دیموكراسی و خەلافەت
تەها ئاقیووڵ
دوو هۆكاری سەرەكەی ئیدانە كردنی رووداوەكانی میسر لە توركیا هەیە، یەك هاوكار و پشتگیری كردن لە مسڵمانان و دوو دژایەتی كردنی كوودەتای سەربازی. من پێم وایە پێویستە هۆكاری سێیەمیش بۆ ئیدانە كردن و دژایەتی كردنی رووداوەكانی میسر لە لایەن توركیاوە بخرێتە سەر ئەو دوو هۆكارە سەرەكییە و ئەویش هۆشیاری توركیا لەب بەرامبەر دیموكراسی. تەنیا ئیدانە كردنی كوودەتای سەربازی و پشتگیری كردنی ئەخەوانەكان بەس نییە، بۆیە بۆ بەهێزتر كردنی دیموكراسی پێویستە توركیا هەوڵ بدات. ئایا ئێوە دەزانن كە گرووپێكی لاواز و مارژیناڵ لە مزگەوتی فاتێحدا بەبێ ئەوەی كە ئاڵای توركیا بەرز بكەنەوە دەستیان بە خۆپێشاندان و وتنەوەی سلۆغانی نەفرەت بێت دیموكراسی و هەر بژی خەلافەت كردووە. بێگۆمان ئەوانە شوێنكەوتوانی حزبوتەحریرن ( پارتی رزگاری) كە لە ساڵەكانی 1950دا لە لوبنان دامەزراوە. كاتێك كە لە توركیا بە بەرز كردنەوەی ئاڵای میسر و توركیا بۆ پشتگیری كردن لە ئەخەوانەكانی میسر خۆپیشاندان دەكرا ئەو گرووپە مارژیناڵەیش لە نێو مزگەوتدا سلۆغانی دژی دیموكراسیەتی دەگوتەوە و پشتگیری لە خەلافەتی دەكرد.
پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە خەلافەت دامەزراوەیەكی سیاسی و مێژوویی بووە نە دامەزراوەیەكی دەسەڵات. خەلیفە كەسایەتییەكی سیاسی بوو و خەلیفەكانی ئەمەوی، عەباسی و عوسمانییەكان یەك فتوایان نەبووە و تا ئێستە سەبارەت بە حەرام بوون و حەلال بوونی شتێك لە رووی ئاینییەوە تەنانەت یەك وشەیشیان نەگوتووە و ئەوانیش لەمبارەیەوە پرسیاریان لە زانا ئاینییەكان كردووە. ئەگەر سەیری بارودۆخی ئەمرۆی كاتۆلیكەكان و پاپا بكەین ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە وتەی"دوای نەمانی خەلیفە و خەلافەت مسڵمانەكان بەسەرپەرەشت كەوتوونە و پارچە كراون" وتەیەكی زۆر بێ مانا و بێ واتەیە. هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت و رەد كردنەوەی دەسەڵاتەكانی خەلیفە نە لە رووی ئاینییەوە بەڵكو لە رووی سیاسییەوە قابیلی گفتووگۆن، بەڵام لە رۆژی ئەمرۆماندا گفتووگۆ كردن لە سەر بابەتێكی بەمجۆرە هیچ جۆرە بایەخێكی سیاسی نییە. لە نێو بەرنامەی ئەخەوانەكان و بەرەی نەهزە كە بە جۆرەیەك نوێنەرایەتی ئیسلامی لیبراڵ دەكەن خەلیفە و خەلافەت هیچ جێگایەكی نییە، بەڵكو لە جیاتی خەلیفە و خەلافەت نەتەوە دەوڵەت و دیموكراسی هەیە. بێگۆمان بە هۆی تازە دەستپێكردنی دیموكراسی لە لایەن ئەم جۆرە بزافانەوە كێشە و كەمووكۆرتییەكانی دیموكراسی خۆیان نیشان دەدەن و ئەمەیش شتێكی ئاساییە چونكە توركیایش لە هەمان قۆناخدا تێپەڕیوە و هێشتاكە دیموكراسیەتی توركیایش كێشە و كەماسی هەیە.
ئەگەر بمانەوێ لە چوارچێوەی ئیسلامییەتدا ئاشتی و ئاشتەوایی باڵ بە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكێشێت ئەوا پێویستە زۆر ئاگاداری دیموكراسیەت بین. چونكە كوودەتاگەرەكان بە هیچ شێوەیەك نایانەوێ لە ناوچەكەدا دیموكراسییەت هەبێت. لەمبارەیەوە نووسەری رۆژنامەی هەرالد تربیبون ئاماژەی بە خاڵێكی زۆر گرنگ كردووە و نووسیویەتی: ئامانجی كوودەتاگەرەكان لە بەكار هێنانی ئەو هەموو توندوتیژییە لە دژی مسڵمانان و ئەخەوانەكان ئەوەیە كە ئەخەوانەكان ناچار بكات تا ئەوانیش دەست بە بەكار هێنانی هێز و توندوتێژی بكەن.
ئەگەر بێتۆ ئەخەوانەكانیش دەست بە بەكار هێنانی توندوتیژی بكەن ئەوا كوودەتاگەرەكان بێدەنگ نامێنن و ئەخەوانەكان بە توندڕەو و تیرۆریست تاوانبار دەكەن و بۆ پاكتاو كردنی میسر لە ئەخەوانەكان دەست بە ئوپەراسیونی سەرانسەری دەكەن و لە لایەكی دیكەیشەوە ئەخەوانەكان مەشرووعیەتی سەندۆقەكانیش لە دەست دەدەن، چونكە ئەو هێزی كە ئەمرۆ ئەخەوانەكان پشتی پێ دەبەستن هێزی سەندۆقە.
سەرۆكی میسر محەمەد مۆرسی كە ئەندازیاری لە وڵاتانی رۆژئاواییدا تەواو كردووە كاتێك كە لە لایەنگرانی خۆی داوای خۆپێشاندان و راپەرینی لە دژی كوودەتاگەرەكان كرد زۆر بە ئاشكرایی داوای لێكردن كە بە هیچ شێوەیەك خۆیان نزیكی توندوتێژی نەكەنەوە.
پشتگیری كردنی دیموكراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەركی هەر كەس و لایەنێكە چونكە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمرۆ بووەتە بستانێكی زۆر باش بۆ توندوتیژی و سەر هەڵدانەوەی ناكۆكییە ئەتنیكی و ئاینییەكان و ئەو لایەنانەیش كە پێكەوە لە شەڕ و ناكۆكیدان بە هۆی پێگەی جەماوەری خۆیانەوە ناتوانن یەكتر لە ناوبەرن، بۆیە لە دوای شەڕی خوێناوی ناچار دەبن دووبارە دابنیشن و بە دیالۆگ كێشەكانیان چارەسەر بكەن و هەبوونی یەكتریش قەبووڵ بكەن. بۆیە بەر لە روودانی ئەم شەڕە خوێناوییانە پێویستە هەر كەس و هەر لایەنێك لە رۆژهڵاتی ناوەراستدا پشتگیری لە دیموكراسییەت بكات.
سەرچاوە: حوریەت




