سوریا چاوەڕوانی گوزری سەربازییە..!!
غازی حەسەن
دواینجار کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە حکوومەتی سوریا چەکی قەدەغەکراوی کیمیاوی دژی هاووڵاتیان سڤیل لە غۆتە بەکارهێنا، ئەمەش وەکو ئۆباما لە چەند مانگی رابردوو ئاماژەی پێکرد بەزاندنی سنورە سورەکەیە. دەسەڵاتدارانی وەکو باراک ئۆباما بە بەدوای بڕواپێهێنانی کۆنگریسی ئەمەریکایە تاکو گورزێکی سەربازی داهێزەر لە دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری بەشار ئەسەد بدات. لە بەریتانیا دێڤید کامیرۆن سەرۆک وەزیران نەیتوانی پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ بەکارهێنانی هێز رازی بکات، ئۆلاندیش لە کۆکردنەوەی رای گشتییە، ئەوان لەگەڵ ئەوەن گورزێکی سەربازی لە رژێمی سوریا بدرێت.
هەموو رۆژنامەکانی دونیا بەدوای هەڵویستی باراک ئۆباماوەن، دەیانەوێت ئاشکرای بکەن ئەمەریکا چی بڕیار دەدات، لەمەڕ وەشاندنی گورزی سەربازی و سنوردارکردنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کە دوو ساڵە بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆمەڵکوژی دەکات و پتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارەی وڵاتە دراوسێکان بوون. ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەین. ئەمجارە ئۆباما هەنگاوەکانی زۆر قورس دەبێت.. چونکە بەریتانیا بڕیاری نەدا، ئەمەش دەرفەتێکی نوێ دەداتە سوریا لە کوشتار و سەرکوتکردن و کاولکاری بەردەوام بێت. هەروەها ئۆباماش دەبێت لەرووی ئەخلاقی و سیاسی ئەم کردەوانەی دەسەڵاتی سوریا سنوردار بکات، کە دژی بنەما مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و مرۆڤایەتین. هەروەها ئەم رووداوەکان سیاسەتی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان و لیبیا و لوبنان وەبیر ئەمەریکییەکان دەهێنێتەوە.
| هەموو رۆژنامەکانی دونیا بەدوای هەڵویستی باراک ئۆباماوەن، دەیانەوێت ئاشکرای بکەن ئەمەریکا چی بڕیار دەدات، لەمەڕ وەشاندنی گورزی سەربازی و سنوردارکردنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کە دوو ساڵە بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆمەڵکوژی دەکات |
سەرباری ئەوەش دوور نییە ئەمەی سوریا هەڵوێستی ئەمەریکا لە رووداوەکانی میسر راستبکاتەوە. کە لەوێدا ئۆپۆزسیۆن بە هەردوو لایەوە ئیسلامی و عیلمانییەکان لێی نارازی بوون.
هەروەسا دوور نییە ئەزمونی لیبیا هەڵبژێرێت، کە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ لە رێگەی بڕیاری خۆیان و دوور لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هێرشی ئاسمانیان دژی معەمەر قەزافی دەست پێکرد. ئۆباما ئەو کاتیش نەگەڕایەوە بۆ کۆنگرێس، هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا لەساڵی ١٩٥٠ بێ گەڕانەوە بۆ رای گۆنگرێس هێزی رەوانەی کۆریا کرد. دوور نییە ئۆباماش ئەو کارە بکات.
بەڵام لەبیری نەکەین هاوکاری و بەشداری وڵاتە عەرەبییەکان گرینگە، ئوردن و عێراق رایانەگەیاند کە ئەوان رێگە نادەن خاکیان بۆ هێرش دژی سوریا بەکاربهێنرێت. دیارە عێراق وابەستەی پەیوەندی و هاوپەیمانی لە گەڵ حکوومەتی سوریا و ئێرانە. ئوردینیش لەبەر بارودۆخی ناوەخۆیی و سیاسی ناتوانێت بچێتە نێو هاوپەیمانی سەربازی. ئەمەش رەنگە بۆ ئەمەریکا کاردانەوەیەکی باش نەبێت.
ئەوەی روودەدات ناوچەکە بەرەو گرژی و نائارامی پتر دەبات، هەرچەندە لە بیری نەکەین، روسیای هاپەیمانی سوریا هەڵوێستێکی بێلایەنانەی لە مەڕ لێدانی سەربازی هەڵبژاردووە. ئەوەی دەبێتە جێگەی پرسیار هەڵوێست و هاوکارییەکانی ئێران و حزبوللا و گروپە شیعییەکانە لەکاتی هەر هێرش و گورزێکی سەربازی و ئاسمانی دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
لە ناوەخۆدا هاووڵاتیان بەرەو خۆشاردنەوە، یا کۆچکردن بەرەو وڵاتە دراوسێکان دەچن، حکوومەتی سوریا دەیەوێت پێگە و بنکە سەربازی و هەواڵگری و ستراتیژییەکانی لەبەر چاوان بزر بکات و جولەیان پێبکات، تاکو لەیەکەمین هێرش و گورزدا وەکو بەفر لە بەردەم گەرمی و خێرایی هێرشەکان نەتوێنەوە. ئایا کاردانەوەی حکوومەتی سوریا لە بەرانبەر ئەمجۆرە هێرشانە چی دەبێت؟ وەکو خۆیان دەڵێن مەسەلەکە دەپەڕێننەوە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست.. ئاگرەکە گشت لایەک دەگرێتەوە، ئایا بەمە دەیانەوێت بەرەیەکی رۆژهەڵاتی بۆ جەنگ لە ئێرانەوە بگرە تاکو سنورەکانی ئیسرائیل دروست بکەن. دراوسێکان دێنە ناو ئەو بەرەیە بەتایبەتی ئەوانەی لەرووی مەزهەبییەوە نزیک و هاوپەیمانن. یاخود ئێران دەیەوێت جەنگەکە لە خۆی دوور بخاتەوە و سوریا ئەو بەرە گەرم و ترسناکە بێت دژی رۆژئاوا و ئەمەریکا، کە نابێت لە بیری بکەین فەشەلی ئەزموونی دەسەڵاتداری ئیخوانەکان لە میسر گەلێک شتی لە هاوسەنگی و ئایندەی بزاڤە ئیسلامی و دژ بە رۆژئاواییەکان گۆڕی.
| ئاراستەکان بەرەو ئەوە دەچن گورزەکان دژی بەشار ئەسەد خێراتر و نزیکتر ببنەوە، ئەمەش وادەکات هاوەنگی هێز لە سوریا گۆڕانی بەسەردا بێت |
گورزەکە نزیکە، هەموو لایەک لە سایەی هەڵەی دەسەڵاتدارانی سوریا لەمەڕ بەکارهێنانی چەکی ژەهراوی لە (غۆتە)، دەیانەوێت ئەو هەڵە مێژووییە راستبکەنەوە کە لەسەرەتاوە رێگەیان دا سوریا لە لێدانی ئۆپۆزسیۆن دەست کراوە و ئازاد بێت. چونکە ئەمەی هەنووکە بە کردەوە لە سوریا روودەدات ترسناکترین پێشێلکارییەکانی سەدەی بیست و یەکە دژی مرۆڤایەتی روودەدات. بۆیە دوور نییە باراک ئۆباما ئەو هەنگاو سەربازییە بنێت گورز لە سریا بوەشێنێت. ئەمەی روودەدات ئەمجارە بژاردەی خودی دەسەڵاتدارانی سوریایە، کە رێگەی داخراویان هەڵبژارد و ئەم چەکە قەدەغەکراوە بەکارهات. بۆیە هەموو ئاراستەکان بەرەو ئەوە دەچن گورزەکان دژی بەشار ئەسەد خێراتر و نزیکتر ببنەوە، ئەمەش وادەکات هاوەنگی هێز لە سوریا گۆڕانی بەسەردا بێت و یەکلابوونەوەی کێشەکانیش بەرەو ئاراستەیەکی رونتر بچن. لە بیری نەکەین سوریا هەنووکە لە بارێکی سایکۆلۆژی تێکشکاو و تێکقژ قژا دەژی.. دۆستەکانیشی بێدەنگ بوون، سوپاکەشی بەرەو خۆشاردنەوە دەچێت، ئەو قسەیەش هەر تێکشانە کە بەرپرسێکی سەربازی سوریا دەڵێت هەشت هەزار فیداکاری خۆ تەقێنەرەوەمان ئامادەیە، دژی پلانەکانی رۆژئاوا بجەنگن.. ئەمە هەمووی تێکشکانە، چونکە رۆژئاوا لە ئاسمانەوە هێرش دەکات، و سەربازەکانی ئەسەدیش لە قوژبنەکان چاوەڕێی کۆتایی رووداوە دراماتیکییەکان دەبن.




