هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ داکۆکی لە هاووڵاتی کوردی رۆژئاوا
غازی حەسەن
لە ماوەی رابردوو هەندێک وێنەی دڵتەزێنی کوشار و رەشەکوژی منداڵ و ئافرەتی کورد لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەنتەرنێت بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن گروپە توندرەوە ئیسلامییەکانی سەر بە قاعیدە و گروپی نوسرە کوژراون. دیارە ئەم وێنانە کاتێک بڵاوکراونەوە کە ئەم گروپە توندڕەوانە خۆیان رایان گەیاند کوشتنی کورد و رفاندن و کوشتنی منداڵ و ئافرەتی کورد بە کارێکی ئاینی پیرۆز دەزانن، رێک ئەمە گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتی جینۆساید و ئەنفالی کورد لە کوردستانی رۆژئاوا، کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو رژێمی بەعسی عێراق دژی کورد پیادەیان کرد.
کێشەی کورد لە سوریا خەریکە دەبێتە کێشەیەکی سەرەکی لە نێو رووداوە گەرمەکاندا، بەڵام ئەمجارە مەسەلەکە پەیوەندی بە کوشتنی کورد لەلایەن رژێمی دەسەڵاتداری سەر بە بەشار ئەسەدەوە نییە، بەڵکە کوشتار و حەلال کردنی خوێنی کورد لەلایەن گروپە ئۆپۆزسیۆنە توندڕەوە ئیسلامییەکانەوەیە، لە هەمان کاتیشدا مەسەلەکە وابەستە کراوە بە هەلوێستی یەکەی بەرگری کردن لە گەڵ کە سەر بە گروپی پەیەدەیەی وابەستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەویە.
گرینگ مەسەلەکە ترسناکە، چونکە مەسەلەی کورد دەکرێتە کێشەیەک کە کوشتن لە نێوان کورد و عەرەب دەبێت، هەورەها ئێران و روسیا بۆ یەکەمینجارە لەپێناو کەمکردنەوەی فشار دژی رژێمی بەشار ئەسەد، باس لە هێرش و کوشتارەکانی دژ بە هاووڵاتیانی کورد و هەروەسا ئیدانەکردنیشی دەکەن و دەیانەوێت کردەوە تیرۆرسیتییەکانی ئەم گروپە ئیسلامییە توندڕەوانە ریسوا بکەن. واتە ئەم دوو وڵاتە هێندەی بۆ روو سپی کردنەوەی رژێمەی ئەسەد، باسی کوشتنی تاکی کورد بەدەستی ئەم گروپانەوە دەکەن، نیو هێندەش لایەنگری دۆزی کورد لەم بەشەی کوردستان نین. لە بیری نەکەین تورکیاش بەشێکە لە هاوکێشە و رووداوەکانی سوریا، ئەوەی پەیوەندی بە کوردیشەوە هەیە، بۆ ئەوان جێگەی هەزار و یەک حیسابە. سەرباری بەرژەوەندییە تازەکانی سعودیە و میسر دژی ئیخوان موسلمین و گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان، مایەی دیقەت لێدانە. هەرێمی کوردستانیش کە هەنووکە بەشدارە لە پرۆسەی بڕیارە گرینگەکانی هەرێمایەتی، هەروەها کوردی هاوخوێنیشی لەبەردەم هەڕەشەن، ناتوانێت بێدەنگ بێت.
لەمبارەوە لە ٨-٨-٢٠١٣ مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم پەیامەی ئاراستەی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کرد :
" ماوەیەكە لە میدیاكان و هەندێ ناوەندی سیاسی و ڕاگەیاندەكاندا كۆمەڵێك هەواڵ و دەنگۆ بڵاو بووەتەوە كە گوایە لە لایەنە تیرۆریستانەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان نەفیرعام لەدژی هاووڵاتیانی كورد ڕاگەیێندراوە و تیرۆریستانی سەر بە ئەلقاعیدە پەلاماری خەڵكی مەدەنی و بێتاوان دەدەن و سەری ژن و منداڵی كورد دەبڕن. بۆ دەركەوتنی ڕاستی و دروستیی ئەم هەواڵانە داواتان لێ دەكەم لیژنەیەكی تایبەت پێك بهێنن بۆ ئەوەی سەردانی ڕۆژئاوای كوردستان بكەن و لێكۆلینەوە لەسەر ئەو هەواڵانە بكەن. ئەگەر بێتوو ئەم زانیاریانە ڕاست بن و هاووڵاتی و ژن و منداڵی بێتاوانی كورد لەژێر هەڕەشەی كوشتن و بڕین و تیرۆردا بن ئەوا هەرێمی كوردستان هەموو تواناكانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بەرگری لە ژن و منداڵ و هاووڵاتی بێتاوانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان بكات".
کەواتە مەسەلەکە رونە، کە هەرێمی کوردستان لەرووی ئەخلاقی و سیاسییەوە ناتوانێت هەتا کۆتایی هەر تەنیا سەیرکەری رووداوە گەرمەکانی کوردستانی رۆژئاوا بێت، بەتابەتیش ئەگەر لێکۆڵینەوەکان ئەو دەنگۆیانە پشتراست بکەنەوە کە هاووڵاتی کورد کراتەوە ئامانجی گروپە توندڕەوەکان. دووریش نییە لە پرۆسەیەکی نوێی هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکاندا، هەرێمی کوردستان بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات بۆ ناردنی هێز بۆ رێگەگرتن لە کوشتنی منداڵ و ئافرەتی کورد و هەروەها هاوسەنگ کردنی کێشەی ناوەخۆییەکانی کورد لەم بەشەی کوردستاندا. دیارە هەرجۆرە هەنگاوێکی لەمبارەوە دەبێت ئەو لیژنەیەی "کۆنگرەی نەتەوەیی" پێشنیار بکات کە بۆ لێکۆلێنەوە لە لایەن بەرێز مسعود بارزانی رەوانەی سوریا دەکرێت، لەبیریشی نەکەین، سوریا وڵاتێکی درواسێی خاوەن سیادەی نێودەولەتییە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت هێزی تایبەتی خۆی رەوانەی هیچ وڵاتێک بکات، مەگەر هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتی نوێ لەئارا بێت.
ئەوەی بۆ کورد لەم قۆناغە گرینگە، یەکڕیزی و یەکهێزییە بۆ داکۆکی لە تاکی کورد و رێگەگرتنە لە رەشەکوژی و هێرشی گروپە توندڕۆکانە دژی هاووڵاتیانی کورد لە کوردستانی رۆژئاوا، کەواتە هەرێمی کوردستان دەرفەتی زێڕینی لەبەرەدەم دایە بۆ ئەوەی لە چواچێوەی پرۆسەی "نەهێشتنی تیرۆر" کە وڵاتە گەورەکانی جیهان سەرکردایەتی دەکات، بەشداری لە نەهێشتنی پەلاماری تیرۆرسیتی دژی هاووڵاتی کورد هەنگاو بنێت.. ئەم هەنگاوەش رەنگە هەندێک گروپی کوردی بترسێنێت، بەڵام لە کۆتایی بە قازانجی کورد کۆتایی دێت.. سنورەکان ئەو پیرۆزییە سیاسی و دەستوریانەیان لە نێوان بەشەکانی کوردستان و هەتا دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتیش نامێنێت، یەکێتی نەتەوەیی کورد بەهێزتر دەبێت، ترسی هەندێک وڵاتیش دەڕەوێتەوە، ترسەکە رەنگە پتر هەندێک لایەنی سیاسی کوردی بگرێتەوە، کە پێیان وابێت ئیدی پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مسعود بارزانی رێبەرایەتی دەکات، چەند هەنگاوێکی دیکە لە قازانجی ستراتیژی خۆی بچێتە پێشەوە.. ئەمەش نیگەرانی کاتی دەبن، چونکە ئەم سەردەمە پێویستی بە کاری هاوبەش و هاوسەنگی و بەشداری سیاسی هەموو لایەک هەیە. نەک تاکڕەویی و خۆسەپێنی.
ترسەکان رەوان، بەڵام لە هەموو شتێک رەواتر دەرفەتێکی نوێ لەبەردەم کورد دێتە پێشەوە کە باڵابوونی رۆلی هەرێمی کوردستانە لە هاوکێشەکانی هاتوو لە سوریادا و هەورەها بەتایبەتی لە کوردستانی رۆژئاوا رەنگە بەرەو پێشەوەچوونێکی تازە بێتە ئاراوە. ئەمەش لە لایەک ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روی ئەخلاقی نەتەوەیی و هەروەها سیاسی لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی قورستر دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کە بڕیارە لە ٢٤ی مانگی ئابی ئەمساڵ ببەسترێت، یەکەم هەنگاو و کاری نەتەوەیی دەکەوێتە ئەستۆ بۆ یەکخستنی دەنگ و هێز و بۆچوونی ستراتیژی کوردی.




