كۆنگرەی نەتەوەیی، پەیامی یەكدەنگی و ئاشتیخوازی گەلی كورد

رێبوار حەمەلاو شوانی
زیاتر لە سەدەیەك ناحەزانی و نەیارانی كورد و لە رێگەی دەیان پیلانی شووم و جینوساید و دابەشكردنی خاكی كوردستان هەوڵی یان داوە كە هیچ كات كورد ناتوانن بۆ جارێكی تر ببنە خاوەن كیان و ئیرادەی خۆیان و هەموو جۆرە شێوازێكیان بۆ دروستكردنی نیفاق و دوو بەرەكی پەیرەو كردووە تا گەلی كوردستان لە گەیشتن بە مافەكانی خۆی بێبەش بكەن.
هەر بۆبە لەم كات وساتەی ئێستا دا زۆر گرنگە كورد وەك نەتەوە یەكدەنگ بێت، ئەو دیمەنانەی رۆژئاوا پەیامی زۆر گرنگن لە زۆر قۆناغ دووبارەش بۆتەوە بەڵام سوودمان لێی نەبینیوە، كە ئەگەر یەكگرتوو بین بەهێز دەبین، ئەگەر حزبایەی تەسك وەلاوە نێنین دەست لە ناودەستی یەكتر بەرەو ئامانجەكانمان هەنگاو بنین بۆ ئەوەی لەمەودوا نەتوانێ ماف و بەرژەوەندییەكانی كورد پێشێل بكات و نادیدە بگرێت.
بڕیاری بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، تا بڵێی پێویستیەكی گرنگی نەتەوەییە، بۆیە بڕوا ناكەم كوردێك بدۆزیتەوە بەستنی ئەم كۆنگرەیەی پێ ناخۆش بێت، ئەڵلاهوما ئەگەر خۆی بە هەرزان دۆڕاند بێت یا رقی حزبایەتیەكەی بەرامبەر هێزی دیكەی كورد هێندە ئەستوور بێت، نەیەوێ وەك خۆیان رۆڵ و خەباتی ئەوان ببینێ، ئەگەر نا لەم بارودۆخەی هەم كورد پێیدا رەت دەبێ، هەم لەو گۆڕانكاریانەی رووی لە ناوچەكە كردووە، كە حكوومەتەكانی ناوچەكە و جیهانی ناچار كردووە بە تێڕوانینێكی جودا لە سەدەی رابردوو مامەڵە لەگەڵ دۆزی كورد بكەن، بۆ تەواوی كورد گرنگە.
ئامانجێكی دیكەی ئەو كۆنگرەیە ناردنی پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانە لەگەڵ هەموو لایەك، كەواتە زەروورە حكوومەتەكان و كەسایەتییە پێشكەوتووخوازەكانی وڵاتانی دراوسێ و دۆستەكانمان لە جیهاندا بانگهێشت بكرێن تا راستەوخۆ گوێیان لە پەیامی ئاشتیخوازانەی كورد بێت.
ئەم هەلومەرجەی ئێستا و گۆڕانكارییانەی كە لە ناوچەكە دا هاتوونەتە ئاراوە دەبنە ئەو زەمینە وهۆكارانەی كە سیاسەتی گشتی نەتەوەیی كورد، یان كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لەسەردەمێكی گونجاودا بتوانێ لە ئاستی ناوچەكەدا كاریگەر بێت، یان نەخشە ڕێگایان سەركوت نەكرێن و بەڵكو ڕێگاكانی سیاسەت و بەرژەوەندییان بۆ بكرێنەوە.
كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لەسەردەمێكدایە كە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕان و گەشەسەندنێكی بەرچاو بەخۆوە دەبینێ، كە كورد لەوە دڵنیایە كە دەبێت خۆیان بەهێز و پایەدار بكەن بە یەكریزی و كۆبوونەوەیان لەسەر پرسە هاوبەشەكانی ئەم قۆناغە. پاش ئەوەی سەرۆكی هەریمی كوردستان بەناوی خۆی و بەناوی سەرۆك تاڵەبانی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان نارد كە بەشداربن لەو كۆنگرەیە.
ئەوەی كە سەرنجی چاودێرانی سیاسی و تێكۆشەرانی پەیگیری پرسی نەتەوایەتی كورد بەلای خۆیدا ڕادەكێشێت ئەوەیە كە ئەم كۆنگرەیە سەرەتاكەی بە پەیامی ئاشتی و چارەسەری دادپەروەرانەی كەیسی كورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی پێكرد. كە ئەمەش پەیام و سیاسەتێكی راستە و هەڵگری ناوەڕۆكی سەردەمیشە بۆ چارەسەری پرس وكێشە سیاسیەكان.
لەبەرئەوەی چارەسەری پرسی كورد لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە دەگۆڕێ و هەلومەرجی سیاسی ئێستای كوردیش گەواهی ئەم ڕاستیە دەدەن، بۆیە پەیامی ئاشتی و چارەسەری دادپەروەرانەی پرسی كورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانێت دروشمی گشتی ئەم قۆناغەی خەباتی كورد و بەرنامەی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردیش بێت.
خەونی هێنانەدی دەوڵەتی كوردی دێنێتە دیی، كە بێگومان ئەوەش خەونی هەموو كوردێكە و ئەمەش مافێكی ڕەوایە، نابێت كەسێك نكۆڵی لێبكات.
پەیامی ئاشتی و ئازادی و چارەسەری دادپەروەرانەی پرسی كورد لە ناوچەكەدا دەبێتە سەرەتایەك كە دەوڵەتانی ناوچەكەش بتوانن بەشداربن و نەبنە دژ یان نەیاری ئەم كۆنگرەیە.ئاماژەكانی ئەم دوا ییانە بەرەو ئەوە دەچن كە هیچكام لە دەوڵەتانی توركیا و عێراق و سوریا نەیار یان دژی ئەم كۆنگرەیە نەبن و ئاڵۆگۆڕی ڕووداوەكان بە شێوازێكە ئێستا كورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا پرۆسەیەكی سیاسی نوێی وای دەست پێكردووە كە خەباتی هاوبەش یان كۆنگرەی نەتەوەیی بتوانێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا دانوستان یان كاری هاوبەش بكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ پرسی كورد لە هەر یەكێك لەو دەوڵەتانەدا.
كۆبوونەوەی لایەنە سیاسەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان و هەوڵدان بۆ
هێنانەدی كۆنگرەی نەتەوەیی هاوبەشی هەموو كورد دەتوانێ یان دەبێتە سەرەتایەك بۆ دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە خەباتی ئەم نەتەوەیە و بڵندكردنی پەیامی ئاشتی بۆ جیهان و دەوڵەتان و نەتەوەكانی ناوچەكە و بەتایبەتیش دەوڵەت و نەتەوەكانی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە. پەیامی ئاشتی ئەمجارەی كورد كە بێبەش كراوە لەمافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی، بەرەو ئازادییە و بۆ ئەم رزگاری و ئاشتیەش دا وای هاوكاری لە جیهان دەكات. پەیامی ئاشتی و ئازادی و چارەسەری دادپەروەرانەی پرسی كورد لە ناوچەكەدا دەبێتە سەرەتایەك كە دەوڵەتانی ناوچەكەش بتوانن بەشداربن و نەبنە دژ یان نەیاری ئەم كۆنگرەیە.




