پەكەكە ئامادەكاری چی دەكات؟
تەها ئاقیووڵ
لە چەك دانانی پەكەكە گرنگتر ئەوەیە كە ئایا پەكەكە ئامادەیە خۆی لە عەقڵیەتی توتالیتەر رزگار بكات و ببێتە خاوەن عەقڵیەتێكی دیموكراتیك. چونكە ئەگەر گۆڕانكارییەكی بەمجۆرە نەبێت ئەوا پرۆسەی چەكدانان لە یارییەكی تاكتیكی زیاتر ناتوانێ شتێكی دیكە بێت، هەر چەند ئەمرۆ دیار و بەرچاوە كە پەكەكە یاری دەكات.
ئۆجەلان لە پەیامەكەی خۆی كە لە نەورۆزی دیاربەكردا پێشكەش كرا چی گوتبوو؟
ئوجەلان گوتبووی: ئەمرۆ سەردەمێكی نوێ دەست پێ دەكات و لە قۆناخی بەرخودانی چەكدارییەوە بەرەو قۆناخی سیاسەتی دیموكراتیكەوە دەرگا دەكەینەوە. بۆیە پێویستە چەكەكان بێدەنگ بكرن و بیروڕای و سیاسەت قسە بكەن. من لە حزووی بە میلیونان كەس كە گوێ بەم بانگەوازییەی من دەدەن دەڵێم سەردەمێكی نوێ دەست پێدەكات و لە چیاتی چەك سیاسەت پێش دەكەوێت بۆیە پێویستە چەكدارەكان وردە وردە لە نێو سنوورەكاندا دەربكەون.
ئەگەر سەیر بكەین ئوجەلان باسی خۆراگری دیموكراتیك ناكات بەڵكو باسی سیاسەتەی دیموكراتیك دەكات.
ئەی باشە ئەمرۆ بارودۆخەكە چۆنە؟
سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بكەم كە تا ئێستە سەدا 20ی چەكدارەكانی پەكەكە لە نێو سنوورەكانی توركیادا دەرچوونە و قەندیلیش بۆ ئەوەی كە لەمە زیاتر هێزەكانی خۆی نەكێشێتەوە سەرقاڵی خۆڕاگرییە. بەڵام بەدەپە بە هۆی ئەوەیەوە كە سیاسەت دەكات ئەگەر ببێتە خاوەن هەڵوێستێكی دیموكراتیك ئەوا زیاتر دەتوانێت خزمەتێكی باش پێشكەشی قۆناخەكە بكات. هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوە كردبوو كە هیچ جۆرە پەیمانێك بۆ كێشانەوەی هەر هەمووی هێزەكانی پەكەكە لە ئارادا نییە بەڵام لە بەرامبەردا كۆشتنەكان سەدا سەد راگیراون.
ئایا ئەوەی كە ئوجەلان حكوومەت لە سەری رێككەوتوونە تەنیا راگرتنی چالاكییەكان بووە؟ ئایا وتەی ئوجەلان بۆ كێشانەوەی هێزەكان بەو ماناییە بووە كە با رێژەیەكی كەم بكێشێتەوە و ئەوانی دیكە هەر وەكو هەڕەشەیەكی چەكدار بمێننەوە؟ ئایا ئوجەلان باسی سەردەمێكی نوێ نەكردبوو؟
لێرەدا كێشەی سەرەكە لە نێو سیاسەتمەدارەكانی بەدەپەدا دەبینرێت و ئەویش ئەوەیە كە ئامادە نین لە ویست و ئارەزووی خۆیان بۆ عەقڵیەتێكی توتالیتەر واز بهێنن و بكەونە نێو چوارچێوەی عەقڵیەتێكی دیموكراتیكەوە. بۆیە وشەكانی وەكو دیموكراسی و كێشانەوە دەبنە دوو تاكتیكی سادە و ساكار بۆ ئامادە كردنی سەنگەرەكان.
ئێستە با باسی دانانی چەكەكان لە داهاتوودا نەكەین چونكە هێشتا لە سەرەتای قۆناخەكەدا پەكەكە بۆ ئەوەی كە هێزەكانی نەكێشێتەوە خۆراگری دەكات و بیانووی جوراوجۆر دەخاتە روو و بە هەڕەشە كردن لە حكوومەت و دەوڵەت دەڵێت: تا یەكی ئەیلوول دەرفەتتان هەیە. زیاتر لەم هەڕەشانەیش جەمیل بایك دەڵێت پێویستە تا سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم دەبێت كۆتایی بە قۆناخی دووەمی پرۆسەی چارەسەری بێت.
ئەرێ ئەم داواكارییانەی پەكەكە لە زەمینەیەكی دیموكراتیكدا چۆن جێبەجێ دەكرن بە تایبەتی كاتێك كە پەرلەمانی توركیا لە پشووی یاسایی خۆیدایە؟ بەڵام ئەگەر داواكارییەكان دیموكراتیك بن ئەوا پەكەكە دەتوانێت داوا بكات و حكوومەت و دەوڵەتیش داواكارییەكان جێبەجێ بكەن.
پەكەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر تا ماوەی دیاریكراو حكوومەت داواكارییەكانی ئێمە جێبەجێ نەكات ئەوا هەڵوێستی پەكەكەیش بە پێ جموجۆڵی حكوومەت دەگۆڕدرێت و ئەگەر داوای ئاشتی بكات ئەوا ئاشتەوایی دەبێت و ئەگەر داوای شەڕ بكات ئەوا شەڕ دەبێت. بەدەپەیش بەو پەڕی هێزی خۆیەوە پشتگیری لەم هەڵوێستەی پەكەكە دەكات.
پەكەكە لە رێكەوتی 13ی تەمووزدا راگەیندراوێكی بڵاو كردبوویەوە و ئاماژەی بەوە كردبوو كە وەكو رێبازێكی دیموكراتیك و سەردەمییانە دەست بە راپەرینی گەل دەكات و بۆ ئەم مەبەستە لە مانگی ئەیلوولەوە دەست بە ئامادەكاری بۆ راپەرینی گەل دەكات. لە بەرامبەریشدا هێزە چەكدارەكانی پەكەكە لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵدا وردە وردە دەستیان بە ئامادەكاری بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە كردووە ئەمە لە كاتێكدایە كە دەبوایا ئەو هێزانە لە نێو سنوورەكانی توركیادا دەرچووبانا.
بەڵام كە سەیری بارودۆخەكە دەكەین بۆمان دەردەكەوێت كە ئەمانە جۆرەیەك ئامادەكارین بۆ داهاتوو.
ئەوەی دیارە ئەوەیە كە لەگەڵ نائارامی و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رەگەزپەرەستی كوردیش دەستی بە جموجۆڵ كردووە، بۆیە من داوا دەكەم كە با مەقەدوونیا خوێناوییەكەی دوێنێ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خوێناوی ئەمرۆ نەكەونە نێو ئانادۆڵەوە. چونكە لە بارودۆخێكی بەمجۆرەدا كورد و تورك و گەلانی دیكەی ناوچەكە رووبەرووی ئێش و ئازارێكی زۆر دەبنەوە.
سەرچاوە: حوریەت




