كۆنگرەی نەتەوەیی كورد: دوور لە سۆز و حزبایەتی

كەریم قادر
لەم وڵاتەدا هەموو كارێك، چەند بۆ نەتەوە پێویست، گرنگ و ئەركی قۆناغە سیاسیەكە بێت، بەڵام لە لایەن هەندێ كەس بە شێوەیەك لێی دەڕواندرێ و كاری لەگەڵدا دەكرێ تا دەگاتە ئاستی بەتاڵكردنەوە لە ناوەڕۆكدا. ئەم بە سووك سەیركردنە، سەرەڕای گۆڕانكارییەكان دەردێكە لە مێژە مێشكی بەشێك لە سیاسەتكار و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسانی كوردی داگیركردووە، كە بە نۆرەی خۆی هەورازێكی ركی بۆ ئەنجامدانی كاری نەتەوەیی بە پێكەوەیی و یەكدەستەیی دروستكردووە.
بە لای خەمخۆرانی هاتنەدی مافەكانی كورد بڕیاری بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، تا بڵێی پێویستیەكی گرنگی نەتەوەییە، بۆیە بڕوا ناكەم كوردێك بدۆزیتەوە بەستنی ئەم كۆنگرەیەی پێ ناخۆش بێت، ئەڵلاهوما ئەگەر خۆی بە هەرزان دۆڕاند بێت یا رقی حزبایەتیەكەی بەرامبەر هێزی دیكەی كورد هێندە ئەستوور بێت، نەیەوێ وەك خۆیان رۆڵ و خەباتی ئەوان ببینێ، ئەگەر نا لەم بارودۆخەی هەم كورد پێیدا رەت دەبێ، هەم لەو گۆڕانكاریانەی رووی لە ناوچەكە كردووە، كە حكوومەتەكانی ناوچەكە و جیهانی ناچار كردووە بە تێڕوانینێكی جودا لە سەدەی رابردوو مامەڵە لەگەڵ دۆزی كورد بكەن، بۆ تەواوی كورد گرنگە.
بەڵام، بەداخەوە لەگەڵ ئەو راستیانە، لێرە و لەوێ هەندێ كەس بەناوی خستنەڕووی پێشنیاز لە گرنگی ئەو كۆنگرەیە كەم دەكەنەوە، تەنانەت ئی وا هەیە دەنووسێ "نە بەستنی باشترە لە بەستنی" هەندێكی دیكەش "بە پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنی ناو دەبەن" ئەوانەی بەو شێوەیە بیردەكەنەوە و قسە لەسەر كۆنگرەی نەتەوەیی دەكەن، هەر كێیەك بن و لە چ ئاستێك دا بن، نە ئاگایان لە گۆڕانكاریەكانە، كە كورد بە هەڵنانی چەند هەنگاوێكی ستراتیژی لە ناوچەكە دروستیكردووە، نە لە خەمی كوردیش دانە، كە تاكە گەورە نەتەوەی جیهانە لە مافە نەتەوەییەكانی بێ بەشكراوە.
ئەوەی بەڕێوەیە، كۆنگرەی نەتەوەیی كوردە و كۆنگرەی حزبە سیاسیەكان نییە، بەڵكو ئەوان وەك نوێنەر و زمانحاڵی نەتەوە بەشداری تێدا دەكەن، بۆیە پێویست بەوە ناكات بە پاساوی رێزگرتن لەو نەتەوانەی لە پاڵ كورد لە كوردستان دەژین ناوی دیكەی بۆ داتاشرێ، بڕواش ناكەم نەتەوەكانی دیكە ئەوەیان پێ ناخۆش بێت، كە ناوی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بێت، چونكە هیچ كات سەركردایەتی سیاسی كورد ئەوانی لە دەسكەوتەكان بێ بەش نەكردووە، بگرە لە كاتی پێویست شەڕی مافە نەتەوەییەكانیشی بۆ كردوون. واتە چەندی كورد بە مافەكانی شاد بێت ئەو نەتەوانەی لە كوردستانیش دەژین، تێیدا بەهرەمەند دەبن.
وەك راگەیەندراوە، ئامانجێكی دیكەی ئەو كۆنگرەیە ناردنی پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانە لەگەڵ هەموو لایەك، كەواتە زەروورە حكوومەتەكان و كەسایەتییە پێشكەوتووخوازەكانی وڵاتانی دراوسێ و دۆستەكانمان لە جیهاندا بانگهێشت بكرێن تا راستەوخۆ گوێیان لە پەیامی ئاشتیخوازانەی كورد بێت.
ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، بە پێچەوانەی قسەی ناحەزانی كۆنگرە دڵخۆشی كردم، ئەو پێشنیازە بوو، كە لە لایەن یەكێك لەو لیژنانەی بۆ ئامادەكاری ئەو كۆنگرە نەتەوەییە پێكهێنراوە، داواكردنی پێكهێنانی پەرلەمانێكی نەتەوەیی بوو بۆ بەدواداچوونی بڕیارەكانی كۆنگرە و چارەسەركردنی هەر كێشەیەكی نێوان پارچەكان، كە دێتە پێشەوە. بەڵام ئەوانەی لە روانگەیەكی حزبیانەی تەسك و بەرژەوەندی شەخسی و رقی ئەستووریانەوە لەو رووداوە گرنگەی مێژووی كورد دەڕوانن، پێشنیازی سەمەرە دەكەن، كە لەگەڵ كاری دادێی نەتەوەیی كۆنگرە و رووداوەكاندا نایەتەوە.
هەموو لایەك كۆكن لەسەر ئەوەی سەرۆكایەتی كردنی كۆنگرە بە خول بێت، بڕوا ناكەم كەسیش هەبێت حەز بكات یا بیەوێ بۆ هەتا هەتایی سەرۆك بێت، بەڵام دەبێ ئەو كۆنگرەیە لە دەست كەسێك بێت، كە بوونی جەستەیی و كردەیی لە مەیدانەكەدا هەبێت. ئەمەش بە هیچ شێوەیەك نا دیدە گرتنی رۆڵ و خەباتی هیچ لە سەركردەكانی دیكەی بزاڤی رزگاریخوازی كورد نییە، كە بە هۆكاری جوداوە حزوری جەستەیی و كردەییان لە مەیدانەكە نییە، چونكە قۆناغ و ئەركەكانی داهاتوو و ئامانجەكانی كۆنگرە ئەمەی پێویستە.




