٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تەنیایی ناوخۆیی ئاكەپە

سەرچاوە: KDP.info

مەحموود ئوڤۆر

جارێكی دیكە توركیا وردە وردە بەرەو هەڵبژاردنی زۆر گرنگ و حەساسەوە دەروات. سەرەتا هەڵبژاردنی هەرێمی و دواتر هەڵبژاردنی سەرۆكۆماری و دواتریش هەڵبژاردنی گشتی. پرسیار ئەوەیە كە هۆكاری مێژوویی بوون و حەساس بوونی ئەم هەڵبژاردنانە چییە؟

لە رۆژی ئەمرۆماندا توركیا لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە دەستی بە گۆڕانكاری زۆر گرنگ و مێژوویی كردووە و بە هۆی ئەم گۆڕانكارییانەوە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2007 و رێفراندومەكەی 12ی ئەیلوولی ساڵی 2010یش بۆ توركیا زۆر گرنگ بوو. هەر چەند لەم دوو هەڵبژاردنەدا رای گشتی توركیا و كۆمەڵگەی توركیا تەرجیحی خۆی نیشان دا بەڵام بەداخەوە خاوەنەكانی توركیای رابردوو بە هۆی ترسیان لە گۆرٍانكارییەكان تا ئێستە بە هیچ شێوەیەك نەیانویستووە كە هاوكاری، كارئاسانی و پشتگیری لە قۆناخی گۆڕانكاری و ئاسایی كردنەوەی توركیا بكەن. ماویەك ئاماژەیان بەوەدا كە ئەوانیش دەست بە گۆڕانكاری دەكەن و خۆیان لەگەڵ سەردەم دەگونجێنن، بەڵام دواتر دەركەوت كە ئەوان هێشتاكە لە ژێر ترسێكی زۆر گەورەدان و بە هیچ شێوەیەك خۆیان نزیكی گۆڕانكارییەكان ناكەنەوە.

هەر ئەم چینە ئەمرۆیش بە پشت بەستن بە رووداوەكانی پاركی گەزی دەیەوێ رەوتی رووداو و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی توركیا بخەنە ژێر كاریگەری خۆیانەوە. ئەم هیوا یا ئەم خەیاڵەی ئەو چینە رەنگە بۆیان خەیاڵ یا هیوا یا ئاواتێكی باش بێت بەڵام ئەگەر سیاسەتێك نەبێت كە بتوانێت هەر هەمووی پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی بە باوەش بگرێت ئەوا ئەم ئاوات و ئەم خەیاڵە هەر زوو بە با دەچێت و لە هەڵبژاردنەكاندا رووبەرووی زەرەری یەكجار گەورە دەبنەوە.

لە بارودۆخێكی بەمجۆرەدا توركیا دەستی بە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنە هەرێمییەكان كردووە، هەر چەند ناتوانین بە پێ ئەنجامی هەڵبژاردنە هەرێمییەكان ئەنجامی هەڵبژاردنە گشتییەكان دەستنیشان بكەین بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ ئەنجامی هەڵبژاردنە هەرێمییەكان كاریگەری زۆر گرنگی لە سەر هەڵبژاردنە گشتییەكاندا دەبێت.

چونكە تایبەتمەندی پاڵێوراوەكان و تایبەتمەندی ناوچەكان دەتوانن كاریگەرییان لە سەر ژمارەی دەنگەكان هەبێت لە هەڵبژاردنە هەرێمییەكاندا بەڵام لە هەڵبژاردنە گشتییەكان بارودۆخ بەمجۆرە نییە.

لێرەدا ئەوەی بەرچاوە ئەوەیە كە هەڵبژاردنە هەرێمییەكانی ساڵی 2014 بە ئەوەندەی هەڵبژاردنە گشتییەكان بۆ ئاكەپە گرنگن و لە دەست دانی هەر دەنگێك لە هەڵبژاردنە هەرێمییەكاندا بە مانای لە دەست دانی دەنگێك لە هەڵبژاردنە گشتییەكاندایە. ئەم تێڕوانینەی ئاكەپە هەر چەند ببێتە هۆكاری حەساستر كردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی توركیا هاوكات كاریگەرییەكی نەرێنیش لە سەر پرۆسەی دیموكراتیزە كردن و ئاسایی كردنەوەی توركیا دەكات.

نەتەنیا ئەم تێڕوانینەی ئاكەپە بەڵكۆ نەخشەی سیاسی نێو توركیایش تا رادەیەك بەمجۆرەیە. لە رووی سیاسەتی دەرەوە قۆناخێكی زۆر ئاڵۆزی میسر و سووریامان لە پێشە، لە رووی سیاسەتی ناوخۆیشەوە پرس و كێشەی زیاتر لە یەك سەدە كۆ بوونەتەوە و چاوەڕوانی چارەسەرین. پرسی كورد، پرسی عەلەوییەكان و دەستووری مەدەنی توركیا چاوەڕوانی چارەسەری بە پەلەن و هێوا و داواكارییەكانی چارەسەریش بوونە هۆكاری تەنگاو بوونی حكوومەتی توركیا. هیچ كێشەیەكی ئوپوزسیون بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسانە نییە بە پێچەوانەوە دەیەوێ بە چارەسەر نەكردنی ئەم كێشانە دەسەڵات رووبەرووی قەیران و ناكۆكی بكاتەوە بۆیە زۆر ژیرانە دەستی بە دانانی ئاستەنگی لە سەر رێگای دیموكراتیزە كردنی توركیا كردووە. ئەمەیش بە مانای سست و خاو بوونەوەی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیایە. ئەمە لە كاتێكدایە كە هەر یەك لە جەهەپە و بەدەپە دەتوانن بە هەڵسووكەوتێكی ئازادانەتر هەم دەسەڵاتی سیاسی تەنگاو بكەن هەم قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئامادە كردنی دەستووری نوێ خێراتر بكەن. بۆیە ئەمرۆ دەسەڵاتی ئاكەپە چۆنە لە رووی سیاسەتی دەرەوە بە تەنیا ماوەتەوە لە رووی سیاسەتی ناوخۆیشەوە بە تایبەتی لە بواری چارەسەر كردنی پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیادا بە تەنیا ماوەتەوە و تەنیا رێگای رزگار بوونی ئاكەپە لەم تەنیاییە پێشكەش كردنی پاكێجێكی سەردەمییانەی دیموكراتیزە كردنی توركیایە.

سەرچاوە. سەباح

هەواڵی پەیوەندیدار