دیوارەکەی نێوان باشور و رۆژئاوای کوردستان روخا
غازی حەسەن
هەندێکجار ناچار دەبین رووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستانی باشور کە هەنووکە لە لایەن دەسەڵاتی کوردی بەرێوەدەچێت و ئەو کۆچە بە کۆمەلەی لەم دوو ساڵەی دوایی و دە رۆژی رابردووی کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان بە روخانی دیوارەکەی بەرلین نەچوێنین، راستە ئەلمانیا دوو دەوڵەت بوو، یەکیان گرتەوە. بەڵام کوردستان دوو بەشی لەتکراوی بێ دەسەڵات و کیانە، بەڵام کوردیش وەکو ئەلمانییەکان یەک نەتەوەن. بەشێک لە کوردستانی باشور رزگارکراوە و کورد خۆی حکوومی تێدا دەکات، بەشەکەی دیکەش داگیرکراوە و بەعسی سوری هێشتا حوکمی تێدا دەکات، سەرباری شەڕ و پێکدادان و هەڕەشەی دەرەکی و ناوەخۆیی، دەرفەتێکی مێژوویی و نوێ لە کوردستانی رۆژئاوا سەریهەڵداوە. کە ئەمەش رەنگە هەم ئاسۆیەکی نوێ بۆ دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان بێنێتە دی، هەمیش سەریەشە و کێشە.
لە دوو هەفتەی رابردوو پتر لە ٣٠ هەزار کوردی سڤیل لەترسی مەرگ و بەرسیەتی و شەڕ و فشاری چەکدارەکان کە پێکهاتوون لە منداڵ وئافرەت و پیر و گەنج لە رۆژئاوای کوردستانیان بەجێهیشت و بەرە و باشوری کوردستان رەڤیان. رەڤینێک کە رێک لە روخانی دیوارەکەی بەرلین دەچوو.
| ئەم کۆچرەوە بە کۆمەلە و راکردنی هاووڵاتیانی سڤیل بۆ ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر یەکێکە لە زەنگە مەترسیدارەکان رووبەروی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە |
چونکە ئەم کۆچرەوە بە کۆمەلە و راکردنی هاووڵاتیانی سڤیل بۆ ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر یەکێکە لە زەنگە مەترسیدارەکان رووبەروی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە. رەنگە ئێران و سوریا ئەم مەسەلەیە بۆ ریسواکردنی توندڕەوە ئیسلامییە بەرهەڵستکارەنی سوریا بەکاربهێنن و دوور نییە تورکیاش بۆ فشار دژی بوونی توندرەوانەی چەکداری (پەیەدە) بەرانبەر لایەنە کوردییەکانی دیکە و گۆڕینی ئاراستەی ترسەکان بەلایەکی دیدا بەکاریبهێنێت. بۆیە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەهۆش بێهێنرێتەوە و کورد نەکرێتە خۆراک و سوتماکی ئەم جەنگە درێژخایەنەی لە سوریا بەرێوەدەچێت و هەروەسا باشیشە ئەوەش بزانێت لەم دەڤەرە چی روودەدات و شەڕ و ناکۆکی دوای گۆڕانکارییەکان چی دەبێت و چارەسەرییە واقیعی و دیموکراسییەکان چین. چونکە ئەمە کارەساتێکی دڵتەزینە و دژی مافەکانی مرۆڤ روودەدات و ژیانی هەزارەها کوردی سڤیل دەکەوێتە مەترسییەوە. لەهەمان کاتدا رۆلی حکوومەتی ئێران و سوریا و عێراق لە بەکارهێنانی کارتی کوردی بە هاوکاری (پەیەدە) زال و ئاشکرایە.دوور نییە ئەم تەقینەوە بەکۆمەڵە کاریگەری سلبی لەسەر هەرێمە ئارام و سەقامگیرەکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست (کوردستانی باشور) دروست بکات.
لە ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەکان بەرانبەر ئەم کۆڕەوە بە کۆمەلە وەکو پێویست نییە، راستە هەندێک دەزگای راگەیاندنی جیهانی و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەیان بە کۆچە بە کۆمەڵەکە و پێشوازییە خێراکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی جێگە و خۆراک و چارەسەری پزیشکی و دابینکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ ئەو سی هەزار کەسە دەکەن، جگە لە سەدو شەست هەزار ئاواوارەی دیکەی کوردی سوریا و سەدان هەزار عەرەبی ناوەراست و خوارووی عێراق و دەیان هەزار مەسیحی کە لەترسی تۆقاندن و توندوتیژی ئیسلامییە توندرەوەکان کۆچیان کردووە، بەڵام پێناچێت هەنگاوی بەکردەوەیان بۆ دابینکردنی شوێن و دابینکردنی پێویستییەکانی ئەم خەڵکە لێقەوماوە و لێکدانەوەی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەم رەوشە هاوشتبێت و بیریان لە دەرهاویشتە قورسەکان کردبێتەوە.
| دوور نییە بیر لەوە کرابێتەوە کورد لە رۆژئاوا دەرپەرێنرێت بۆ ئەوەی ئەم کۆچە وەکو فشارێکی سیاسی و ئابوری و دەروونیش لە دژی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان |
لەرووی سیاسییەوە گەلێک وای لێکدەدنەوە ئەمە پێگەی نەتەوەیی لای کورد لە هەردوو بەشی کوردستان بەهێز دەکات، تەنیا دوور نییە ئەمە ببێتە هەنگاوێکی لەبار بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو لا کار بۆ پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام و خۆبەرێوەبەری وەکو ئەوەی هەرێمی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستانیش دروست بکەن، تەنیا دوور نییە ناوچەیەکی فیدرالی لە سوریا بۆ کوردەکان دروست بکرێت، دوای ئەوە لە باشور و رۆژئاوای کوردستان هەنگاو بەرەو یەکبوونی نەتەوەیی و دەسەڵاتێکی هاوبەش بنرێت. کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی پێگەیەکی مێژوویی و درێژخایەن و جەماوەریان لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، دوور نییە ئەمە ببێتە رێگەخۆشکەر بۆ خێرا بەرێوەچوونی ئەم یەکبوونە نەتەوەییە.
هەندێکیش وای لێکدەدەنەوە دوور نییە ئەمە پلانێکی هەرێمایەتی بێت، بۆ ئەوەی کورد لە رۆژئاوا پەرتەوازە و پەرش و بڵاوبن و ئەو ئارامییەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هەبووە، وەکو ناوچەکانی دیکەی سوریای لێبێت کە شۆڕش و شەڕ و کوشتن و کاولکاری تێدایە. یەکێک لەلایەنە بڕیاردەر و سەرەکییەکانی دوا رۆژی سوریا کورد دەبێت. هەروەها دوور نییە بیر لەوە کرابێتەوە کورد لە رۆژئاوا دەرپەرێنرێت بۆ ئەوەی ئەم کۆچە وەکو فشارێکی سیاسی و ئابوری و دەروونیش لە دژی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی بەکاربهێنرێت، کە نفوز و دەسەڵاتیان لەو ناوچانەیە لە باڵابوونەو گەشە دەکات، هەروەسا سنوری کێشەکان دەکەونە سەر سنوری ئەو دەڤەرانەی کە ئەوان تێیدا قەڵەمرەون .
بەڵام پێچەوانەی ئەوانە دەرەنجامێکی چاوەڕوانەکراو لەم کۆچە بەدی دەکرێت، ئەویش پتەوبوونی گیانی نەتەوەیی و بەهێز بوونی یەکێتی نەتەوەییە لە نێوان کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. رەنگە ئەم دەرەنجامە ئەگر ئازاار بەخشیش بێت ئەو لایەنە نەتەوەییانە پێگەیان فرەتر بێت کە ئیجابیانە و دوور لە کاردانەوەی سیاسی مامەلەی لەگەلد ەکەن . ژمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پتر لە ١٧٠ هەزار کوردی رۆژئاوا وەکو پەناهەندە و ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین. ئەم سی هەزارەی لەم رۆژانەی دواییش گەیشتنە هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی نوێ لە پەیوەندیی و کاریگەریی مرۆیی و سیاسی لە نێوان کورد و هەروەها بەرژەوەندییە هەرێمایەتییەکانی وڵاتەکانی ناوچەکە بەدیار دەخات. ئەگەر سنورەکان دانەخرێن رەنگە ئەم ژمارەیە بەخێرایی بەرەو سەر بچێت.
هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی گەرم و ئامادەکارییەکی خێرایی نیشان دا، هاووڵاتیانی هەولێر و ناوچەکانی دیکەش هاوکاری زۆریان پێشکەشی براکانیان لە رۆژئاوا کرد.. خەڵکە پەناهەندەکە لە چەند ناوچەیەکی وەکو دهۆک و لەهەولێریش لە چەند سارۆچکەیەک دابەشکران و شوێنیان بۆ ئامادەکرا و نزیکەی سێ هەزاریش روانەی پارێزگای سولێمانی کران. ئەم دەستوبردییەی حکوومەتی هەرێم، نیشانی دەدات کە دەسەڵاتی کوردی ئامادەیە بۆ هەموو ئەگەرێکی سیاسی و مرۆیی و ئابوری لە نێوان هەموو بەشەکانی کوردستان. پێچەوانەی ئەوەی رەچاویان دەکرد، دەسەڵاتی کوردی تووشی قەیران و گیرخواردن بکەن.
پێویستە حکوومەتی کوردستان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات، هاوکاری ئەم لێقەوامانە بکرێت، شوێن و ژیانیان باش بکرێت. منداڵ و نەخۆشەکانیان دوارۆژیان دابینبکرێت. مەسەلەکە لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان چارەسەری سیاسی بۆ بدرۆزرێتەوە. لە ناوەخۆشدا کار بکرێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هاو ڕاو هاودەنگ و هاو هەوڵویست بن لە رووبەوربوونەوەی کێشەکان و داڕشتنی دوارۆژی ئەم بەشەی کوردستان و رێگەی کۆچکردن نەدرێت و کار بکرێت هاووڵاتی کورد لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە.هەروەها لە ناوەخۆدا ژیان و چارەنووسی ئەم هەزاران کوردە پەناهەندەیە وەکو کارتێکی سیاسی بۆ رکابەری ناوەخۆیی بەکارنەهێنرێت. پەیەدە کە باڵێکی فەرمی پارتی کرێکارانی کوردستانە واز لە خۆسەپاندن بهێنێت. بەڵێ دەکرێت بڵێین دیواری نێوان باشور و رۆژئاوای کوردستان روخا، دەکرێت ئەمە بکرێتە سەرەتای یەکێتی نەتەوەیی.. سەرەتای یەکبوونی ئازارەکانمان.. سەرەتای هەنگاو نان بەرەو قۆناغێکی مێژوویی نوێ لە کوردستاندا.




