٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

چۆن لە قۆناغی چارەسەری تێدەگەین؟

سەرچاوە: KDP.info

 مەحموود ئوڤۆر

سەرەڕای گفتوگوە گەرم و گۆڕەكان سەبارەت بە پرسی كورد و چۆنیەتی چارەسەر كردنی ئەم پرسە، قۆناغی چارەسەری كەوتووەتە مانگی نویەمی خۆیەوە. لە مێژووی توركیادا ئەمە یەكەمینجارە كە بە هۆی دەستوەردانی ئیرادەی سیاسییەوە توركیا دەبێتە شاهێدی قۆناخێكی درێژخایەنی بێ شەڕ و پێكدادان. زۆرینەی رەهای كۆمەڵگەی توركیایش پشتگیری لەم قۆناخە دەكات. ئەوەیش دەزانرێت كە كۆمەڵێك كەس و لایەنی دیكەیش چە لە نێو توركیا و چە لە دەرەوەی توركیا گچكەترین رووداو گەورە دەكەن و بانگەشەی كۆتایی هاتنی قۆناغی چارەسەری دەكەن و لە بۆسەدان بۆ تێكدانی قۆناغی چارەسەری. بۆیە توركیا لە قۆناخێكی زۆر هەستیار و گرنگی مێژوویی خۆیدا تێپەڕ دەبێت و بۆ ئەوەی كە ئەم قۆناخ و ئەم سەردەمە بە باشی بەرێوە بروات و توركیا تووشی زەرەر و زیان نەبێت پێویستە ناوەرۆكی قۆناغی چارەسەری و ئامانجەكانی قۆناغی چارەسەری بۆ رای گشتی شرۆڤە بكرن.

پێویستە وەڵامی پرسیاری ئارمانجی سەرەكی قۆناغی چارەسەری چییە؟ بدرێتەوە ئایا ئارمانجی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد چارەسەر كردنی ئەم پرسەیە یا خۆ خۆش كردنی زەمینە بۆ سیاسەت كردنە.

ئەگەر سەیری لێدوانەكانی ئوپوزسیونی توركیا بكەین و سەیری هەڕەشە و لێدوانەكانی پەكەكە سەبارەت بە دەستنیشان كردنی مێژوویەكی دیار بۆ قۆناغی چارەسەری بكەین وا تێدەگەین كە ئامانجی سەرەكەی قۆناغی چارەسەری، بە راستی چارەسەر كردنی پرسی كورد. بەڵام لە راستیدا شتێكی بەمجۆرە نییە. چونكە نە لە لێدوانەكانی حكوومەتدا هیچ جۆرە ئاماژەیەك بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هەیە نە لە نێو پەیامەكەی 21ی ئاداری عەبدوڵلا ئوجەلاندا. بۆیە ئامانجی سەرەكەی قۆناغی چارەسەری، بێدەنگ كردنی چەكەكان و راوەستاندنی شەڕی چەكداری و زەمینە خۆش كردن بۆ چارەسەر كردنی سیاسییانەی پرسی كوردە.

ئوجەلان لە پەیامەكەی 21ی ئاداری ئەمساڵی خۆیدا زۆر بە راشكاوانەی وتبووی: سەردەمێكی نوێ دەست پێدەكات و لە سەردەمی شەڕی چەكدارییەوە دەچینە نێو سەردەمی تێكۆشانی سیاسییەوە و لە قۆناخێكدان كە دەبێت چەكەكان بێدەنگ بكرن و فكر و بیروڕا سیاسییەكان قسە بكەن.

خاڵی گرنگی ئەم قۆناخەیش لێرەدایە، چەكەكان بێدەنگ دەكرن و دواتر وەلاوە دەنرن و دەست بە سیاسەت دەكرێت بەڵام بە سیاسەت دەمانەوێ چی بكەین؟

ئەمە دەرگایەكی گرنگە كە لە لایەن حكوومەتەوە كراوەتەوە و لە چوارچێوەی پاكێجە دیموكراتیكەكاندا كە هەر كەس و هەر پێكهاتەیەكی دەخەنە نێو چوارچێوەی خۆیانەوە رێگا بۆ سیاسەت كردنی پەكەكە دەكاتەوە.

راگرتنی شەڕ و چالاكییە سەربازییەكان و پرۆسەی كێشانەوەی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە لە نێو توركیاد شتێكی زۆر گرنگە بەڵام گرنگ ئەوەیە كە هەر دوو لا بتوانن بگەنە ئەو ئاستەی كە ئوجەلان باسی لێوە كردبوو.

پرسیار ئەوەیە ئایا هەر دوو لا توانیویانە بگەنە ئەو ئاستە یا نە؟ كاتێك كە سەیری بیروڕای ئەو نووسەر و سیاسەتمەدارانە دەكەین كە تۆزێك نزیكی بزاڤی كوردین ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە كە ئەوەی ئەركی بزاڤی كوردی بووە جێبەجێ كراوە، بەڵام حكوومەت هیچ جۆرە هەنگاوێكی نەناوە.

لێرەدا پێویستە لە جیاتی لێدوانی بەمجۆرە لەو راستییە مێژوویە تێبگەین كە قۆناغی چارەسەریش بە هۆی ئەم راستییەوە دەستی پێكردووە. پێویستە هەر كەس بزانێت كە لە توركیا كۆتایی بە سیاسەتی نكۆڵی كردن و ئینكار كردنی گەلی كورد هاتووە و ئەمرۆ نەتەوەیەك كە تا دوێنێ نكۆڵی لێ دەكرا، یەكێكە لە پێكهاتە ئەتنیكی و سیاسییەكانی توركیا و فاكتەرێكی بەهێزی نێو هاوسەنگییە سیاسییەكانی توركیایە.

لە كۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە قۆناغی چارەسەری چە لە لایەن بزاڤی كوردییەوە و چە لە لایەن حكوومەتەوە زۆر بە باشی بەرێوە براوە و ناكرێت كە لەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەكەدا ئەم قۆناخە بكرێتە قوربانی بەرەژوەندییە بەرتەسكەكان.

سەرچاوە: سەباح

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار