تێبینییەكانم لە باشووری رۆژهەڵات
ئەتیەن مەحچۆپیان
چارەسەر كردنی پرسی كورد تەنیا بە مانای ئەوە نییە كە دان بە هەر هەمووی مافەكانی كورددا بنرێت بەڵكو بەشی سەرەكەی چارەسەر كردنی پرسی كورد لە ناو بردنی ئەو جیاوازییە مادی و مەعنەوییەی نێوان كورد و توركە. لە قۆناخی ئاشتەواییدا چارەسەر كردنی پرسەكان تەنیا بە مانای ئامادە كردنی زەمینەی پێكەوە ژیان نییە، بەڵكو بە مانای قەدەغە كردن و نەهێشتنی هەر جۆرە هەڵسووكەوتێكە كە دەبێتە هۆكاری لاواز كردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و قۆناخی چارەسەر كردن. بۆیە ئاشتەوایی زیاتر لەوەی كە مرۆڤ بتوانێت وەكو شتێك یا وەكو ئاواتێك بە خیرایی بە دەستی بخات، دامەزراندنی قۆناخ یا خۆ زەمینە خۆش كردن بۆ قۆناخ و سەرەتایەكی نوێیە. بۆیە ئەگەر بمانەوێ پرس و كێشەكانی ئەمرۆمان چارەسەر بكەین پێویستە لە بیری پاراستنی سبێ و داهاتوودا بین.
ئەگەر بیر بكەینەوە كە پرسی كورد بۆ خۆی بەرهەمی پرسێكی دیكەیە ئەوا كاتێك كە بیر لە چارەسەر كردنی پرسی كورد دەكەینەوە لە راستیدا بیرمان لە چارەسەر كردنی هۆكارەكانی دەركەوتنی پرسی كورد كردووە و بێگۆمان بۆ ئەمە مەبەستەیش پێویستمان بە گۆڕانكاری گرنگ و سەرەكە هەیە، پێویستیمان بە گۆڕینی رژیم و ناساندنی كۆمەڵگە هەیە، بە گشتی پێویستیمان بە شۆڕشێكی سەرانسەری هەیە.
بێگۆمان ئەم شۆڕشە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە لایەن دەسەڵاتی ئاكەپەیەوە سەرەڕای هەر هەمووی ئاستەنگی و كەماسییەكان دەستی پێكردووە و ئەمرۆیش بەردەوامە. تایبەتمەندییە ئیسلامییەكانی دەسەڵات و خاوەنداریەتی زۆرینەی خەڵك لە دەسەڵات بووەتە هۆكاری ئەوەی كە ئەم شۆڕش وردە وردە لە نێو ماوەیەكی زەمنی دیارینەكراودا و بە بێدەنگی پێك بهێنرێت. لێرەدا تەنیا كێشەیەك هەیە كە ئەم جۆرە شۆڕشانە بە خێرایی ناتوانن مەترسییەكانی سەر رێگای خۆیان هەڵبگرن، بۆنموونە ئەمرۆ دەسەڵاتی ئاكەپە لە پرۆسەی ئاشتەوایی و قۆناخی چارەسەریدا پێویستی بە فیداكاری و قوربانیدانی یەكجار زۆر هەیە، ئەگەر وا نەبێت ناتوانێت خۆی لەو مەترسییانە بپارێزێت و رەنگە رووبەرووی لە دەستدانی دەسەڵات ببێتەوە و بخرێتە دەرەوەی سیاسەتەوە. بۆیە هەر چەند بە دڵی چەند كەس و لایەنێكیش نەبێت بەڵام پێویستە ئاماژە بەم راستییە بكەین كە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد بە قیمەتی یەكیەتی توركیا تەنیا ئاكەپەیە كە بیر لە سەپاندنی ئاشتەوایی لە وڵاتدا دەكات چونكە مەترسییە سەرەكییەكان رەچاو دەكات و خۆی دەخاتە نێو مەترسییەكانەوە. لە لایەكی دیكەوە بۆ تێكدانی پرۆسەی ئاشتەوایی دەسەڵات زیاتر لە پەكەكە خاوەن ئەزموون و دەرفەتە، پەكەكە داوای چی دەكات با بیكات بەڵام چارەسەری و ئاشتەوایی لە چوارچێوەی ئەو قۆنەخدا دەبێت كە دەسەڵاتی ئاكەپە داوای دەكات. بەڵام پەكەكە چی دەكات با بكات ناتوانێـت بە بێ ئاكەپە ئاشتەوایی و پرۆسەی ئاشتی و چارەسەر كردنی لە توركیا سەربخات. پەیوەندییە راستەوخۆیەكانی نێوان دەسەڵات و خەڵك بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتەوایی دەسەڵاتی سیاسی توركیا ببێتە فاكتەرێكی یەكجار سەرەكە بەڵام پەكەكە دەرفەتێكی بەمجۆرەی لە بەردەستدا نییە. لێرەدا ئەگەری هەڵە كردنی دەسەڵات زۆرە، بۆ نموونە ئەگەر بێتۆ دەسەڵاتی سیاسی توركیا بیر لە ئامادە كردنی چینێكی كوردی نزیك و سەر بە خۆدی دەسەڵات بكات و لە رێگای ئەم چینەوە هەوڵ بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد بدات ئەوا دەسەڵات رووبەرووی هەڵەیەكی یەكجار گرنگی مێژوویی دەبێتەوە و رەنگە ئەم هەڵەیە دەسەڵاتی سیاسی بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببات. لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی توركیادا كۆمەڵگەیەكی كوردی هەیە كە لە رووی سیاسی، كۆمەڵایەتی و زانستییەوە پێش خستووە و وردە وردە هەوڵ بۆ سەلماندنی ناسنامەی خۆی دەدات، بۆیە ئەگەر بریارە ئاشتی و ئاشتەوایی بگەڕێتەوە بۆ توركیا ئەوا دەبێت ئەم ئاشتییە لە سەر سێ فاكتەردا دابنیشێت. فاكتەری یەكەم ئەوەیە كە دەبێت ئەم ئاشتەواییە هەر هەمووی كۆمەڵگەی توركیا بە هەر هەمووی جیاوازییەكانی خۆیەوە بە باوەش بگرێـت. دووەم ئازاد كردنی سیاسەت یا خۆی خۆش كردنی زەمینەی سیاسی و یاسایی بۆ ئەنجامدانی كاروباری یاسایی. سێیەم، ئامادە كردنی زەمینەیەكی یاسایی بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕانكارییانە.
بەمجۆرە دەبێت لە رووی یاسایی و سیاسییەوە دەسەڵاتی توركیا چۆن دەتوانێت سیاسەت بكات ئەوا پێویستە سیاسەتی كوردیش ئازاد بێت و لە چوارچێوەیەكی یاساییدا بتوانێت خۆی نمایان بكات.
سەرچاوە. زەمان




