ئەرێ میسر، سووریا یا كورد، كامەیان؟
موراد یەتكین
سەرچاوە: رادیكاڵ
ئەگەر یەكەمین مەسەلەی گرنگی توركیا وەكو سەرۆكۆماری توركیایش ئاماژەی پێكرد هێشتاكە پرسی كوردە یا خۆ سووریا و یا میسرە؟ رۆژ لە دوای رۆژ شكەستهێنانی سیاسەتی دەرەوەی توركیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بۆمان روون دەبێتەوە، و دەرئەنجامەكانی ئەم شكەستهێنانەیش رووبەرووی سەرۆكی رێكخراوی هاوكاری ئیسلامی ئەكمەلەدین ئیحسانئوغڵۆ دەبێـتەوە ناوبراو تا دوێنێ تاجی سەری هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی بوو بەڵام ئەمرۆ سیاسەتی دەرەكی توركیا رووبەرووی رەخنەی توندی هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی دەبێتەوە و ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە سیاسەتی دەرەكی توركیا گەیشتووەتە چە ئاستێكی مەترسیدار.
ئەوەی كە رێكخراوی هاوكاری ئیسلامی دەیكات نەتەنیا رەخنە كردنی توركیایە بەڵكو رەد كردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی توركیایە و ئێستە كە سەرۆكی ئەو رێكخراوە میسرە بە هۆی سیاسەتی دەرەكی توركیا لە بەرامبەر میسر و سووریا توركیای بۆ كۆبوونەوەی ئەو رێكخراوە بانگهێشت نەكرد. ئێمە دەتوانین رەخنەكانی رێكخراوی هاوكاری ئیسلامی لە ئەكمەلەدین ئیحسانئۆغڵۆ وەكو نیشانەیەكی بەرچاوی لاواز بوونی سیاسەتی دەرەكی توركیا شرۆڤە بكەن و ئەمەیش خاڵێكی زۆر مەترسیدارە. تا یەك دوو ساڵ لەمەوبەر توركیا بە هۆی پەیوەندییە باشەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا وهەروەها بە هۆی بەهێز بوونی دانووستاندنی توركیا لەگەڵ فاكتەرەكانی ناوچەكەدا هەركەس باسی باش بوونی توركیای دەكرد بەڵام توركیا ئەمرۆ لە سێ وڵاتی زۆر گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ( میسر، سووریا، ئیسرائیل) ناچار كراوە كە بالێوزی خۆی بكێشێتەوە.
توركیا كە تا چەند مانگێك لەمەوبەر هاووڵاتییە رەفێندراوەكانی وڵاتانی دیكەی لە میسر، سووریا و ئیسرائیلدا ئازاد دەكرد ئەمرۆ بۆ ئازاد كردنی فرۆكەوانەكانی خۆی كە لە لوبنان رەفێندران لە ئێرا داوای هاوكاری دەكات و بۆ ئازاد كردنی رۆژنامەنووسە گیراوەكانی توركیا لە میسر داوای هاوكاری لە كوودەتاگەرەكان دەكات.
بە هۆی گرنگی دانی توركیا بە بارودۆخی میسر و سووریاوە وردە وردە پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا و چارەسەر كردنی پرسی كورد وەلاوە دەنرێت و لایەنی كوردیش شەو و رۆژ سەرقاڵی گوشار خستنە سەر دەوڵەت و حكوومەتی توركیایە و داوا دەكات كە حكوومەت بە خێرایی بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هەنگاو بنێت بەڵام راستی ئەوەیە كە چارەسەر كردنی پرسی كورد لە لایەن حكوومەتی توركیایەوە كەوتووەتە سێرەی سێیەمەوە، چونكە حكوومەت بە ئەوەندەی ئەوەی كە گرنگی بە میسر و رووداوەكانی سووریا دەدات گرنگی بە چارەسەر كردنی پرسی كورد نادات. دوای ئەوەی كە لە ساڵی 2009دا سەرۆكۆماری توركیا عەبدوڵلا گول راگەیاند كە پرسی كورد یەكەمین پرسی توركیایە، تا ئەمرۆ توركیا چەندین جار گۆڕانكاری لە ستراتیژی و بەرنامەكانی خۆیدا كردووە و لە ژێر ئەو پردەوە تا ئێستە چەندین ئاوی جوراوجۆر تێپەڕیون. لە ساڵی 2009دا حكوومەتی توركیا بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی ئاشتییانە بۆ پرسی كورد هەم لەگەڵ پەكەكە و هەم لەگەڵ بەرپرسانی باكووری عێراقدا دەستی بە چاوپێكەوتن و گفتووگۆ كرد بەڵام دواتر رووداو و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە بوون بە هۆكاری گۆڕینی هاوسەنگییە سیاسییەكان و كەسیش نەیتوانی بارودۆخی ناوچەكە كونترۆڵ بكات. لە ساڵی 2010دا بە هۆی كێشەی كەشتی ماڤی مەڕمەڕەوە ناكۆكی كەوتە نێوان ئیسرائیل و توركیاوە و هەر لەو كاتە ساتانەدا مەسەلەی رێفراندۆم لە سەر دەستووری 12ی ئەیلوول لە توركیا كرا و دواتریش بەهار عەرەبی سەری هەڵدا و نەتەنیا لە توونس بەڵكو لە لیبیایش سیاسەتی سەرۆك وەزیر و سیاسەتی ئاكەپە رووبەرووی شكەست بوویەوە. سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان كە 10 رۆژ پێشتر خەڵاتی مافی مرۆڤی موعەمەر قەزافی لە دەستی خۆدی قەزافی وەرگرت بوو بە هاوپەیمانی پلانی ناتۆ لە دژی قەزافی و لە رێگای هێزە ئاسمانی و دەریاییەكانی خۆیەوە هاوكاری سوپای ناتۆی كرد و بەمجۆرە بەشداری لە شەڕی دژی قەزافی كرد. ئەم چەند ساڵە هەر بەمجۆرە تێپەڕ بوون، مەسەلەی میسر دەستی پێكرد و دواتریش سووریا كەوتە نێو مەیدانەوە و توركیایش هەر دایم سەرقاڵی گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەكی خۆی بوو. لەم ماوەیەدا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كوردیش هەنگاوی باشتر نران، قۆناخی ئوسلو كە نێوان رێفراندومی ساڵی 2010 و هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2011دا هەرەسی هێنا لە ساڵی 2012 بە فەرمانی خۆدی سەرۆك وەزیر بەرپرسی میتی توركیا سەردانی سەرۆكی پەكەكەی كرد و دووبارە دەستیان بە گفتووگۆ كردن بۆ چارەسەر كردن پرسی كورد كرد، بەڵام بە هۆی بەهێز بوونی پەیەدە لە باكووری سووریا و كونترۆڵ كردنی زۆربەی هەرە زۆری سنوورەكانی نێوان توركیا و سووریا لە لایەن پەیەدەیەوە ئەم قۆناخەیش دووبارە رووبەرووی مەترسی بوویەوە و توركیا بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ دەستی بە شەڕ لە دژی پەیەدە كرد و لە رێگای هاوكاری كردنی گرووپەكانی سەر بە ئەلقاعێدە و سوپای ئازادی سووریاوە بوو بە هۆكاری لاواز بوونی هەوڵدانەكانی هەر دوو لا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد. لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە ئایا هێشتا وەكو گوتەی سەرۆكۆماری توركیا مەسەلەی یەكەمی توركیا پرسی كوردە یا مەسەلەی میسر و سووریایە؟




