هاوكاری وپاڵشتی كوردانی رۆژئاوا ئەركێكی نەتەوەییە

رێبوار حەمەلاو شوانی
هێشتا زامەكانی هەڵەبجە و ئەنفال و كۆچرەویی میلیۆنی 1991 لە جەستە و بیروهۆشی خەڵكی كوردستان سارێژنەبوونە و نەسراوەتەوە، زامێكی تر لە دڵی نیشتمان سەرهەڵدەدات، هەمان ڕەگەز هەمان ئایدیاو هەمان باوەڕ لە ژێر ناوو پەردە و سناریۆیەكی تر مەرگەساتاویی هێرشی ناڕەویان كردە سەر گەلی كوردمان لە ڕۆژئاوای كوردستان، ئەو ڕەشەكوژی و كۆمەڵكوژیەی لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام دەدرێت، دۆزەخێكی سەرڕووی زەمینەو تاوانێكە هەرگیز لەهزرو هۆشی نەتەوەی كورد ون نابێت، كوشتن و بڕین و خۆڵقاندنی ترس و دڵەرٍاوكێ و ئاوارەكردنی هەزاران كوردی رۆژئاوا لە سەر خاك و وڵاتی باب وپاپیرانیان وەك هەمیشە پیلان و مەڕامی دوژمنانی كوردو كوردستانە.
لە سەر هەموو پارت ولایەنەكانی كوردستانی رۆژئاوا پێوستە بە خێرایی یەكبگرن و هەنگاویی پێوست بۆ رووبەرووبوونەوەی پیلانگێران بگەرنە بەر، ناحەزانی كورد لە سەر چ ناو و ئایدەلۆژێك بن لە سەر سەردەم وكاتێكدا ویستویانە گەلی كوردستان لە مافەكانیان بێ بەش و بێ بەرین بكەن و لە سەر خاك و وڵاتی خۆیان ئاوارە بكەن.
هەروەكو لای هەمووان روون و ئاشكرایە لە كاتی دەستپێكردنی شۆڕشی وراپەرینە كانی سوریاوە هەزاران كەس لە كوردانی رۆژئاوای كوردستان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لەو كاتەوە تا ئێستا خەڵكی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم ئەوەی لە توانییان دا بوو بێت كۆمەك و هاوكاریان پێشكەش بە برا و خوشكەكانیان كردووە و لە سەروی هەموویانەوە رٍۆڵ و هەوڵی دڵسۆزانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لە سەرەتای هاتنی ئاوارەكانی كوردی رۆژژئاوا بۆ ناو هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوازێك هەوڵەكانی خستۆگەر ِ تا ئەو برا كوردانە هەست بە بی نازی و كەمكورتی نەكەن .
هەروەها لە رووی سیاسییەوە و ئەركی نەتەوەیاتییەوەش بەردەوام لە هەوڵی لە یەكتر نزیككردنەوەی پارت و لایەنەەكانی كوردستانی رۆژئاوا بووە تا پێش هەر جیاوازی بیروبۆچوونی حزبیی لە ئێستادا بیر لە یەكبوون و یەكریزی نێو ماڵی خۆیان دا بكەنەوە .هەر وەكو سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە هاتنی ئەو ژمارە زۆرە كوردان لە رۆژئاوایی سوریا بابەتێكی هەستیارە و نابێت كوردستانی رۆژئاوا چۆڵ بكرێت، مانەوەی كورد لە رۆژئاوا پێوستە بۆ ئەوەی داوا و مافە نەتەوەییەكان نەكەونە ژێر مەترسییەوە،ئەمەش خۆی لە خۆیدا پەیامێكی روون و ئاشكرایە كە پێوستە لەو كاتە و ساتە دا هەموو لایەنەكانی كوردستانی رۆژئاوا یەكریزی خۆیان بپارێزن و تەنیا لەو رێگەیەوە دەتوانن پیلانی ناحەزانی كورد و كوردستان پوچەڵ بكەنەوە.
لە لایەكی دیكەوە ئەو دۆخەی كە بەر لە لەدایك بوونی بەهاری عەرەبی لە سوریا بەسەر ئەو وڵاتەدا هات، گواستنەوەی سوریا بوو لە رەوشێكی نەخوازراو بۆ رەوشێكی خراپتر لەو، ئەمەش دوای ئەوە دێت، كە رژێمی ئەسەد تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بەردەوامە لە سەركێشیەكانی ئەوەش لەسەر حسابی خوێنی هاونیشتیمانیانی، ئەو جۆرە لە مامەڵەكردنەی دەرهەق بە خەڵكی سڤیل و نەیارانی دروست كردووە .
لەگەڵ بوونی دەنگی ناڕەزایەتی و مانەوەی فەرمانڕەوایەكی دیكتاتۆری سوریا بە پشتگیری چەند وڵاتێكی دیكە، بەشار توانیویەتی لەسەر قاچەكانی بوەستێت .
لە دوای دەركەوتنی رق ئەستوری كوردستانیانی خۆرئاوای كوردستان بەرامبەر بە بەشارو دەست و پێوەندەكانی بە مەبەست بێت وەیان بێ مەبەست، هەر زوو بەشار ناوچە كوردییەكانی جێهێشتوو یەكە سەربازییەكانی خستە ناوچەكانی دیكەی عەرەبنشین، ئەوەش ئەگەر لەلایەك خۆنەگرتن بێت لە بەرامبەر هەژموونی رق ئەستووری كورد، لەلایەكی دیكەش هەوڵدان بوو بۆ چاندنی تۆی دووبەرەكی و ملمڵانێیە لە نێوان كوردو عەرەب، جگە لە دروستكردنی درزێك لە نێوان سوپای ئازادو پارتە كوردییەكان.
وەلێ بۆ هەموو جیهانی سەلماند، كە بەلێ ئەو ناوچەیە چ لە رووی جوگرافیاوە بێت وەیان لە رووی نەتەوەییەوە، ناوچەیەكی جیاوازە لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عەرەبنشین، داخوازییەكانی جێهێشتنی كورسی لەم ناوچانە بە ئاوازێكی ترو بە تۆنێكی دیكە بوون، كە وڵاتانی جیهان ئاسانتر هەستیان پێدەكرد.لێرە دا پێوستە هێزولایەنەكانی كوردی رۆژئاوا بە گەڕانەوە بە رێككەوتنامەی هەولێر و یەكخستن و پتەوكردنی ریزەكانیان بە سەر پیلانی دوژمنانی كورد زاڵ بن و سەركەون و لە رێگەیەشەوە داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتانی زڵ هێز بكرێت كە سنورێك بۆ پێشڵكردن و كوشتنی خەڵكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دابنرێت و لە رێگە میكانیزمی گونجاو كار بكرێت و گەیاندنی هاوكاری و كۆمەك بۆ كوردانی ئاوارەی رۆژهەڵات و لە هەمانكاتدا كاربكرێت بۆ پاراستی ناوچە كوردییەكان رۆژئاوا و رێگە نەدرێت خەڵكی بە هۆی هێرش و بۆردمان و دروستكردنی كەشێكی ترس و دڵەڕاوكێ ناچار بن زێدی باب وباپیرانیان چۆڵ بكەن وجێبهێلن .




