هێمن هەورامی: لەگەڵ مافە نەتەوەییەكانی خەڵكی رۆژئاوای كوردستانین

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ كەناڵی ئین ئارتی ئاماژەی بەوەدا كە دەوازەی سنوری فیشخابوو هیچ كات بۆ مەبەستی هاوكاری و كۆمەكی مرۆیی دانەخراوە و داشناخرێت.
سوریا لەبەردەم چوار شەڕدا
سەبارەت بە خوێندنەوەی بەڕێزیان بۆ بارودۆخی سووری، هێمن هەورامی رایگەیاندووە: ئێمە پێمان وایە دۆخی سوریا ئێستا گەیشتووتە قۆناغێكی هەستیارتر و ئەو گۆرانكارییانەی كەلە سوریا هەن گۆرانكاری خێران لە هەردوولایەنی هێزی شەرەكانەوە چ لە لایەنی هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوری و چ لە لایەن هیزەكانی ئەسەدەوە هیچ لایەك لە لایەنەكان ناتوانن لە رێگەی سەربازییەوە دەست بەسەر بارودۆخەكەدا بگرن و ئەم بارودخەیش دریژەی خایاندووە و ئێستایش سوریا بوەتە مەیدانی چوار شەڕی زۆر سەرەكی شەڕێك لە نێوان هێزەكانی بەشار ئەسەد و سوپای ئازادا ئەوەی كە بەشێكن لە ئۆپۆزسیۆن بەشێكی دیكەیش ئەو شەرەیە كە لە نێوان هێزە جیهادییە ئیسلامییە جیهانیەكانن كە ئیستا خۆیان زیاتر لە جەبهەی نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامی عێراقی لە شام و لە عێراقدا هاتووتە ئاراوە و لە لایەكی دیكەیشەوە شەری نێوان هێزەكانی جەبهەتونسرە و قاعیدەیە لەگەڵ هێزە میانرەوەكان یان هێزە عیلمانیەكانی ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا وەشەری چوارەمیش ئەو شەرەوەكالەتەیە كە هێزە نێودەوڵەتییەكان لەسەر گۆرەپانی سوریا لەگەڵ یەكتری دەیكەن. ئێمە پێمان وایە كەخەڵكی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان دەبێت هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بكات.
پاراستنی یەكڕیزی كورد
هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەشكردووە: سیاسەتی ئێمە بەگشتی لە هەرێمی كوردستان و وەكو پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەوەبووە كە هەموو هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان چ ئەوانەی بەشێكن لە ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان و چ ئەوانەی كە بەشێكن لە ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستان كە پەیەدە نوێنەرایەتیان دەكات هەوڵ بدەن ئەركی سەرەكی كورد لە سوریا ئەوە نیە كە رژێمی بەشار ئەسەد دەروخێت یان ناروخێـت ئەركی سەرەكی كورد پاراستنی ناوچە كوردستانیەكانی رۆژئاوای كوردستانە دڵنیابوونە لەوەی كە چ بەدیلێك لە سیستەمی سیاسی سوریا دیتە ئارا كە دان بە مافە نەتەوەییەكانی رۆژئاوای كوردستان دا لە سوریا بنێـت ئەمە بۆ ئێمە گرنگە.
هەروەها هەورامی دەڵێت: ئەگەر تۆ سەیری لێكدانەوەی بارودۆخەكان بكەیت، بەداخەوە تاكو ئێستایش دەستەی باڵای كورد كە پەیەدە وەكو نوێنەری ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان تیایەتی لەگەڵ ئەنجوومەی نیشتمانی كوردستاندا ریگەیان نەداوەی بەوەی كە هێزەكانی دیكەی پێكهاتوو لە ناو ئەنجوومەنی نیشتمانی دا هێز بەرنە ناوەوە یان بەشدار بن لە بەرگریكردن لەو شوێنانەی كە ئەگەری هەڕەشە لە خەڵكی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان هەیە، بەداخەوە ئەو گۆرانكارییانەی كە بینیمان بەتایبەت پاش شەڕی حەلەب كە رێژەیەكی زۆر ئەفسەر و رژێمی سەریازی سوریا تەسلیم بوون و ژمارەیەكی زۆر هێز و هەڵتۆقینی پەیەدە ئەمە بۆ خۆی جۆرێكە كە كورد دەخرێتە ناو شەڕێكەوە كە شەڕی ئەو نیە.
ڕێككەوتننامەی هەولێر
هێمن هەورامی لەبەشێكی وتەكانیدا ئاماژەی بەوەكردووە: لە سیاسەت ئەوەی كە داوای دەكەیت جیاوازە لەوەی كە دەیكەیت، چونكە كردوەو وتار دوو بابەتی زۆر جیاوازن، چونكە ئێمە قسەمان لەسەر كردوە و كردارە ئەوەی بەداخەوە ئیستا لەسەر ئەرزی واقیع هەیە هیچ بەهایەك بۆ رێكەوتنامەی هەولێر خەریكە لەلایەن پەیەدەوە نەهێڵراوەتەوە، بریار بوو بە پێی ئەو رێكەوتنامەیەی هەولێر بەپێی ئەو رێكەوتمامەی كەلە تەموزی ساڵی رابردوودا لەبەردەم جەنابی سەرۆك بارزانی دا واژووكرا دەبێت سێ لیژنەی تایبەتی هەبێت لیژنەی ئەمنی هەبێت لیژنەی خزمەتگوزاری هەبێت لیژنەی ئیداری هەبێت وە ئەم لیژنانەیش پێكهاتبن لە نوێنەری هەموو لایەنەكان، بەڵام تاكو ئەم ساتەیش پەیەدە بەتایبەت یەپەگە رێگە نادەن هیچ هێزێكی سەربەئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی داخلی ناو رۆژئاوای كوردستان بن تاكو بەرگری لە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بكەن. ناڵیم هەموو بەرپرسیارییەتیەكە لە ئەستۆی پەیەدەیە، بەڵام بەشێكی ئەوەیە كە پەیەدە بەداخەوە نەیتوانیوە وەكو خۆی رێككەوتننامەی هەولێر جێبەجێ بكات ئەو ئیلتیزامانەی كەلەسەرشانی پەیەدە وەكوخۆی جێبەجێیان بكات لەمەدا جۆرێك لە جۆرەكان پەرتەوازەی لایەنەكانی دیكە بۆ تەهمیشكردنی لایەنەكانی دیكەی تێدابوو وە جۆرێك لە پاوانخوازی لەلایەن پەیەدەوە لە رۆژئاوای كوردستان دیارە.
ڕۆڵی هەرێمی كوردستان
سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لەڕێكخستنی ناوماڵی كورد لەڕۆژئاوای كوردستان، هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەداین كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بە مافە نەتەوەییەكانی خۆیاندا بگەن بە كەمترین زیان و كورد نەبێتە بەشێك لەو سیراعە كە لە سوریادا هەیە كورد بتوانێت لەگەڵ ئەو لایەنەدا هاوپەیمانی بكات كە گرەنتیەكی یاسایی و دەستووری لە ئێستا و ئایندەدا دابین بكات بۆ ئایندەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان سیاسەتی ئێمە لەمەدا روون و ئاشكرا بووە و پیشتگیری لایەنێكمان لە دژی لایەنێكی دیكە نەكردووە. سیاسەتی ئێمە پشتیوانی دبلۆماسی و سیاسی و كردنەوەی دەروازەكان بووە و حەوانەوەی رێژەیەكی زۆر لە پەنابەرانی رۆژئاوا بووە كە ئێستا گەیشتوونەتە زیاتر لە سەدو حەفتا هەزار كەس.
سنوور دانەخراوە
سەبارەت بە دەنگۆی داخستنی سنوور كە لەهەندێ میدیاو لایەنەوە بڵاو دەكرێنەوە، هێمن هەورامی دەڵێت: حەزدەكەم بزانم جهەتی فەرمی كێیە ئەو قسانە دەكەن، بەداخەوە ئەو قسانە جۆرێكە لە شەڕی سیاسی كە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان دەیكەن، جۆرێكە لەو بێ ئومێدییەی كە تووشی بوون جۆرێكە لەو فۆبیایەی كە بەرانبەر بە پارتی هەیانە ئەگینا پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو حزبێكی سیاسی بەرپرس نییە لە كردنەوە و داخستنی سنوورەكان جارێك ئەسلەن سنوری فەرمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوادا نەبووە تاكو دابخرێـت.
هەروەها دەڵێت: ئێمە دەریچەیەكمان پێی دەوترێت دەرچەی فیشخابوور، من لە ئێستاوە بە ئێوەی رادەگەیەنم بۆ كاروباری مرۆیی و بۆ پێشوازی لە نەخۆش بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان نەداخراوە و نەداشدەخرێت. ئێستایش داوا لە ئێوە و لە هەموو كەناڵە تەلەفزیۆنیەكان دەكەم كە بچنە ئەوی و هەفتەیەك لەوێ بن و لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولا قسە بكەن، بەڵام بەداخەوە ئەوە پەیەدە بوو لە دیوەكەی خۆیەوە لە رۆژئاوای كوردستان داخست، چونكە بەپێی رێكەوتنی هەولێر دەستەی باڵا دەبوایە بەرپرس بوایە لە تەرەفی ئەو لا بۆ ئیدارەكردنی دەروازەی فیشخابوو دەبوایە چل كەس بە هاوبەشی هەردوو ئیدارەی ئەو سنورەیان بكردایە، بەڵام پەیەدە نەیهێشت هیچ كەسێك لە ئەنجوومەنی نیشتمانی بەشدار بێت و ئەو داهاتانەی دەستیان دەكەوت نەیانهێشت ئەسلەن دەستەی باڵا لێی ئاگادار بێت. ئەوان لە لای خۆیانەوە سنوریان داخست بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان نەتوانێت ئەو پەیامەی كە هەیەتی بۆ رۆژئاوای كوردستانی بگەیەنێت.
پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردن
هێمن هەورامی ئاماژە بەوە دەدات: ئێمە بەرەو هەڵبژاردنەكان دەچین خەڵكی دیكە دەستكەوتی نییە بە خەڵكی كوردستانی بفرۆشێت دەیانەوێت بە پەلاماردانی پارتی دەنگ بۆ خۆیان پەیدا كەن ئەمەیش واقیعێكە كە خەڵكی كوردستان شایەتیەتی. ئەگینا من ئێستەیش بە ئێوە دەڵێم فەرموون كەناڵەكانی راگەیاندن تیمێكی میدیایی دروست كەن و ئەو لایانانەی كە ئیدیعای ئەوە دەكەن بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن با میزانیە و بودجەی ئەم مانگەیان تەرخان بكەن بۆ كرینی هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان و بفەرموون لەگەڵ بچنەخاڵی سنوور و بپەرنەوە و بگەیەننە رۆژئاوای كوردستان تا بزانن سنوور كراوەتەو یان نەكراوەتە. بەڵام من دەمەوێت بەسەراحەت بیڵێم سنوور بەو شێوەیەی كە پەیەدە دەیەوێت كە هاتووچۆ بەبێ لێپرسینەوە بێت هەڕەشەی ئەمنی لەسەر خەڵكی كوردستان هەبێت ئەو گروپە تیرۆریستیانەی كە خەریكی ئەوەن كێشە بۆ رۆژئاوای كوردستان دروست دەكەن و ئەو گەنجانەی كە لە سلێمانیەوە نێردراون و جارێكی دیكە بگەڕێنرێنەوە بۆ خەڵكی كوردستان ئێمە ئەمنیەنی خەڵكی كوردستان بەواجبی خۆمان دەزانین وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەلە ئەولەوییەتی پارتی دیموكراتی كوردستانیشدایە.
ڕۆژئاواو پەیڕەوی لە ڕێبازی بارزانی سەبارەت بە لایەنگرانی پارتی و بارزانی لەڕۆژئاوای كوردستان، هەورامی دەڵێت: ئەوانەی لە ئۆپۆزسیۆنن یان ئەوانەی كە ئیدیعایە دەكەن ئەژنۆیان بەرانبەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان شكاوە پارتی و رێبازی بارزانی لە ناو رۆژئاوای كوردستان نفوزێكی زۆری پەنجا ساڵەی رابردووی هەیە هەر سەردانەكەی بارزانی لە ناوەراستی نەوەدەكان و پێشوازییە ملیۆنیەی كە لە جەنابی سەرۆك بازانی كراوە ئەمە خۆی گەورەترین دەلیلە كە رێژەیەكی زۆر لە رۆژئاوای كوردستان پەیرەوی رێبازی بارزانی دەكەن و وەكو مەرجەعێكی سیاسی بۆخۆیان سەیری دەكەن.
سەركردایەتی سیاسی ئاگادارە
دەربارەی بێئاگایی یاخود ئاگاداری بەردەومی سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان لە بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان، هێمن هەورامی ڕایگەیاندووە: سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان چۆن ئاگادارنییە، بەڵام ئێمە پێمان وایە كە ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەكی نەتەوەییە و پێمان وایە دەبێت راستیەكان بۆ خەڵكی كوردستان روون بكرێنەوە من دەمەوێت زانیارییەكی بچووك بە خەڵكی كوردستان بگەیەنم، بەشێك لە ماڵپەرەكانی نزیك لە پەیەدە بەتایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دیمەنێكیان پیشان داوە ئەم دیمەنە لە مانگی چوار لە گوندی تەلحەدا لە ئەنجامی قەسفی سوپای ئەسەدەوە بووە كە ژمارەیەك هاوڵاتی ئێمە شەهید بوون، بەڵام ئێستا ئەوان دێن باسی رێكەوتەكەی ناكەن و باس لەوە دەكەن كە ئەمە لەلایەن جەبهەتونسرەوە بووە، ئێمە نابێت بەهیچ شێوەیەك رێگە بە هێزەكانی جەبهەتونسرە بێت یان دەوڵەتی ئیسلامی عێراقی بێت یان شام بێت یان هێزەكانی قاعیدە بێت هەر هێزێك پەلاماری كوردستان بدەن دەبێت ئەم ناوچانە پارێزراوبن لە لایەن پەیەدەوە بێت یان ئەركی هەموولایەك و ئەركی ئێمەشە لە هەرێمی كوردستان بەرگرییان لێ بكەین لە بەرگریدا نابێت تاكرەوی بكات و دەبێت راستیەكان بە خەڵكی كوردستان بڵێت.
پرسێكی نەتەوەیی هەستیار
سەبارەت هەڵوێستی حزبەكانی كوردستان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لەمەڕ ئەو بارودۆخەی لەڕۆئاوای كوردستان هاتۆتە ئاراوە، هێمن هەورامی دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بەچاوی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و بەچاوی هەڵبژاردنەوە سەیری رۆژئاوای كوردستان نەكەن. ئەم پرسە پرسێكی كوردستانی نەتەوەیی گەورەیە و پێویستی بەوە هەیە هەموومان بە چاوی نەتەوەییەوە سەیری بكەین ئامانج لەوە ئەوە بێت كە دەبێت رۆژئاوای كوردستان ئەوە بێت گەشەسەندوو بێت و بە مافە نەتەوەییەكانی خۆی بگات و ئامادە بێت بۆ هەر فەراغێكی سیاسی ئەمنی كە لە ناو دیمەشق یان هەر شوێنێكی دیكە رووبدات ئەركی رۆژئاوای كوردستان روخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد یان نەروخاندنی نیە ئەركی رۆژئاوای كوردستان بەدیهێنانی مافەنەتەوەییەكانی كوردە لە رۆژئاوای كوردستان ئیتر لە چوار چێوەی فیدراڵیزم دایە یان ئۆتۆنۆمی یان هەر خەیاراتێكی دیكە هەیە كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بڕیاری لەسەر ئەدا ئەم ئەركە لەسەر ئێمەیە.




