كاتی بریار دانە، وەڵات یا كوردستان
قورای چاڵشقان
لە حاڵی حازردا ئەو دەراوسێیەی توركیا كە لەگەڵیدا خاوەن درێژترین سنوورین وەكو رابردوو سووریا و عێراق نین بەڵكو تەنیا دەراوسێ توركیا كە لەگەڵیدا خاوەن درێژترین سنوورین كوردستانە. نووری مالێكی شێعە لە بەغدا لە دژی بە هێز بوونی كوردە بەڵام لە وشەكانی مالێكیدا وشەیەك بە ناوی باكووری عێراق نییە بەڵكو لە جیاتی ئەم وشەیە وشەی كوردستان بەكار دەهێنێت. بەرێوەبەرانی سۆننەكانی عێراقیش بەهێز بوون و سەربەخۆبوونی كوردیان پێ خۆش نییە، بەڵام هیچ كامیان وشەی باكووری عێراق بەكار ناهێنن و بە ناوی كوردستان باسی لێوە دەكەن. من باسی وەزیری دەرەوەی عێراق هوشیار زێباری كە بۆ خۆی كوردە ناكەم چونكە ئەویش بێگۆمان هەر دەڵێت كوردستان و ئەو وشەیەیش كە لە لایەن توركمانەكانەوە بەكار دەهێنرێت هەر وشەی كوردستانە.
لە رۆژی ئەمرۆماندا وەكو رابردوو سووریا خاوەن درێژترین سنوور نییە لەگەڵ توركیادا، عێراقیش سنوورێكی بەمجۆرەی نییە و تەنیا دەراوسێ توركیا كە خاوەن درێژترین سنوورە كوردستانە. سنوورەكانی سووریا چی دیكە لە لایەن هێزەكانی رژیمی ئەسەدەوە كونترۆڵ ناكرن و بەمجۆرە هیچ سنوورێكی توركیا لەگەڵ سووریادا نەماوە و بەشی هەرە زۆری سنوورەكان لە لایەن كوردەوە كونترۆڵ دەكرێت. بەشێكی كەمی ئەو سنوورانەیش لە دەستی ئەلقاعێدە دایە و سوپای ئازادی سووریایش بۆ دابین كردنی پەیداویستییە لوجستیكییەكانی خۆی جارجار دەتوانێت سوود لەو سنوورانە وەربگرێت. لە عێراقیشدا هیچ جۆرە سنوورێكی توركیا لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی ناوەندی بەغدادا نەماوە و بەغدایش بریتییە لە ناوچەیەكی گچكە بە ناوی ناوچەی سەوز و ئەم ناوچەیە خاوەن سیستەمێكە كە وەزارەتی دەرەوەی عێراق مۆڵەت بە ئوتومبیلەكانی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی نادات كە بچنە نێو باخچەكەیەوە. لە بەغدا شتێك بە ناوی دەوڵەت نییە بەڵكو هەر وەزارەتێك بۆ خۆی دەوڵەتێكە و وەكو سەردەمی سەردەمی ناوین هەر كەس بۆ خۆی دەوڵەتێكی گچكەی دامەزراندووە و بە چەكی سەردەمییانە خۆی دەپارێزێت و لە خاڵەكانی پشكنین بە هۆی پشكنینە توند و تۆڵەكانەوە فیدراسیونێكی ئەمنی نەتەوەیی هاوبەش پێكهاتووە.
بەڵام كە سەیری بارودۆخی كوردستان دەكەین راستییەكی دیكەمان بۆ دەر دەكەوێت. لە عێراق لە رووی یاساییەوە دەوڵەتێكی یاسایی هەیە بەڵام لە راستیدا دەوڵەتێكی بەمجۆرە هەبوونی نییە بەڵام لە كوردستان بارودۆخەكە زۆر بە پێچەوانەیە بەو ماناییە كە لە رووی یاساییەوە دەوڵەتێكی یاسایی لە كوردستاندا هەبوونی نییە بەڵام لە راستیدا بە هۆی هەبوونی وەزارەتەكان و بروكراسیەت دەوڵەت هەبوونی خۆی سەلماندووە. دەوڵەتێكە كە ئەمنیەتی خۆی پاراستووە، سیستەمی پەروەردەیی خۆی سەپاندووە و سوپای خۆیشی ئورگانیزە كردووە. بۆیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا وەكو رابردوو عەرەبەكان دەراوسێ توركیا نین بەڵكو كورد و ئێرانییەكان دەراوسێ توركیان و لە لایەكی دیكەیشەوە هەبوونی ئەلقاعێدە و سوپای ئازادی سووریا لە سەر سنوورەكانی توركیا نیشانەی ئەوەن كە پێویستە توركیا زۆر بە جدی گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەكی خۆی سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بكات. ئەوە بە دوور دەزانم كە عێراق بتوانێت خۆی رێك بخاتەوە، بارودۆخی عێراق ئەوەندە ئاڵۆزە كە میراسەكانی دەوڵەتی سەربازی عێراقیش كە وەكو بەرهەمێكی سەردەمی شەڕی جیهانی دووەم بوو هیچ جۆرە ئاسەوارێكیان نەماوە بۆیە عێراق ناتوانێت دووبارە خۆی رێك بخاتەوە و نایشتوانێ كە بۆ دواوە بگەڕێتەوە.
بارودۆخی سووریایش هەر وەكو بارودۆخی عێراقە لە چوار بەشی ئەو وڵاتە سێ بەشی چۆڵە، تەنیا لە سەدا 25ی زەوییەكانی ئەو وڵاتە بە كەڵكی كشتووكاڵ دێن و لە سەدا 60ی زەوییەكانی سووریا لە ژێر كونترۆڵی ئەسەد دایە و ئەم رووبەرەیش لە دژی سوپای ئازادی ئەو وڵاتە رۆژ لە دوای رۆژ لە زیاد بووندایە. مابەقی زەوییەكانی سووریا لە ژێر دەستی كورددان و دەراوسێ كوردستانی عێراقن و لە رووی هاوكاری و پشتگیری لوجستیكییەوە هیچ جۆرە كێشەیەكیان نیە و رژیمی ئەسەدیش تا ئەو كاتەی كە بە یەكجاری كونترۆڵی سوپای ئازاد نەخاتە دەستی خۆیەوە كوردەكان ناكاتە ئامانجی هێرشەكانی خۆی. باوەر ناكەم ئەم بارودۆخەی سووریا گۆڕانی بە سەردا بێت. گەڕانەوەی عێراق بۆ دەوڵەتێكی بەهێزی ناوەندی ئەگەرێكی یەكجار لاوازە بۆیە ئەو شتەی كە ئەگەری گۆڕانی هەیە هاوپەیەمانییە گچكەكانی دەسەڵاتە جیاجیاكانن. هێزی هەر گرووپێكی نێو دەسەڵات لە عێراق یا ئەمریكایە، یا ئێران یا وڵاتانی دەرەكی دیكەن و بەهێز بوونی بزاڤە دیموكراتیكە كۆمەڵایەتییەكانیش بە هۆی روودا و چالاكییە تیرۆریستییەكانەوە شتێكی زۆر ئەستەمە. بارودۆخی سووریایش هەر بەمجۆرەیە هەر هەمووی ئیمكانیات و دەرفەتەكانی سیاسەتی نێوخۆیی بە سیاسەتی دەرەكییەوە بەستراون، رژیمی ئەسەد بە هۆی هاوكارییەكانی چین و رووسیاوە وردە وردە بەهێزتر دەبێت و لە بەرامبەر سوپای ئازاددا رژیم دەتوانێت وردە وردە كونترۆڵی خۆی لە سەر بەشێكی زۆری ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت و بەمجۆرە سوپای ئازاد و گرووپە چەكدارەكانی سوپای ئازادیش ناچار دەبن دەست بە چالاكییە تیرۆریستییەكانی خۆیان بكەن و ئەمەیش دەبێت هۆكاری دەركەوتنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی كە لە مەیدانی شەڕی ناوخۆییدا شكەستی هێناوە و لە بەرامبەریشدا ئەوە كوردە كە دەتوانێت ئاسایش و ئەمنیەتی خۆی بپارێزێت بەرەو دەوڵەت بوونەوە بڕوات. بۆیە پێویستە بپرسین كە لەم بارودۆخەدا دەبێت سیاسەتی دەرەوەی توركیا چۆن بێت؟ پێویستە ئاشكرا بكرێت كە ئایا توركیا لە لای كوردستانێكی لائیك كە لە رووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە نزیكی توركیایە و دووری هاوپەیمانی شێعەكانە رادەوەستێت یا خۆی لە لای دەوڵەتە لاوازە ناوەندییەكانی سووریا و عێراقدا كە تا سەری خۆیان نۆقمی تیرۆر بوونە رادەوەستێت؟ ئێتر بە راستی كات كاتی بیر كردنەوەی جدییە.
سەرچاوە. رادیكاڵ




