٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی، سەركەوتنی كورد

سەرچاوە: KDP.info

رێبوار حەمەلاو شوانی

بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی، خەون و ئاواتێكی لەمێژینەی نەتەوەی كوردە، كە ساڵانێكی زۆرە لەو پێناوەدا قوربانیبەكی زۆر داوە، كۆنگرەیەكی نەتەوەیی لە كات وساتی ئێستادا كورد لە بریارە چارەنووسازە و ئاواتە لە مێژینەكانی خۆی نزیك دەكاتەوە . بەڵام دۆزی كورد لە سەردەمی ئێستادا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەكە و جیهاندا گۆڕانكاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.

ئەمە یەكەم جارە لەمێژوودا كە هێزو لایەنە سیاسیەكانی‌ رۆژهەڵات، باشور، رۆژئاوا، باكوری‌ كوردستان پێكەوە ئامادەبن لەژێر یەك چەترێكدا كۆببنەوە، كە بڕیار وایە كۆنگرەكە ببێتە دامەزراوەیەكی‌ نیشتمانی‌ و لەمەودوا پرسە چارەنوسسازەكانی‌ هەر چوار پارچەی‌ كوردستان لەم كۆنگرەیەوە سەرچاوە بگرن. بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم لە مێژووی‌ دەیان ساڵی‌ رابردوو كورد دەستكەوتی‌ لەم جۆرەی‌ بەدەست نەهێناوە و بۆ داهاتووش مەگەر تەنیا راگەیاندنی‌ دەوڵەتی‌ كوردی‌، لەم كۆنگرەیە گەورەتر بێت. ئەمە دەستكەوتێكی‌ نیشتمانی‌ گەورەیە بوً هەموو هێزو لایەنە سیاسیەكانی‌ كورد لەهەموو پارچەیەكانی بوً ئەوەی پێكەوە بەشداریی لە كۆنگرەی‌ نەتەوەیی‌ كورد بكەن.

ئەمڕۆ كورد خاوەن هەرێمێكی فیدراڵی نیمچە سەربەخۆیە، بۆ هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسییەكاندا رۆڵی گرنگ دەبینێ‌، پێگەی بەهێزی سیاسی و ئابووریی كوردستان دەتوانێ‌ كاریگەریی لەسەر جیوگرافیا و ئاسایشی وڵاتانی دەوروبەر و گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت‌.

ئەم كۆنگرەیە سەرەتاكەی‌ بە پەیامی‌ ئاشتی‌ و چارەسەری‌ دادپەروەرانەی‌ كەیسی كورد لە خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاستدا دەستی‌ پێكرد. كە ئەمەش پەیام و سیاسەتێكی‌ واقیعی‌ یە و هەڵگری‌ ناوەڕۆكی‌ سەردەمیشە بۆ چارەسەری‌ پرس وكێشە سیاسیەكان. لەبەرئەوەی‌ چارەسەری‌ پرسی كورد لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی‌ دیكە دەگۆڕێ و هەلومەرجی‌ سیاسی ئێستای‌ كوردیش گەواهی‌ ئەم ڕاستیە دەدەن، بۆیە پەیامی‌ ئاشتی‌ و چارەسەری‌ دادپەروەرانەی‌ پرسی كورد لە خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاستدا دەتوانێت دروشمی‌ گشتی‌ ئەم قۆناغەی‌ خەباتی‌ كورد و بەرنامەی‌ كۆنگرەی‌ نەتەوەیی كوردیش بێت.

بەستنی‌ كۆنگرەی‌ نەتەوەیی‌، خودی‌ كۆبوونەوەو كۆنگرەكە ئامانجێكی‌ گەورەیە، دەرئەنجامەكانیش هەرچەند لە ئاست ئومێدی‌ خەڵكی‌ كوردستان‌و ئەو قەیرانانەدا بن كە ئێستە ڕووی‌ لە ڕۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست كردووە هێندەی‌ تر بایەخی‌ كۆنگرەكە گەورەترو بەنرختر دەكات.

بۆیە ئەوەی‌ بەلای‌ ئێمەوە گرنگە ئەوەیە، هێزەكان ئەم كۆدەنگی‌‌و یەكدەستییە بە هیچ شتێك نەگۆڕنەوە، نەیكەنە قوربانی‌ هیچ ئامانجێكی‌ بچوكی‌ تری‌ پەیوەست بە حزبێك یان تەنانەت شارو پارچەیەكی‌ كوردستان، چونكە كۆنگرە تەنها بۆ ئێمەی‌ گەلی‌ كورد لە ئاستی‌ ناوخۆییدا گرنگ نییە، بەڵكو لە دەرەوەش ڕای‌ گشتی‌ جیهان یان لانی‌ كەم ئەوانەی‌ پەیوەستن بە كێشەی‌ كوردەوە چاوەڕێن بزانن بۆ یەكەمجار كۆبوونەوەی‌ نوێنەرانی‌ میللەتێك بە كوێ‌ دەگات؟ داوایان چییەو چ نەخشەیەك بۆ داهاتووی‌ خۆیان بڕیار دەدەن؟ ئایا ئەم گەلەی‌ كە تا ئێستا وا پیشاندراوە مەترسی‌ بێت بۆ كیان‌و گەلانی‌ تر هەر بەڕاستی‌ مەترسییە یان بەپێچەوانەوە بەشێكە لە نەخشەی‌ ئاشتی‌‌و برایەتی‌ گەلان؟

ئێمەش كاتی‌ خۆیەتی‌ بیسەلمێنین، گەلی‌ كورد گەلێكی‌ ئاشتیخوازە، یەك دەست‌و یەك رایە بۆ داواكردنی‌ مافەكانی‌، كەمتر لە مافی‌ نەتەوەو خاك‌و كیان بەشتێكی‌ تر ڕازی‌ نابێت،

 هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لە قۆناغێكی دایە كە دەتوانێت‌ لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵاتە گەورەكانی جیهاندا بگوزەرێ‌. لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستانیشدا، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و هۆشیاریی نەتەوەیی كورد لە ئاستێكدایە خۆی لە بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی قەوارەی سەربەخۆیی دەبینێتەوە.

خەونی‌ هێنانەدی‌ دەوڵەتی‌ یەكگرتووی‌ كوردستانی‌ گەورە، بێگومان خەونی‌ هەموو كوردێكە و ئەمەش مافێكی‌ سروشتی‌ و ڕەوایە، نابێت كەسێك نكۆڵی‌ لێبكات.بەڵام ئەوەی‌ كە ئەم خەونە دێتەدی‌ یان نا؟ یان چۆن دێتەدی‌؟ ئەمەیان شتێكی‌ دیكەیە و پابەندە بە ڕەوش و هەلومەرجی‌ سیاسی ناوچەكە و دەوڵەتانی‌ داگیركار و دابەشكاری‌ كوردستان و لە هەر قۆناغێكدا ئەو پرسە گۆڕانی‌ پۆزەتیف و نێگەتیفی‌ بەسەردا دێت. بەڵام ئامانجی‌ هاوبەش و نەگۆڕی‌ ئەم نەتەوەیە بێگومان هێنانەدی‌ دەوڵەتی‌ سەروەر و سەربەخۆیە.

ئەو دەستكەوتانەی كە لە هەرێمی كوردستان بە دەست هاتوون بەرهەمی ماندووبوون و خەباتی چەندین ساڵەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بە تایبەت جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیی مێژوویی خۆی بەرامبەر بە پرسی نەتەوەیی كورد و ئاییندەی كوردستان، بانگهێشتی هەموو پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەموو پارچەكانی كوردستانی كرد تا بێن لە ژێر چەتری ئاشتی و پێكەوەژیان كۆ ببنەوە و ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بكرێ‌، تا بتوانن لە سایەیدا بەرنامەڕێژی بۆ ئامانجە ستراتیژییە نەتەوەییەكانمان دابنێن و بیر لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد بكەنەوە، بۆ ئەوەی ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان دابین و مسۆگەر بكەن، ئەمەش بە دەستكەوتێكی گەورەی نەتەوەیی كورد هەژمار دەكرێت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار