكییەكانی نێوان ئاكەپە و لیبراڵەكان و ئاكەپە و جەماعەتی فەتحوڵلا گولەن پەرەیان سەندووە و بە هۆی زیاد كردنی دەسەڵاتەكانی خۆیەوە ئاكەپە رووبەرووی رەخنەی زۆر توند بووەتەوە و لە بەرامبەریشدا لێدوانەكانی بەرپرسانی ئاكەپەیش توندتڕ بووە و لە چوارچێوەیەكی ئایدئولوژیكیدا تێپەڕ نابن و لە لایەكی دیكەوە بەرتەسك كردنەوەی ئازادی راگەیاندن و چەندین پرسی دیكە بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە لەم رۆژانە لە توركیادا پرسی ئەوە بكرێت كە ئاكەپە بەرەو كوێ دەڕوات؟

نەتەنیا لە نێو روشنبیر و لیبراڵەكانی توركیادا بەڵكو لە نێو چینە جیاجیاكانی كۆمەڵگەیشدا ئەمجۆرە دابەش بوونە و ئەمجۆرە ناكۆكییانە پەرەیان سەندووە و ئاكەپەیش هەستی بەم كێشەیە كردووە بۆیە ئەویش هەڵوێستەكانی خۆی توندتڕ كردووە. نموونەی ئەم جیابوونەوە و دابەش بوونە لە پیشەنگای عەفیون قەرەحەساردا بینرا. لە كاتی كردنەوەی ئەم پیشەنگایەدا لە نێوان لایەنگرانی ئاكەپە و پارتەكانی دیكەدا شەڕ روویدا و پولیس زۆر بە زەحمەت توانی ئەو شەڕ كونترۆڵ بكات و ئەمەیش نیشانەی روودانی رووداوی نەخوازراوی كۆمەڵایەتییە و بەرپرسانی ئاكەپە و حكوومەتیش لە لێدوانەكانی خۆیاندا ئاماژە بەم رووداوانە دەكەن و هەڕەشەی نەواندنی هەڵوێستی توندتر لە بەرامبەر خەڵك و چینەكانی دیكەی كۆمەڵگە دەكەن، چونكە ئاكەپەیش هەستی بە ناكۆكییە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان خۆی و پارت و لایەنە سیاسییەكانی دیكە و كۆمەڵگە كردووە.

دوێنێ لەگەڵ لێكۆڵەری ناوداری رای گشتی توركیا عادل گۆردا گفتوگویەكی زۆر بەرفراوانمان لە سەر بارودۆخی ئەم دوایەی توركیا كرد و عادل پێ گوتم كە رێژەی ئەو كەسانە كە دەڵێن: ئەگەر ئاكەپە بە دەمی خۆی باڵندەم بۆ بگرێت دەنگی پێ نادەم لە ساڵی 2007دا لە سەدا 23 بووە و لە ساڵی 2011دا سەدا 27 و لە ساڵی 2013دا بۆ سەدا 34 بەرز بووەتەوە.

بەڵام ئەم چینانەی كۆمەڵگە كە لە ئاكەپە زۆر تووڕە بوونە بە هۆی هەندێك لە هەنگاوەكانی ئاكەپە و حكوومەتدا وەكو دورست كردنی رێگاو بان و چەندین پرۆژەی دیكە سوودمەند بوونە.

ئاكەپە هەر چەند زۆر بە باشی هەست بەم ناكۆكییانە دەكات بەڵام سەرۆكی وەزیری توركی و سەرۆكی گشتی ئاكەپە رەجەب تەیب ئەردوغان لە جیاتی ئەوەی لە هۆكاری ئەم ناكۆكییانە بپرسێتەوە خۆی لە خەڵك تووڕە دەكات و دەڵێت: چیتان كەمە؟ سەرۆكی گشتی ئاكەپە بەمجۆرە لێدوانانەی خۆی لە جیاتی ئەوەی هەست بە كەموكۆڕییەكانی رای گشتی بكات دەبێتە زەمینەخۆشكەر بۆ تێكدانی نەفسیەتی كۆمەڵگە.

ئەو روشنبیر و لیبراڵانەی كە لە كاتی لاوازی ئاكەپەدا پشتگیریان لە ئاكەپە دەكرد و دەنگیان پێ دەدا ئەمرۆ لە چوارچێوەی وشە ئاكادەمییەكانی وەكو بەدەسەڵات كردن، رادیكاڵتر بوون، دوور كەوتنەوە لە هەڵوێستێكی راستگەرای ناوەندی رەخنە لە ئاكەپە دەكەن و خۆیان لە ئاكەپە دوور دەخەنەوە. هۆكاری ئەم رەخنانەی روشنبیر و لیبراڵەكان چییە ئەوا هۆكاری گۆڕتر بوونی ناكۆكی و ئاڵۆزییەكانی نێو كۆمەڵگەیش هەر ئەو هۆكارە.

بۆیە چارەسەر كردنی ناكۆكی و ئاڵۆزییە كۆمەڵایەتییەكان تەنیا بە دوور كەوتنەوەی ئاكەپە لە بە دەسەڵات كردنی خۆی، رادیكالتر ( توندڕەوتر كردن) كردنی دەسەڵاتی خۆی و گەڕانەوەی ئاكەپە بۆ سیاسەتی رابردوو و هەڵوێستە سیاسییەكانی ساڵانی رابردوی خۆی دەبێت.

بەڵام بەرپرسانی ئاكەپە ئەم رەخنانە رەد دەكەنەوە و لەو كەسانەیش كە ئەم رەخنانەیان ئاراستە دەكەن تووڕە دەبن و بگرە جار جار ئاماژە بەوە دەكەن كە ئێمە وەكو ئاكەپە دوست و نەیاری خۆمان زۆر بە باشی دەناسین، ئەمجۆرە تێگەیشتنەی بەرپرسانی ئاكەپە نەتەنیا نابێت هۆكاری چارەسەر كردنی كێشەكان بەڵكو دەبێتە هۆكاری ئاڵۆزتر كردنی كێشەكان و پارچە كردنی رای گشتی كۆمەڵگەی توركیا.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار