تەنیا دیپلوماسی
ئەكرەم دوومانلی
بارودۆخی توركیا چە لە رووی سیاسەتی دەرەكی و چە لە رووی سیاسەتی ناوخۆییەوە بارودۆخێكی مەترسیدارە، هەر رووداوێك لە سەر پشتی چاقوویە و هەر كەس لە سەر دڕك دانیشتووە، یا لەو سەرەوە دادەنیشیت یا لەم سەرەوە لە ناوەڕاست ناتوانی دابنیشیت. بارودۆخەكە لەوە تێپەڕیوە كە بتوانرێت هەڵەكانی نێو راستییەكان و راستییەكانی نێو هەڵەكان ئاشكرا بكرن، و كەس ناتوانێت باسی راستییەكانی نێو هەڵەكان و هەڵەكانی نێو راستییەكان بكات. لە بارودۆخێكدا كە هەر كەس لە بەرەی خۆیدا بۆسەی داوەتەوە و بێجگە لە بەرەژوەندییەكانی خۆی بیر لە بەرەژوەندی هیچ كەس و لایەنێكی دیكە ناكاتەوە كێ دەتوانێت كە دەنگی ئەوانی دیكە ببیسێت؟ بە راستی بارودۆخەكە زۆر هەستیار و مەترسیدارە. ئەو بابەتانەی كە لە لایەن نووسەری رۆژنامەكانەوە دەنووسرن و ئەو پرۆگرامانەی كە لە تەلەفزیونەكان بڵاو دەكرێنەوە نیشانەی ئەوەن كە مەترسییەكی یەكجار گەورە چاوەڕوانی توركیایە. بە راستی رووداوی زۆر وەهیم و سەرسۆرٍهێنەر لە توركیا روو دەدات و كەس ناتوانێت كە سەیری ئەم رووداوانە بكات و تووڕە نەبێت. بەڵام چی بكەین مێژوو ئەوەی سەلماندووە كە ناكرێت لەم جۆرە بارودۆخانەدا مرۆڤ بە پێ هەست و پێشبینییەكانی خۆی هەڵسووكەوت بكات بەڵكۆ پێویستە بە وریایی و بە بیر كردنەوەیەكی راست و دروست هەڵسووكەوت بكات. لە بارودۆخی ئەمرۆی توركیایشدا پێویستە ئەو كەسانە كە رای گشتی دەوەرۆژێنن زۆر ئاگادار بن تا توركیا نەكەوێتە نێو ناكۆكی و ئاڵۆزییە ماڵ وێرانكەرەكانەوە. بۆیە رێگا چارە دیپلوماسییەكان دەبێت لەم جۆرە بارودۆخانەدا بكرنە بنەمای سەرەكە بۆ بیر كردنەوە و هەڵسووكەوت كردن چونكە دیپلوماسی بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان دەركەوتووە. دیپلوماسی و رێگا دیپلوماسییەكان ئەگەر چی نەتوانن لە سەدا سەد كێشە یا قەیرانێك چارەسەر بكەن بەڵام دەتوانن ئاستی زەرەر و زیانەكان بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزێنن. لە قەدیمەوە گوتراوە كە ئەوانەی لەگەڵ زڵمدا دەسازن و لە بەرامبەر زڵمدا بێدەنگ دەبن كۆتاییان خەیر نییە. ئەمرۆیش ئەوەی كە رەزامەندی خۆی لە بەرامبەر زڵم نیشان بدات حاڵی باش نابێت. بەڵام بۆ ئەوەی كە ئێمەیش لە بەرامبەر زڵم بێدەنگ نەبین و رەزامەندی لە بەرامبەر زڵم كردن نیشان نەدەین ئەوا پێویستە لە چوارچێوەیەكی زۆر بەرفراوان و واقێعبینانەدا سەیری رووداوەكانی جیهان بكەین.
هەموو جارێك مافدار بوون تێری نەواندی هەڵوێستێكی سیاسی ناكات یا رەنگە ببێتە هۆكاری قەیرانی گەورەتر بۆیە پێویستە لە كاتی نەواندنی هەڵوێست لە بەرامبەر رووداوێك هەڵومەرج و راستییەكانیش رەچاو بكرن.
بە داخەوە كە جێگای سەرسۆڕمانە كە لە توركیا تا ئێستە بە هیچ شێوەیەك زەختی سیاسی دانەبەزیوە و توركیا هەمیشە لە نێو ناكۆكی و قەیراندا بووە و چەندین جاریش گۆرزی زۆر كۆشندە لە رای گشتی توركیا وەشێندراوە. بێگۆمان ئەو بیروڕایە كە دەتوانێت گۆرزی كۆشندە لە كۆمەڵگەی خۆی بوەشێنێت سەرچاوەیەكی هێزی هەیە. بەڵام ئەگەر بتوانرێت ئەو سەرچاوەی هێزە وشك بكرێت ئەوا باوەر ناكەم كە ئەو عەقڵیەتە كە گورزی كۆشندە لە كۆمەڵگەی خۆی دەوەشێنێتەوە بتوانێت بە خێرایی خۆی رێك بخاتەوە و كۆمەڵگەی خۆی رووبەرووی كێشە و گرفت بكات.
بە داخەوە بە هۆی ئەم جۆرە سیاسەتە هەڵانە وردە وردە خەریكە توركیا لە جیهاندا گۆشەگیر دەكرێت! توركیا نە تەنیا لە لایەن وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریكایەوە پەراوێز دەخرێت بەڵكو وردە وردە خەریكە لە جیهانی ئیسلامیش دوور دەكەوێتەوە. بەڵام ئایا بۆ ئەوەی كە توركیا پەراوێز نەخرێت دەبێت توركیا لە بەرامبەر هەڵە و زڵمەكاندا سەری خۆی بنوێنێت؟ بە هیچ شێوەیەك نابێت توركیا لە بەرامبەر ناراستییەكان و زڵم سەری خۆی بنوێنێت بەڵام پێویستە سوود لە دیپلوماسی وەربگرێت چوونكە دیپلوماسی تەنیا باسی ئەو كاتە ناكات كە تێیادایی بەڵكو بیر لە دوا رۆژیش دەكاتەوە. بۆیە پێویست توركیا وا بیر بكاتەوە كە رۆژێك لە رۆژان ئەو ناكۆكی و ئاڵۆزییانە كۆتاییان پێ دێت و هیچ جۆرە دەسەڵاتێك هەتا هەتایە لە سەر تەخت نامێنێت. ئەگەر توركیا دەیەوێ بە هۆی قەبووڵ نەكردنی دەسەڵات و چۆنیەتی دەسەڵات كردنی بەرێوەبەرایەتی وڵاتانی جیهان پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا ئاڵۆز بكات ئەوا توركیا هەڵە دەكات، چوونكە ئەگەر وابێت ئەوا توركیا ناتوانێت لەگەڵ 10 وڵاتدا دانووستان بكات.
سەرچاوە. زەمان




