ئایا لە شەڕی دژی سووریا كورد سوودمەند دەبێت؟
روشەن چاكێر
من لە مانشێتی بابەتەكە پرسیاری ئەوەم كرد كە ئایا لە ئەگەری شەڕی دژی سووریادا تەنیا كورد سوودمەند دەبێت؟ بەڵام من پێم وایە كە ئوپەراسیون یا هێرشێكی سەربازی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە دژی سووریا و رژیمی سووریا سوودی بۆ هیچ كەس و لایەنێك نییە. چونكە ماوەیەكی درێژە كە قەیرانی سووریا كە نە لە ئێستە و نە لە داهاتوودا بۆ هیچ كەس و لایەنێك سوودی هەیە بەردەوامە و پێدەچێت هەر بەردەوام بێت. بۆیە پێكهاتە و لایەنەكانی سووریا لە جیاتی ئەوەی بیر لە دەستكەوتی زیاتر بكەنەوە بیر لە زەرەری كەمتر دەكەنەوە.
هاوكات لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا لەو وڵاتانەیدا كە كورد دەژیت تێگەیشتنێكی بەمجۆرە لە بەرامبەر پێكهاتەكانی دیكەی بێجگە كورد هەیە: بە هۆی هەر جۆرە گۆڕانكاری و قەیرانێكی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەی كە باشترین سوودی لێ وەردەگرێت كوردە. بگرە هەندێك لە بەرپرسانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیان وایە كە قەیران و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تەنیا بۆ ئەوەی كە كورد بتوانێت بگات بە ماف و ئازادییەكانی خۆی دەستیان پێكردووە.
بێگۆمان لە چوارچێوەی ئەم گۆڕانكارییانەدا لە سووریا راپەرینی رۆژئاوای كوردستان زۆر هاوسەنگی سیاسی گۆڕا بەڵام لە بەرامبەردا ئەوانەی كە پێیان وایە گۆڕانكارییەكان بۆ خزمەتی كورد دەستیان پێكردووە ئاماژە بە باكووری عێراق و حكوومەتی كوردی لەو بەشەی كوردستان دەكەن كە رۆژ بە رۆژ لە سەربەخۆیی خۆی نزیك دەبێتەوە. لە راستیدا لە سەرەتای دەستپێكردنی قەیرانی سووریادا كورد زۆر بەختەوەر و سەركەوتوو بوو و بە پێچەوانەی كوردانی عێراق، بە بێ ئەوەی كە كورد لە سووریا رووبەرووی هیچ جۆرە شەڕێك ببێتەوە لە ناوچەكانی خۆیدا هێزی كۆ كردەوە، بە جۆرەیەك كە بۆ كورد گرنگ نەبوو كە ئایا رژیمی ئەسەد دەمێنێت یا ئوپوزسیونی ئەو وڵاتە دەبێتە دەسەڵات، ئەمانە بۆ كورد گرنگ نەبوون چونكە كورد توانی بوو ئاسایشی ناوچەكانی خۆی بپارێزێت و خۆی لە شەڕی ناوخۆیی سووریا دوور بخاتەوە. بەمجۆرە كورد كە لە نێو شەڕی ناوخۆییدا تووشی زەرەر و زیان نەببوویەوە دەیتوانی لە داهاتوودا بۆ دووبارە بونیاد نانەوەی سووریا رۆلێكی گرنگ بگێڕێت.
بەڵام بە هۆی دەستپێكردنی شۆڕشی رۆژئاوا لە لایەن باڵی پەكەكەی سووریا پەیەدەیەوە رەوتی رووداوەكان گۆڕانی بە سەردا هات. قۆناخی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا و دەستپێكردنی گفتوگوكانی نێوان ئوجەلان و حكوومەت وەكو فاكتەرێك و دەركردنی فتوا لە لایەن بەرەی ئەلنۆسرای سەر بە ئەلقاعێدە لە دژی كورد لە ناوچە كوردییەكانی سووریادا وەكو فاكتەرێكی دیكە بوون بە هۆكاری دەستپێكردنی شۆڕشی رۆژئاوا لە لایەن پەیەدە و یەپەگەیەوە و ئەمەیش بوو بە هۆكاری ئەوەی كە لە ناوچە كوردییەكاندا شەڕ دەست پێ بكات. بۆیە لە بارودۆخی ئەمرۆی سووریادا كورد پێ وایە كە هەر جۆرە دەستوەردانێكی سەربازی لە لایەن وڵاتانی جیهانییەوە لە دژی رژیمی بەشار ئەسەد دەبێت بە هۆكاری بەهێز بوونی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەكان و ئەم گرووپانەیش هەر ئەو گرووپانەن كە پێشتر فتوای حەلاڵ كردنی خوێنی كوردیان دەركردبوو، بۆیە ئەمرۆ كورد بە گەرمی پێشوازی لە دەستوەردانێكی سەربازی لە دژی سووریا ناكات. بێگومان ئەم بارودۆخەیش دەبێت بە هۆكاری ناڕەزایەتی ئەنقەرە كە دەیەوێ رۆژێك زووتر رژیمی بەشار ئەسەد لە ناو بچێت.
سەرچاوە: وەتەن




