٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئاكەپە بەرەو كوێ دەڕوات

سەرچاوە: KDP.info

حەمەد یەڵماز

هەر كەس ئەوە دەزانێت كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەیب ئەردوغان لە سیاسەتی خۆیدا رێبازێكی نوێ و سەردەمییانە پەیڕەو دەكات و هەر چەند رۆژ جارێك لە رێگای چەندین راپرسی جیاجیایەوە هەوڵ بۆ ئاگادار بوونەوە لە بیروڕای كۆمەڵگە دەدات. گۆمان لەمەدا نییە كە ئەو سیاسەت و بەرنامانەی كە لە لایەن ئاكەپە و سەرۆك وەزیرەوە پەیڕەو دەكرن بەشێكە لە داواكاری ئەو جەماوەرەی كە دەنگیان بە ئاكەپە داوە. سەرۆك وەزیر لە سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر سووریا، میسر، رووداوەكانی پاركی گەزی و قۆناخی چارەسەری پرسی كورددا بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە كە هیچ جۆرە تەعویزێك بدات و هۆكاری ئەم تەعویز نەدانەیش داواكارییەكانی جەماوەری ئاكەپەیە. بە پێ ئەنجامی راپرسییە جیاجیاكان نەتەنیا رێژەی دەنگەكانی ئاكەپە دانەبەزیوە بەڵكو وردە وردە لە بەرزبوونەوە دایە و ئاكەپەیش بۆ ئەوەی رێژەی دەنگەكانی دانەبەزێت بە هەر دوو دەست خۆی بە جەماوەرەكەی خۆیەوە بەستووە و بەمجۆرە لە بواری رێژەی دەنگدەرانی خۆیەوە خۆی پشت راست كردووە بۆیە جارجار سەبارەت بە میسر، سووریا، رووداوەكانی پاركی گەزی و قۆناخی چارەسەری پرسی كورددا نەتەنیا ئسلووبی خۆی دەگۆڕێت بەڵكو رەخنەی زۆر توندیش ئاراستەی ئەملا و ئەولا دەكات و لەم بوارەدا تووشی هیچ جۆرە دڵەڕاوكێیەك نابێتەوە.

بەڵام ئەم سیاسەتانەی ئاكەپە لە سەر ئاستی ناوخۆی ئاكەپە لێكدانەوەی جیاجیایان بۆ دەكرێت و بگرە جار جاریش دەبێتە هۆكاری بەرز بوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی. نەهێشتنی وەسایەت ( دەسەڵات و كاریگەری) سوپا لە سەر سیاسەت، لە ناوبردنی زەمینە یاساییەكانی سازدانی كوودەتای سەربازی، دۆزی ئەرگەنەكون و قۆناخی چارەسەری و چەندین بابەتی دیكە بوونە هۆكاری جیا بوونەوەی رێگای چین و توێژە دیموكرات و لیبراڵەكان لەگەڵ ئاكەپە و ئەردوغاندا.

بۆ نموونە پروفسۆر نەوزاد یاڵچینتاش كە پێشتر نووسەرێكی ناوداری لایەنگری ئاكەپە و ئەردوغان بوو ماوەیەكە لە رۆژنامەی میللیەتدا رەخنە لە ئاكەپە و ئەردوغان دەكات و سیاسەتی ئاكەپە لە بەرامبەر میسر و سووریا رەخنە دەكات و دەڵێت ئەمجۆرە سیاسەتە زەرەری بۆ توركیا هەیە.

هەر بەمجۆرە جەماعەتی فەتحوڵلا گولەنیش جار بە راشكاوەیی و جارجاریش بە نهێنی ناراستەوخۆ رەخنە ئاراستەی سەرۆك وەزیر ئەردوغان و سیاسەتەكانی دەكات. گرنگتر لە هەر هەمووی ئەمانە، جیاوازی بیروڕای سەرۆك وەزیر و سەرۆك كۆماری توركیا سەبارەت بە سیاسەتی ئاكەپە لە بەرامبەر میسر و سووریا بۆ رای گشتی توركیا ئاشكرا بووە و بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی توركیا پشتگیری لە سیاسەتەكانی سەرۆك كۆمار عەبدوڵلا گول لە بەرامبەر سووریا و میسر دەكات و رەخنە لە سیاسەتەكانی ئاكەپە دەگرێت و ئەمەیش بووەتە هۆكاری دەركەوتنی ناكۆكی لە نێوان سەرۆكۆمار و سەرۆك وەزیردا.

مامۆستای زانكۆی مەڕمەڕە پروفسۆر دكتور یۆكسەل تاشقین كە لە بواری لێكۆڵینەوە كردن لە سەر راستگەرەكانی توركیادا خاوەن چەندین لێكۆڵینەوە گرنگە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر بێتو ئاكەپە ئەو ئاڵۆزییە ناوخۆیانەی كە بە هۆی سیاسەتی دەرەكی خۆیەوە زەمینەی بۆ گۆڕبوونیان خۆش كردووە چارەسەر نەكات ئەوا دەبنە هۆكاری پەراوێز خستن و مارژیناڵ كردنی ئاكەپە، چونكە ئەمجۆرە سیاسەتانەی ئاكەپە بوونە هۆكاری دوور خستنەوەی ئەو دیپلومات، خاوەن كارو پیشەساز و بروكراتانەی كە پشتگیری لە سیاسەتێكی میانەڕۆی دەرەكی دەكەن. ئەو بەرەژوەندییانەی كە ئاكەپە لە رووی سیاسەتی دەرەوە هەوڵ بۆ پاراستنیان دەدات بەرەژوەندی ئەخوانەكانە و ئەگەر بێتو ئاكەپە لە سەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و نەگەرێتەوە سەر هەڵوێستی سیاسی راستگەرانەی خۆی ئەوا ئاكەپە لە سەر ئاستی ناوخۆییدا رووبەرووی پارچە بوون دەبێتەوە.

 لە لایەكی دیكەوە بە پێ پەیڕەونامەی ناوخۆیی ئاكەپە پێدەچێت كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتوودا ئاكەپە رووبەرووی گۆڕانكارییەكی یەكجار گەورە ببێتەوە چونكە ئەگەر ئاكەپە نەتوانێت پلانەكانی سەرۆك وەزیر بۆ پەیڕەو كردنی سیستەمی سەرۆكایەتی و دەستنیشان كردنی سەرۆكۆمار لە نێو ئاكەپەدا جێبەجێ بكات ئەوا ئەو ناكۆكییانە و جیاوازییانەی بیروڕا لە نێو ئاكەپەدا كە مرۆڤ دەتوانێت بە پەنجە ئاماژەیان پێ بكات، زۆرتر دەبن و دەبنە هۆكاری پارچە بوونی ئاكەپە.

سەرچاوە: حوریەت

 

هەواڵی پەیوەندیدار