كوردستان لەناو دڵماندا، دڵمان لەناو دەستماندا

بەدران ئەحمەد حەبیب
كوردستان دڵی ئێمەیە بەڵام دڵێكە لەناو دەستماندا. ئەمە زاراوەیەكی كوردییە بۆ دەربڕینی هەستی مەترسی لە چارەنووس. ناهەقیشمان نییە بۆ داهاتووی ئەم مەلۆتكەیەی خۆمان پەژارەمان هەبێ. تۆ كورد نەبی نازانی نرخی ئازادی چەندە. بەڵام بۆچی دەترسین؟ ئاخۆ ترس پرسیارێكە لە جێی خۆیدا؟
بابایەك رەنگە بڵێ، هەرێمی كوردستانی عێراق زیاتر لە بیست ساڵە دەسەڵاتێكی خۆیی بەڕێوەی دەبا، ئەم دۆخە بووە بە بارێكی داسەپاو لە عێراق و ناوچەكەدا، وێڕای ئەوە وڵاتەیلی دەوروبەر بارەگەی دیپلۆماسی دەكەنەوە لە پایەتەختی هەرێمدا، نۆینەیلی تیڤیی عەرەبی ناوی كوردستان دەهێنن لە بەڵاوۆكی دەنگوباسیاندا. وەك جاران بە دەستەواژەی "باكوری عێراق" پێمان ناڵێنەوە ئێوە بەشێكین لە گشتێك. كوردستان و سەربەخۆیی بەرەو ئەوە دەڕۆن ببن بە جووتە برا.
بەڵام وێڕای ئەوەش كورد هەر دەترسن، ترسێك هەیە لە ناخدا كە نازانن لە چییەوە دێ. مافی خۆشیانە مەترسی بكەن لە داهاتوو لەبەرئەوەی لە ناوچەیەكدا دەژین جڤاكێكی هەیە رك و كینە دەزێ لە جێی ئەوین و لێبووردوویی. دەراویتەی رك و كینە بە دەمسات لە زیادیدایە و سەرڕێژ دەكا. شیعە و سوننە، كورد و عەرەب، فەلە و موسڵمان، تەنانەت لەناو خۆشیاندا شیعە و شیعە سوننە و سوننە فەلە و فەلە كورد و كورد گشتی لێوانلێون لە كینە لە ئاستی یەكتردا. لە بەیرووت رۆژنامەنووسێكی عەرەبم ناسی، بۆ جاری دووەم كە بینیمەوە راپۆرتێكی پێم نیشان دا، رۆژنامەنووسێكی كورد لێرەوە "نەدیتی و نەناسی" بۆ رۆژنامەكەی ئەوانی ناردبوو، بە جۆرێك كوردستانی ریسوا كردبوو نەیناسیتەوە. رۆژنامەنووسە بەیرووتییەكە گوتی تۆم وەبیر هاتەوە راپۆرتەكەم دایە لا.
من لە گشت رۆژنامەنووسێكی كورد زیاتر رەخنە لە سەركردایەتیی كوردستان دەگرم، دەماری واش دەگرم كەس پەیان پێ نابا، لەبەرئەوەی كوردستان بەردەوام دڵێكە لەناو دەستمدایە. گلەیی دەكەم كە سەركردایەتیی كوردستان باش وڵات بنیات نانێ، باشیش نایپارێزێ، بە نووسەیلی خۆم هانی دەدەم باشتری بنیات بنێ و باشتری بپارێزێ. رەخنە دەبێ لە خۆشەویستییەوە بێ بۆ بەرامبەر، ئەگینا نایەتە وەرگرتن. بۆ نموونە:
وەك من دەیبینم دوو جۆر سیستەمی سیاسی هەیە لە بواری بەرگری لە سەربەخۆییدا، سیستەمێكیان كۆنە و ئەوی تر نوێ، هەردووكیشیان ئەمڕۆ شان بەشانی یەكتر لە دنیا لە كاردان. كۆنەكە ئەوەیە وڵات بەهێز بكەی، بەهێزی بكەی لە رووی چەكدارییەوە، لە رووی تەناهیی ناوەخۆوە، لە رووی ئابوورییەوە، لە رووی بەندیوارەیەوە (مواسەڵات)، لە رووی تێكەڵاویی دیپلۆماسی و پێوەندیی دەرەكییەوە. هەموو ئەمانە وڵات بەهێز دەكەن بە جۆرێك كە ناحەز لێی بسڵەمێتەوە و زەفەری پێ نەبا. ئێران، كۆریای باكور، گشت وڵاتەیلی عەرەبی لەم شێوەیەن. ئازادی و دیموكراسی و ژیانی سەردەمییانە لە گۆڕێدا نییە و جڤاك پووشكەش نییە بەڵام دەرەكی كەسی ناوێرێ پەنجەیان بۆ درێژ بكا لەبەرئەوەی وڵاتی بەهێزن لە رووی چەكدارییەوە. سووریای بنەپاڵمان جۆرێكە لەو وڵاتەیلە، سەرتاسەری دنیا "بە ترس و پارێزەوە" ناحەزایەتیی دەكا، هەرچەندە كە گەلی خۆشی لێی راپەڕیوە.
جۆری دووەمی سیستەمی وڵاتەیل "ئەمە هەمووی شیكردنەوەی خۆمە و لە هیچ كوێیەكم نەخوێندووەتەوە"، ئەوەیە جڤاك بەهێز بكەی. ئەمەیان سیستەمی دیموكراسییە، سوپای زۆر ناوێ، لێرەدا هێزی جڤاك لە داونەریتی هاودەمییانە و كولتووری پێشكەوتوودایە. فرەییی حزبی، هەڵبژاردن و دەستەودەستكردنی ناوبەناوەی دەسەڵات، جوداكردنەوەی دین لە دەوڵەتداری، میدیای سەربەخۆ، ئازادیی تاكەیل، خۆشبژێوی، رێزگرتن لە جیاوازیی ئاینی و ئەتنیكی، رێزگرتن لە مافەیلی مرۆڤ، كاراییی رێكخراوەیلی جڤاكی شارستانی، سەرتاپێی ئەمانە وا دەكەن وڵات سوپای نەوێ، گەلێكی لە یەكتر دانەبڕاوی زیندوو، هەموو شتە. بۆ نموونە سویسرا، تەنانەت ئەوروپا بە گشتی، كەرتە زەوییەكە، داماڵیوە لە چەك. تەنیا ویستی یەكگرتوو دەیپارێزێ ئەگەر كەوتە مەترسییەوە.
پێشی چەند ساڵێك لە پرسی دەست تێكەڵكردنی وڵاتەیلی یەكگرتووی ئەمەریكا لە گورجستاندا، رووسیای فیدراڵ كەللەیی بوو. رووسیا لە جۆری كۆنی سیستەمی وڵاتەیلە، سوپایەكی هێندە بەكاری هەیە دەیتوانی هەموو ئەوروپا بگرێ لە چەند حەوتووێكدا، رەنگە لە چەند رۆژێكیشدا. تانكی رووسیا بۆیان دەلوا بە پیاسە بچن بۆ پاریس و لەندەن و هیچ رێگرێك لە پێشدا نەبینن. بەڵام ئاخۆ ئەمە تا سەر دەچووە سەر؟ ئاخۆ ئەوروپای ئێستە دێتە داگیركردن؟ نەخێر، هیچ وڵاتێكیش نایەتە داگیركردن جڤاكێكی هەبێ پتەو. جڤاكی نوێدەم بە شێوازی نوێدەمانە دوژمن دەبەزێنێ و لە وڵاتی دەكاتە دەرەوە، بگرە باجی كارە دزێوەكەشی پێ دەبژێرێ. نموونەش هەیە لە مێژوودا بۆی بگەڕێی.
بێینەوە سەر باری خۆمان، كوردستان نە لەمیانە و نە لەویان. نە سوپای بەهێزی هەیە و نە جڤاكی خەمڵیو.
من رەخنە لە سەركردایەتیی كوردستان ناگرم لەوەی ناتوانێ سوپای بەهێز و رێگەوبانی پێشەكەوتوو و ئابووریی بەهێز بۆ وڵاتە تازە پشكوتووەكەمان دروست بكا. ئەمە كاتی دەوێ نەمانبووە، پارەی دەوێ نەمانبووە، هەلی دەوێ نەهاتووە. بەڵام جڤاكی بەهێز ئاسان دەهاتە دی كاریان بۆ بكردایە. ئێمە ئێستە لە دەیەی سێیەمی خۆبەڕێوەبردنداین و بیست و یەك ساڵمان بەڕێ كردووە، تەمەنێكی درێژە بۆ ئەم دەمەی دنیا.
بە بەراورد لەگەڵ ئەو دوو دەیەیەدا، ئێمە پێنگاوی زۆر بچووكمان ناوە لە پرسی دیموكراسی و دادوەریی سەربەخۆ و رای گشتیی بەهێزی بەرپرسیاردا. شەقامی كوردستان هێندە نەفامە، جڵەوی بۆ شۆڕ بكەی تەنیا بەرد دەهاوێ و بارەگا دەسووتێنێ. میدیای سەربەخۆ نییە، دەمەوەرێك هەیە هیچ ئامانجێكی روونی نییە. دەسەڵات لە ئاست ئەوەی ناتەبایە لەگەڵیدا، شیر و تیر دەسوێ. بە كورتی كوردستان نە جڤاكێكی یەكگرتووی خۆشبژیی متمانە بەخۆی هەیە نە سوپایەكی چەكدار و خاوەن بازوو.
هاوڵاتیی كورد دەبینم پێی وایە ئەمەریكا بەجێی ناهێڵێ، ئەمە قسە نییە، بێگومان دڵی خۆی دەداتەوە كە وا دەڵێ. من باوەڕم نییە هێزێك هەبێ كورد بپارێزێ جگە لە خۆی، ئەمەش تەنیا بە یەكگرتووییی ویست دێتە دی. لەو مەترسییەی بەڕێوەیە لە ناوچەی رۆهەڵاتی ناوەڕاستدا و سات بە سات نێزیكتر دەبێتەوە، بێگومان ئێمە ناتوانین تەماشاكەر بین تێیدا تەنانەت ئەگەر هەوڵیش بدەین.
راستە دروستكردنی جڤاكێكی بەهێز كە لە جێی سوپادا ببێ بە قەڵغانی وڵات، شتێك نییە لە نێوان بەرشەو و پارشەوێكدا بێتە دی، كاتمان زۆر لە دەست چووە. راستیت دەوێ، كارێكیشە مێری خۆی دەوێ لە گشت بوارەیلدا، بەڵام دەشێ دەسپێكی سادە بدۆزینەوە بۆ تەبایی و یەكگرتوویی. نەریتێك هەبوو جاران، بۆ دەربڕینی نیازپاكی و ئاشتەوایی، چەكدار لوولەی چەكەیلی خۆیان شۆڕ دەكردەوە، وەك نیشانەی ئەوەی هیچ لە گۆڕێدا نییە. ساڵی داهاتوو، بۆ ئەوە دەڕوا ساڵێك بێ لە پاككردنەوەی حسێب لەگەڵ یەكتر لە نێوان هێزەیلی رۆهەڵاتی ناوەڕاستدا، كورد دەبێ بابەتی ناوەخۆیان هەڵگرن بۆ وادەیەكی تر، كوردستان گرینگترە لە حیسابات. خۆشەویستێكە لەناو دڵماندا.




